Apora Logo

ئافەرین پارتی و یەکێتی، ئافەرین میللەت!!

ئافەرین پارتی و یەکێتی، ئافەرین میللەت!!
شاھۆ پاڵانیشاھۆ پاڵانی

شاهۆ پاڵانی

14/6/2026


 

سەیرە بارودۆخی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستاندا دوای سی و پێنج ساڵ گەیشتبێتە ئاستێک، کە لە زۆربەی کایەکانیدا پاشەکشەی کردبێ و ژیان و گوزەرانی هاونیشتیمانیانیشی بەرەو هەورازی سەختتر بردبێ، لە کاتێکدا لە ٢٠٠٥ وە بوددجەیێکی شایستەی لە حکومەتی ناوەندی عێراقەوە پێگەیشتبێ، لانیکەم تا ٢٠١٤ و ڕاگەیاندنی ئابووری سەربەخۆ و فرۆشتنی نەوت، ئەمە جگە لە داهاتی ناوەخۆ و دەروازە سنووریەکان.

جێگای تێڕامانە حکومەتێکی بچووکی وەک هەرێمی کوردستان، کە لەسەرزەمینێکی دەوڵەمەند و پڕ لە داهات و فرە ڕەهەندی سامانی سروشتیە، ئەمە حاڵی بێ. هەڵبەتە ئەگەر سیستەمێکی حکومڕانی نیشتیمانی و پلانتۆکمەی ستراتیژی بۆ دەوڵەتسازی هەبووایە، دەبوو ئێستا ئەو هەرێمەی ئێمە پێویستی بە کەمترین هاوردەی کاڵا هەبوایە لەدەرەوەو بە پێچەوانەش زۆرترین بەرهەمی ناوەخۆی هەناردەی دەرەوەی وڵات بکردبوایە. لە هەمووشی گرنگتر پێویستی بەوە نەدەبوو مانگانە شاند بنێرێتە بەغدا بۆ دەرۆزەی موچەی مانگانەی فەرمانبەران.

هەردوو حزبی دەستڕۆیشتووی هەرێم ئەگەر بیرو خەمیان لای حکومڕانی ڕەشید، دادپەروەر و نیشتیمانسازی بووایە، دەبوایە لەماوەی سی و پێنج ساڵی ڕابردوودا دەستووریان بنوسیبایەو کاریان پێبکردایە، داهاتەکانی ناوەخۆ، سامانە سروشتیەکان، دەروازە سنووریەکان و تێکڕای ئەوانی تریشیان یەکخستبایەوەو هەمووی بچووبایەوە ناو یەک کاسەی حکومەت. ئەمە جگە لەوەی هیچکات بوددجە ناچێتە پەرلەمان و پەرلەمان هیچ ڕۆڵ و کاریگەریەکی بەسەر حکومەتدا نیە و لە ڕابردووشدا نەیبووە.

ئەگەر ئیرادەی حکومڕانی و بونیادنانی نیشتیمان هەبوایە، دەبوو لانیکەم لە بیست و یەک ساڵی ڕابردوودا دەزگا ئەمنیەکانیان ڕێکخستبایەوەو بیانخستبایە ژێر هەژموونی وەزارەتی ناوەخۆی حکومەت، بە هەمانشێوە هەردوو دەزگا هەواڵگریە حزبیەکانیان  یەکسخسبایەوەو وەک دەزگایەکی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانی لەژێر ڕکێفی حکومەتدا کاری کردبا، کە تا هەنووکەش جگە لە چاودێری و دژایەتی یەکتر لە ناوەخۆی هەرێمدا، هیچ پرۆژەیەکی ئاسایشی نیشتیمانییان لێ بەدینەکراوە لە سەر گۆڕەپانی وڵاتانی ناوچەکە، بۆ بەئاگا بوون لە هەر پیلان و مەترسیەک بۆ سەر دۆزی کورد لە ناوچەکە بەگشتی و هەریمی کوردستان بەتایبەتی.

زەرورەتێکی چارەنوسسازی دیکەش ئەوەبوو، کە هێزی پێشمەرگەی ژێر هەژموونی حزب لە چوارچێوەی سوپایەکی نیشتیمانی تۆکمە ڕێکبخرێتەوە و لە ژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم لە خزمەتی پاراستنی نیشتیماندا بووبان، کە دووریش نیە سەرئەنجامی بەهەند هەڵنەگرتن و درەنگکەوتنی ئەم پرۆسە چارەنوسسازە، هێزەکانی پێشمەرگە بخرێنە ناو بازنەی ئاڵنگاریەکی نوێ و لە لایەن هەندێ هێزی شۆڤێنی و نەیاری کورد لە حکومەتی عێراقیدا بۆ هەڵوەشاندنەوەیان و تێکەڵکردنیان بە سوپای عێرق، یاخود بەستنەوەیان بە وەزارەتی بەرگری عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، وەکو ئاشکراشە هەندێک لایەنی عێراقی خەریکی وروژاندنی ئەم بابەتەن، بەتایبەت لەو سەروبەندەدا کە حکومەتی عێراق سەرگەرمی تێکەڵکردنەوەی گروپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبین بە سوپاو دەزگا ئەمنیەکان لە ژێر فشاری تووندی ئەمریکا.

لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپیش پێویستە بەهەند هەڵبگیرێن، کە هاوتەریب لەگەڵ بەڕێوەچوونی جەنگ و دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران، چەندین جار لێرەو لەوێ ئەوە دەڵێتەوە کە گوایە چەکی داوە بەکورد و کوردیش نەیگەیاندۆتە شوێنی مەبەست و بۆ خۆی گلداوەتەوە!! وە دەڵێ کە ئەو زۆر لە کورد نیگەران و نائومێدە و ئەوە هەرگیز لەبیر ناکات، ئەو قسانەی ترمپ ڕێک ئەو پەندە کوردیەم بیردەخاتەوە کە دەڵێ ( با بۆت لەناو دوو نانی گەرم بێ) ئەوەش بە مانای هەڕەشە دێت. من نازانم ترەمپ چەکی بەکێ داوە یاخود نەیداوە، بەڵام ئەوەی من مەبەستمە بیگەیەنم ئەوەیە، کە ئەوە دەکرێ وەک بیانوویەک بێ لە دژی کورد، چونکە ڕەنگە خواستی ئەمریکای دوای کۆتایی جەنگی ئێران و ئەو بەرژەوەندیانەی بە هەندێ وڵاتی ئیقلیمی دەبەستێتەوە، وا بخوازێ ئیتر عێراقیش هاوشێوەی سوریا ببێتەوە دەوڵەتی مەرکەزی و فیدراڵیەت هەڵوەشێننەوەو لە سندوقی بەرژەوەندیەکانی خۆیان هەڵیگرنەوە. لە ڕابردووشدا (تۆم باراک) ی نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و دۆستی گیانی بەگیانی ( ئەردۆگان ) یش ئەوەی نەشاردبۆوە، کە فیدرالیزم بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سیستەمێکی نەگونجاوە.   

لە لایەکی ترەوە خەریکە بۆ دوو ساڵ دەچێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دراوە، کەچی هەواڵێک لە پێکهێنانی کابینەی حکومەت لەئارادانیە، ئەمە ئەگەر بێباکی و ملهوڕی نەبێ لە چارەنووسی ئەم هەرێمە خێرلەخۆ نەدیوە، چ واتایەکی تر دەگەیەنێ؟!! بەڵام ئەوەی سەرسوڕهێنەرە ئەوەیە، هەردوولایان سەرکەوتوو بوون لە دابەشکردنی کۆمەڵگە، هێشتنەوەیان لە بازنەی ناهۆشیاری نیشتیمانی و بەکارهێنانیان بۆ ئەجێندای پاوانخوازی و مانەوەی خۆیان، ململانێی پارتی و یەکێتی لەسەر بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی و دەسەڵاتی بنەماڵەیی، جگە لەوەی کەشێکی دەروونی خراپی لەناو هاونیشتیمانیاندا ڕەخساندووە، لەهەمانکاتدا سنووری دیفاکتۆی دوو ئیدارەیی نێوان هەردوو زۆنەکەیان تۆختر کردۆتەوەو توانیویانە کۆمەڵگەش بێ ئاگایانەو بە چەواشەکراوی بخزێننە ململانێیەک کە خزمەت تەنها بە ئەجێندای بەرژەوەندیەکانی ئەوان و مانەوەیان لە دەساڵات دەکات.

ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیان وا بارهێناوە کە پارتیەکان و هەوادارانی پارتی لە زۆنی زەرد، پارتیەکان و هەوادارانی پارتی و بێلایەنەکانی زۆنی سەوز، سەرسەختانە بەرگری لە سیاسەتەکانی پارتی دەکەن و وەک چەقۆ تیژن بەرامبەر بە یەکێتی و سیاسەتەکانی، بەهەمان شێوەش یەکێتیەکان و هەوادارانی یەکێتی لە زۆنی سەوز، یەکێتیەکان و هەوادارانی یەکێتی و بێ لایەنەکانی زۆنی زەرد، تا سەر ئێسقان دژی سیاسەتەکانی پارتین و بەوپەڕی قەناعەتەوە ستایشی سیاسەتە توندەکانی یەکێتی و سەرۆکەکەی دەکەن بەرامبەر بەپارتی.

بێئاگا لەوەی ئاوی هەردوو بەرەکە دەچێتەوە ئاشی دوو حزبە دەسەڵاتدارەکە و پێگەو دەسەڵاتی ئەوان قایمتر و پانتایی بەرژەوەندیەکانیان فراوانتر دەکات، خۆشیان هەمیشە لە بازنەی نەهامەتیەکان دەمێننەوەو تۆزقاڵێک ژیانی ئەوان بەرەو باشتر نابات و دۆزی نەتەوەیی و نیشتیمانیش هەنگاوێک لە ئامانجە ڕاستەقینەکان نزیکتر ناکاتەوە. بێئاگا لەوەی ناکۆکیەکانی ئەوان لەسەر شێواز و سیستەمێکی باشتری حکومڕانی نیەو، بۆ خۆشگوزەرانی هاونیشتیمانیان و باشتر کردنی کایەکانی ژیانی ئەوان نیە. بەڵکو ململانێ و ئاڵنگاریەکانی ئەوان بۆتە ترادیتسیۆن و لە باب و پاپیرانەوە بۆیان ماوەتەوە، ئەمەش تەنها و تەنها لە پێناوی پاوانخوازی و دەسەڵات و پلەو پۆست و دابەشکردنی سەروەت و سامانی ئەم نیشتیمانەیە.   


 

 



;