زیاد لە جارێکە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، تۆمەتی دزینی چەک دەخاتە پاڵ کوردەکان، قسەکانی بۆ هەر مەبەستێک بن و هەر ئامانجێکی سیاسییان لە پشتەوە بێت، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە ئەم جۆرە لێدوانانە بێڕێزین بەو قوربانییە گەورانەی کورد لە شەڕی دژ بە تیرۆردا پێشکەشی کردووە.
جەنابی سەرۆک؛ پێویستە لەبیرت نەچێت کە کورد بە درێژایی مێژووی دوور و نزیکی خۆی، ئەزموونێکی تاڵ و پڕ لە برینی لەگەڵ متمانە کردن بە ئێوە چەشتووە. ئێوە دۆستە کوردەکانتان دەیان جار وەک کارتی فشار بەکارهێناوە و لە نیوەی ڕێگەدا بە تەنیا جێتان هێشتوون.
سەیرە جەنابی سەرۆک؛ تۆ کە لە دووریی هەزاران کیلۆمەترەوە فڕۆکەوانێکی ونبوو دەدۆزیتەوە و لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکانتدا دەیکەیتە گەورەترین دەستکەوتی مێژووی نوێی وڵاتەکەت، چۆنە ئێستا نازانیت چەکەکانت لەکوێن؟ ئایا ئەمە نیشانەی پرسیار ناخاتە سەر سیستەمە وردەکەت، یان ئەمە تەنها بیانوویەکە بۆ یارییەکی سیاسی نوێ؟
کورد تا ڕادەیەکی زۆر لەوە تێگەیشتووە کە تۆ دەتەوێت گەلی ئێمە پەلکێشی ناو شەڕێک بکەیت کە سەرەنجامەکەی تەنها بۆ بەرژەوەندی ئێوە ڕوونە. ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان (سووریا) باشترین بەڵگەیە بۆ ئەو بێ متمانەییەی لای ئێمە دروست بووە؛ چونکە لای تۆ سیاسەت تەنها لە یەک هاوکێشەدا کورت بووەتەوە: "چەند دەدەیت، تا بتپارێزم!"
جەنابی سەرۆک؛ پێویستە ئەوە بزانیت کە بە پارە دەتوانیت هەموو جۆرە چەکێک دروست بکەیت. بە پارە دەتوانیت پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیا بەدەستبهێنیت و گەورەترین و ئامادەترین سوپا پێکبهێنیت و هەرچییەکت بووێت ئەنجامی بدەیت، بەڵام هەرگیز ناتوانیت "دۆز" و "باوەڕ" بۆ مرۆڤەکان دروست بکەیت.

