سی و پێنج ساڵ زیاترە لەباشور حزبە کوردیەكان ئیدارەی هەرێمی کوردستانمان بەدەستەوەیە، لەوماوەیەدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بە هاوبەشی ئیدارەی هەریمی کوردستانیان بەدەستەوە بووە، دابران و ناكۆكییەكانیشی لەگەڵ بێت، ئیدارە دوو بوبێت یان یەك، هەر ئەوان باڵادەست بوون بۆیە چاک وخراپ، دەستكەوت و لەدەستدانی فرسەتەكان كەموكورتی و بەرەوپێشوەچوون، ئەوان بەرپرسیارێتی گەورەو سەرەكیان هەبووە.
ئەمرۆ جارێكی تركە باس لەدابران و دووئیدارەیی و مەترسی سەرهەرێم دەكرێت، ڕونیشە هەرئەوان بەرپرسیاری سەرەكین لە دۆخەكەو لەئەگەری هەر جۆرە لێکترازانێک گەر رووبدات.
رەنگە زیادەرۆیی نەبێت گەر هەركەس لەدەربریندا بڵێت گەورەترین مەترسی لەسەر دۆزی هەرێم، حزبەكوردیەكان خۆیانن و لەناو ئەوانیشدا پشكی شێر دەكەوێتە لای پارتی و یەكێتی، چونكە ناتەبایی ناوخۆو دوركەوتنە لە بەرژەوەندی نەتەوەیی و زیادەرۆیی لە رووكردنە بەرژەوەندی حزبی و كەسی، ئەو پیشمەرجانەن كە دەبنە مەترسی گەورە نەك تەنها لەسەر هەرێمی كوردستان، بەلكو دەبنە مەترسی لەسەر ئایندەی سیاسی نەتەوەیی و كومەڵگەو نەوەكانی ئایندەشمان توشی نائومیدی و لابوموبالاتی دەرهەق بەنیشتمان دەكات.
بۆ كورد مەترسییە گەورەكە ئەوەنییە كە وڵاتانی هەرێمایەتی كێشەو گرفیان لەگەڵ خواستەكانی گەل هەبێت، مەترسییە گەورەكە ئەوەنییە كە خەریكە كورد بێ پشتیوان لە بەردەم نەیارەكانی بەجیدەهێڵرێت، مەترسییە گەورەكە ئەوەیە كورد خۆی كلكی تەورەكە بێت بۆ برینەوەی خۆیی و نەتوانێت خوێندنەوەی بۆ ئەوە هەبێت، زیانی هەر منداڵیكی كورد، تێكچونی هەر شارێكی كوردستان، یەكسانە بەئازاری هەموو كورد و ئامادە نەبێت، دەستی برایەتی و تەبایی بۆیەك درێژبكەن..
ئەمرۆ كورد لەبەردەم ئیمتحانێكی گەورەدایە، حزبەكان، سەركردەكان، دەستەبژێری رۆشنبیرو رێكخراوەكان، هەموومان بەرپرسیارین لەپاراستنی هەرێمەکەمان، بەڵام دەستپیكی هەردەستپێشخەرییەك، هەرجوڵەیەك بۆ تەبایی ئەركی سەرشانی پارتی و یەكێتییە و سبەی كەس لەتاقیكردنەوەی میژوو رەحمی پێناكرێت، بۆیە گەلۆ، تا كارەساتێكی وەك رۆژئاوا رووی لەباشوری هەرێمەكە مان نەكردوە دەستوبرد بكەین نەبادا راسبی ئەم تاقیكردنەوە گەورەیەبین بۆهەتاهەتایە..

