Apora Logo

ئەمەیە دوفاقی سیاسی گورگە بۆرەکان

ئەمەیە دوفاقی سیاسی گورگە بۆرەکان
شاھۆ پاڵانیشاھۆ پاڵانی

شاهۆ پاڵانی

11/1/2026



تورکیا خۆی وەک دەوڵەتێکی هێڵی پێشەوە لە شەڕی جیهانی دژ بە تیرۆردا وێنا دەکات. بەزەحمەت هیچ زاراوەیەکی سیاسی لە ئەنقەرەدا بەقەد "تیرۆر" بەکاردەهێنرێت. بەڵام هەر لێرەوە کێشە بنەڕەتیەکە دەست پێدەکات، گوتاری دژە تیرۆری تورکیا پرەنسیپێکی گشتگیری نییە، بەڵکو ئامرازێکی سیاسییە. ئەم گوتارە خزمەت بە بێ شەرعیکردنی پرسە بنەڕەتیەکان و چارەسەرکردنیان دەکات لە ناوەخۆدا و لە دەرەوەی وڵاتیش بەپێی سود و بەرژەوەندیە ستراتیژیەکان پێناسەی تری بۆ دەکرێت. دەرئەنجامەکەش دوفاقیەکی سیاسی ئاشکرایە کە تورکیا لە ناوخۆدا تاکڕەوتر دەکات و لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەکەشدا زیاتر ناسەقامگیری دەخوڵقێنێ.

لە دڵی سیاسەتی دژە تیرۆری تورکیادا بە تاوان ناساندنی دۆزی کورد هەمیشە بوونی هەبووە. تورکیا پرسی کورد وەک دۆزێکی مێژوویی سیاسی نابینێ، بەڵکو وەک کێشەیەکی ئەمنی و ناسەقامگیری مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. ناسنامەی کورد، وەک ڕێکخستنی سیاسی و داخوازییە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک پەیوەست دەکات بە تیرۆرەوە. ئەمەش پرسێکی سیاسی و مافی نەتەوەیەک لە جەوهەرە ڕاستەقینەکەی دادەماڵێ و هەر پێکهاتەو نەتەوەیەک داوای مافی کولتووری، سەربەخۆیی سیاسی، یان هەر جورە مافێک بکات، بە خێرایی دەخرێتە چوارچێوەی مەترسی و تێکدانی ئاسایشی ناوەخۆ.

لە هەمان کاتدا دووڕوویی ئەم ڕێبازە فاشیستیە، لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی بە ئاشکرا دەبینرێت. لە کاتێکدا کارەکتەرە سیاسیە کوردەکان لە سەرانسەری وڵاتدا بە دۆسیەی تیرۆریزم و جوداخوازی تاوانبار دەکرێن، لە هەمانکاتدا ئەنقەرە پشتگیری لە گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی تورکیا دەکات بە مەرجێک خزمەت بە بەرژەوەندیە جیۆپۆلەتیکیەکانی خۆی بکات، تەنانەت کاتێک ئەم گروپانە توندوتیژی دژی خەڵکی مەدەنی ئەنجام دەدەن یان بە ئاشکرا پشتگیری لە ئایدۆلۆژیای توندڕەوی بە هەموو جۆرەکانیەوە دەکەن.

ئەم دوو ستانداردە پارادۆکسیە لە هیچ شوێنێکدا وەک لە سوریا دیار و ئاشکرا نییە. ساڵانێک تورکیا پشتیوانی لە میلیشیا چەکدارەکان دەکرد کە نە لە ڕووی دیموکراسییەوە شەرعی بوون و نە لە ئایدۆلۆژیای جیهادیش دوور بوون. ڕفاندن و پاکتاوکردنی نەتەوەیی و تائیفی، تاڵانکردن و کۆمەڵکوژی لە زۆرێک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو گروپانەی سەر بە تورکیا واقیعێکی حاشاهەڵنەگر بوو. بەڵام ئەم میلیشیایانە وەک "ئۆپۆزیسیۆنێکی شەرعی" وێنا و ستایش دەکران.

کەچی لەهەمان کاتدا دەوڵەتی گورگە بۆرەکان شەڕی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ی دەکرد و بە ڕێکخراویێکی تیرۆریستی ناوزەدی کردن. ئەو هەسەدەیەی ڕۆڵی سه ڕه کی هه بوو له تێکشکاندنی ئەفسانەی داعش و به یەکێک لە گرنگترین هاوبەشەکانی هاوپه یمانی نێودەوڵه تی دژ به داعش داده نرا، تەنانەت ئێستاش بەڕوونی دەبینین چۆن دەوڵەتی گورگە بۆرەکان پشتیوانی لە گروپە چەتەکانی سەر بە سوریای ئەبو محەمەد جۆلانی دەکات بۆ هێرش و پاکتاوکردنی دوو گەڕەکی کوردنشینی حەلەب. بۆیە لەم لۆژیکەدا تیرۆر پرسی میتۆد و ئایدۆلۆژیا نییە لە لایەن تورکیاوە، بەڵکو پرسی بەرژەوەندی و هاوسۆزی و دڵسۆزییە بۆ ئەنقەرە.

لیبیا و سۆماڵیش بێبەش نەبوون لە ناسەقامگیریی هەناردەکراوی تورکیا. دەوڵەتی گورگە بۆرەکان لەبری نێوەندگیری سیاسی، دەستێوەردانی سەربازی هەڵبژارد. بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ڕاوێژکاری سەربازی و جێگیرکردنی گروپە چەکدارە توندڕەوە سوریەکانی هاوسۆزی ئەنکەرە، دەوڵەتێکی پێشتر پارچە پارچە بووی، زیاتر میلیتاریزە کرد. پشتیوانی و شەرعیەتدان بە میلیشیا ئیسلامیە جیهادیە توندڕەوەکان بۆ بەرژەوەندی جیۆپۆلیتیکی خۆی کارێکی ڕەوا بوو. ئەمەش ئارگومێنتێکە کە ئەنقەرە هەرگیز لە سنوورەکانی خۆیدا قبوڵی ناکات، هەر ئەوەشە دووڕوویی و دوفاقی سیاسی.

لە ململانێی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجانیشدا، تورکیا بە ئاشکرا لایەنگری باکۆی کرد، لە ڕووی سیاسی و سەربازی و ڕیتۆریکییەوە. ئەنقەرە لەبری ئەوەی بەدوای نێوەندگیریدا بگەڕێت، بەشدارییەکی چالاکانەی لە پەرەسەندنەکەدا کرد. پەیامەکە ڕوون بوو، لەو شوێنانەی کە بەرژەوەندییەکانی تورکیا کاریگەرییان لەسەرە، هێزی سەربازی وەک کێشەیەک نابینرێت، بەڵکو وەک ئامرازێکی ڕەوا سەیر دەکرێت. بۆیە ئیدیعای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندوتیژی لەو شوێنانە کۆتایی دێت، کە دەستکەوت و بەرژەوەندیەکانی لەمەترسیدابن.

نموونەیەکی دیکەی سەرەکی سیاسەتی دەستێوەردانی تورکیا قوبرسە. لە ساڵی ١٩٧٤ەوە باکووری دوورگەکە لە ژێر کۆنترۆڵی دیفاکتۆی تورکیادایە. ئەنقەرە بەردەوامە لە پاساوی بوونی خۆی بە ئارگیومێنتە ئەمنییەکان و پاراستنی دانیشتوانی تورک لە قوبرس. لە بولگاریاش بە هەمانشێوە بە هۆی بونی کەمینەیەکی تورک لەم وڵاتە، ناوە ناوە ناڕەزایەتی دەردەبڕێ و هەوڵی فشار بۆ سەر حکومەتی بولگاریا دەدات، بە بیانوی پارێزگاریکردن لەمافی ئەو کەمینە تورکە بۆ زیاتر بەدەستهێنانی فافی کلتوریان. لە کاتێکدا تورکیا وڵاتێکی فرەپێکهاتەیە و هیچکام لە پێکهاتەو نەتەوەکانی ناو تورکیا بچوکترین مافی نەتەوەییان نیەو بەسەریاندا سەپێنراوە کە خۆیان بە تورک بزانن. ئەمەش لە دوفاقی سیاسی گورگە بۆرەکان شتێکی تر نیە.

کێشەی ڕاستەقینە ئەوەیە کە تورکیا تیرۆر وەک ئامرازێکی سیاسی بەکاردەهێنێت، لە ناوەخۆی وڵات پێناسەیەکی بۆ داناوە کە گوزارشت لە توندوتیژی و ناسەقامگیری و تێکدانی ئاسایشی وڵات دەکات. بەڵام لە دەرەوەی سنورەکانی خۆیدا هەڵبەتە پێناسەکەی جیواوازە و لەم ڕەهەندەدا گوزارشت لە شەرعیەت و شۆڕشگێڕی و فریادڕەسی دەکات، کە لە ژێر سێبەری بەرژەوەندیەکانی خۆیدا پەنای داون.

مێژووش ئەوەی سەلماندووە، کە ئاسایشی بەردەوام نە لە تورکیا و نە لە ناوچەکەشدا لە ڕێگەی دوفاقی سیاسی و پۆڵێنکردنی تیرۆر بە دوو ئاڕاستەی جیاوازدا نایەتە دی، بەڵکو پێویستی بە ئیدانەکردنی ڕوونی تیرۆر هەیە لە هەموو شوێنێک و لە هەمانکاتیشدا داننان بە ململانێ سیاسییەکان بە شێوە دروستەکە و پشت بەستن بە دیالۆگ و سەروەری یاسا و بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی. لەبری پارادۆکسی گوتاری دژە تیرۆر و سیاسەتی پاوانخوازی، فراوانخوازی و هەژموونی دەسەڵاتی ناوچەیی.




;