شەڕی ڕاگەیاندنی نێوان پارتی و یەکێتی لەم ساڵانەی دواییدا هێندە قێزەون بووە لە قۆناغی ڕەخنەی سیاسی دەرچووە و گەیشتووەتە ئاستێک کە دەتوانین ناوی بنێین خۆکوژیی سیاسی یان سووتاندنی کارتە نیشتمانییەکانیشی لەگەڵدا.
لێرەدا چەند سەرنجێکی وورد لەسەر ئەم ئاست نزمبوونەوەیە و لێکەوتەکانی دەخەینە ڕوو:
١- گواستنەوەی کێشەکان بۆ دەرەوە (بەغدا و وڵاتانی تر):
ئەوەی جێگەی داخە، ئێستا هەردوو لایەن بۆ لێدان لە یەکتر پەنا دەبەنە بەر ناوەندە دەرەکییەکان، ئەوەش بەڕوونی وەدیدەکرێت کاتێک بەرپرسێکی باڵا دەچێتە بەغدا یان پایتەختێکی ئەوروپی و لەوێ لە جیاتی بەرگریکردن لە قەوارەی هەرێم، خەریکی باس کردنی گەندەڵی و کەم و کوڕی لایەنەکەی ترە کە زۆر جارە لەمیانەیاندا بەشێک لە حەقیقەتی یەکتریش دەخەنە ڕوو، ئەمەش وای کردووە پێگەی هەرێم بەرامبەر بەغدا یان وڵاتانی هەرێمی لاواز دەربکەوێت و ئەو دوولایەنەش بێ بەهاتر لەچاو پێشتریان سەیر بکرێن تەنانەت یاریشیان پێ بکرێت، هاوکاتیش لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە بەجۆرێک متمانەیان لەدەستداوە کە چیتر وەک هاوبەشێکی جێگیر سەیری هەرێم نکرێت.
٢- ئاستی نزم و (تەشهیر) لە میدیای سێبەردا:
شەڕەکە تەنها لە میدیا فەرمییەکاندا نییە، بەڵکو گواستراوەتەوە بۆ سوپایەکی ئەلیکترۆنی و میدیای سێبەریش کە تایبەتمەندیە کەسیەکانیش لەبەرچاو ناگیرێن تەنانەت پەلاماری ژیانی تایبەتی و خێزانی یەکتریش دەدەن، دەمێکیشە زمانی زبر بۆتە هەوێنی پرسەکانیان کە ئەوەش هەر بۆخۆی بەرهەمهێنانی کلتوورێکی سیاسی زۆر خراپە و ئاسەواری بۆ نەوەی نوێ و داهاتوومان جێدەهێڵێت.
٣- دژبەری پیرۆزبایی و ڕق:
ئێوە سەیر بکەن ئەم دوو لایەنە کاتێک "عەلی زێدی" یان هەر کەسێکی تر لە بەغداوە پۆست وەربگرێت یا وەریگرتبێت تەنها ئەوەنەبێت کە کورد بێت، بەوپەڕی دیپلۆماسییەت و زمانێکی نەرمەوە پیرۆزبایی لێ دەکەن و باوەشی گەرم و یەکتر گوشین و ماچەکان شاهێدی دەدەن، کەچی بۆ یەکتر زمانی ئاگر و ئاسن و تەخوین بەرامبەر یەك بەکار دەهێنن ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئیرادەی ڕێککەوتنی ناوخۆیی نییە، واتا بۆ بێگانە نەرمن، بەڵام بۆ هاوخوێن و هاوبەشی ناوخۆیی توند و دەمارگیر دەوەستنەوە، بەجۆرێک بەرژەوەندی حیزبی لە سەرووی بەرژەوەندی نیشتمانییەکان دەبینرێن، چونکە لای ئەوان گرنگ نییە حکومەتی هەرێم پەکی کەوتووە یا نا ، بەڵکو گرنگ ئەوەیە کێ پشکی شێری لەولا بەردەکەوێت!
٤- لێکەوتە مەترسیدارەکان:
ئەم شەڕە ڕاگەیاندنە تەنها قسە نییە، بەڵکو کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ساردبوونەوەی خەڵک لە هەڵبژاردن و تەواوی پڕۆسەی دیموکراسی کاتێک خەڵک دەبینێت دوای ساڵێک لە هەڵبژاردن هێشتا شەڕە جنێو قایمترە لە خەمی پێکهێنانی حکومەت و گرێدانی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان کە دەیان و سەدان کێشە هەروا بە هەڵپسێردراوی ماونەتەوەو کەس مێش میوانی نییە، هەموو ئەمانەشدابەشبوونی کارگێڕی (دوو ئیدارەیی) قوڵتر دەکاتەوە و مەترسی ئەم زمانە زبرو ڕقە بێ مۆڕاڵەیان زەمینە خۆشتر دەکەن بۆ ئەوەی هەرێم لە ڕووی کردارییەوە ببێتە دوو ناوچەی لێکدابڕاو، کە ئەمەش گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر داهاتووی کورد.
لەکۆتایی دەمەوێ ئاماژە بە پرسێکی هەستیار بکەم، ئەویش زۆرجار ئەم شەڕە ڕاگەیاندنانە وەک دوکەڵێک بەکار دەهێنرێن بۆ شاردنەوەی شکستی کارگێڕی و نەبوونی خزمەتگوزارییەکانیان، تا هاوڵاتی لە جیاتی داواکردنی مافەکانی، سەرقاڵی ئەو ململانێ بێ ئەنجامانە بێت کە لە میانەی بەرژەوەندیە ناڕەواو کەسیەکانیان بەرهەمیان هێناوە.
