Apora Logo

لەپەراوێزی پەلاماردانەكەی حەلەبەوە!

لەپەراوێزی پەلاماردانەكەی حەلەبەوە!
هەندرێن شێخ راغبهەندرێن شێخ راغب

هەندرێن شێخ ڕاغب

23/1/2026


یەكێك لە كێشە تازەكانی دنیای كورد دابەشبونی ئایدۆلۆژی و گوتارە. هەر كاتێك لە شوێنێكی كوردستان هێرشێك بۆ سەر كورد دەستپێدەكات، ئیدی ئەم دابەشكارییە دروست دەبێتەوە. لەكاتێكدا بابەتەكە لە بنەڕەتەوە شتێكی ترە!. دوای جەنگی جیهانی یەكەم و رێككەوتنی سایكس-بیكۆو دواتر پەیمانی لۆزان، چوار جوگرافیای دەستكردی سیاسی دروست بوون بەناوی (ئێران، توركیا، عێراق، سوریا), ئەم سنورانە خاك و نیشتمانی كوردیان كردە قوربانی. لەم كاتەوە هەتا ئێستا ئەم چوار دەوڵەتە دەستكردەی دوای جەنگی جیهانی یەكەم، بەیەكەوە رێككەوتنێكی زۆر كۆنكرێتیان هەیە كە سنوری جوگرافی خۆیان بپارێزن و بە توندترین شێوە دژی كورد بوەستنەوە بۆهەوڵەكانی دەستكاریكردنی ئەم سنورە جوگرافیە دەستكردە، بۆیە ئەگەر ئەم چوار دەوڵەتە وەكو سیستەم عەلمانی بن، ئیسلامی بن، قەومی بن، مولحیدبن، مۆدێرن بن، كۆنزەرڤاتیڤ بن، چەپ و سۆسیالیستی بن...هتد، ئەوا بچوكترین كاریگەری لەسەر ئەم بونیادە ستراتیژییەی ئەم چوار دەوڵەتە دانانێت، لەبەرئەوە كاتێك ئەحمد شەرعی والی شامی عوسمانیە نوێیەكانی توركیا، بە پلان و ستراتیژی ئەنقەرە پەلاماری كورد دەدات لەحەلەب و رۆژئاوای كوردستان، شتێكی نامۆ نیە. ئەمە لە ناو زهنیەتی ئەم چوار دەوڵەتە چەسپاوە، چەپ و عەلمانیەكانیان لە ئیسلامیەكان خراپترە، ئیسلامیەكانیان لە قەومیەكان خراپترن. تكا دەكەم ئەم یەكترشكاندنە نالۆژیكیە لەناو كورد كۆتایی پێ بهێنن بەناوی عەلمانی و ئیسلامی، ناكرێت ئەحمد شەرعی والی شام پەلاماری كورد بدات لە حەلەب، ئێمە لێرە لەسەر گوتاری ئایدۆلۆژی بەربینە گیانی یەكتر. دەبێت هەوڵ بدەین كەلێنی نێوان كورد كەم و بچوك بكەینەوە نەك بەناوی تر پارچەكانی زیاتر بكەين! واجبە ئەوانەی لەروی گوتاری دینیەوە لە كوردستان كاری سیاسی ئەنجام دەدەن لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە ئیسلامیانە وردترو زیاتر هەوڵەكانیان بخەنەگەڕو وێنەو ماف و رەوایەتی كێشەی كورد بۆ رای گشتی ئەم كۆمەڵگاو هێزو لایەنە دینیانە روونتر بكەنەوە, هەرچەندە ئەمانە بڕیاری خۆیان داوەو دژی ئەوەن كوردستان هەبێت، تۆ یان دەبێت بمریت، یان دەبێت توركی و ئێرانی و عێراقی و سوری بیت، هەموو شت بە، بەس كوردستانی مەبە. ئەمە بنەڕەتی كێشەكەیە.

;