پەلامارەکەی ئێستای سەر گەرەکە کورد نشینەکانی حەڵەب جارێکی تر لە ڕووی زۆر کەس و هێزو درووشم و دەوڵەت و لافلێدانی ئایدۆلۆژی بە ئیسلام رووکەش کراوی هەڵماڵی. چونکە دوێنێ هەر دوای راگەیاندنی بەرەنجامی دانیشتنە هاوبەشەکەی نێوان سوریاو ئەمریکاو ئیسرائیل لە پاریس و سازشکردنی دەسەڵاتدارانی دیمەشق و هاوپەیمانەکانیان بۆ ئیسرائیل( کەهێشتا زیاتری دەوێت) بەداخەوە، پەلاماردانی کوردەکانی حەڵەب دەستی پێکرد!
ئەوەش بەروونی ئەوەمان پێ دەڵێت، کە ئەگەر لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە، کۆمەڵێ هێزو دەوڵەت و تەوژمی ناوچەکە کوردیان بەوە تۆمەتبار کردبێت کە سەرقاڵی دامەزراندنی ئیسرائیلی دووەمە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوا لە ئێستادا بەکردەوە هاوکێشەکە پێچەوانە بۆتەوەو کراوە بە ئیسرائیلی یەکەم!
بەحوکمی ئەوەی لە سەر حسابی کوردو ماف و ئازادی و کەرامەتی ئەم گەلە سەرقاڵی ڕازیکردنی ئیسرائیل و وەڵامدانەوە بەخواست و داواکارییەکانی ئەون!
رێکەوتن لە گەڵ ئیسرائیل دەکەن، بۆ ئەوەی دەستیان کراوە بێت بۆ لێدانی کورد!
کەچی لە دژ بەیەکیەکی سەیرو سەمەرەدا لە هەمان کاتدا کورد بە دەست تێکەڵاوکردن و هاوپەیمانی لە گەڵ ئیسرائیلدا تۆمەتبار دەکەن و هەرئەوەش دەکەنە پاساوێکی تری خوێنرێژی و فەرامۆشکردنی هەموو داخوازییەکانی لایەنی کوردی، کەتاکو ئێستاش سنووری یەکپارچەیی خاکی هیچ وڵاتیکی تێنەپەراندوەو لەداخوازییەکی موتەوازیعانەی وەکو لامەرکەزی و فیدراڵی و داننانی دەستووریی بەناسنامەو زماندا خۆی دەبینێتەوە!
لە روویەکی تریشەوە، کە گۆشەیەکی تری مەرگەساتی کوردو مەیدانێکی شکستخواردنی هەندێ درووشمی ئیسلامیی هاوچەرخمان بۆ دەخاتە روو، دەولەتی سووریا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هەموو قسەکردنێك دەربارەی باری دۆخی ئێستای حەلەب دەبێت لە سەروەری دەوڵەت و یەکپارچەیی خاکەکەیەوە دەست پێبکات. واتە ئەو دوو بنەمایەی دەوڵەتی نوێ، پێوەرن بۆ دیاریکردنی (هەق) و(ناهەق)و (ستەم) و(دادپەروەری)و دیاریکردنی سرووشتی پەیوەندییەکان و ماف و ئازادی و بەشداری پێکهاتەکان، نەك (ئیسلام) و (شەریعەتی ئیسلامی).
ئەوەش ڕاستیەکی تاڵمان بۆ دەخاتە ڕوو، ئەویش ئەوەیە، لە کاتێکدا هەندێ هێزو گروپی ئیسلامی باسی نارەوایەتی سنوورە دەستکردەکانی نێوان وڵاتانی ئیسلامی دەوروژێنن و دروشمی یەکێتی ئوممەت وخاکی موسوڵمانان بەرزدەکەنەوەو دژایەتی خۆیان بۆ نەتەوایەتی دەردەبرن و بە هۆکاری ناکۆکی نێوان گەلانی موسوڵمان دەزانن و پێناسەدەکەن،، هەرهێندەی لەچوارچێوەی یەکێ لە دەوڵەت نەتەوەکاندا گەیشتنە دەسەڵات، بە دان و نینۆك پارێزگاری لەو سنورە دەستکردانەو لۆژیکی قەوارە نێو دەوڵەتیەکە دەکەن، با لە چوارچێوەی پەیماننامە کۆڵۆنیالیستتیە نێو دەولەتیەکانی هاوشێوەی سایکس بیکۆشدا دیاریکرابن و کێشرابن! بۆیە ئەگەر جیاوازییەکیشیان لە گەڵ ناسیۆنالیستە سکیۆلارەکانی پێش خۆیاندا هەبێت، جەوهەریی نابێت، یەکسان نابێت بە ڕەخنەیەکی ڕاستەقینەی ئەخلاقیی لەم دەوڵەتە، بەتایبەتیش کاتێك دەگۆرێت بە چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی وسیاسی و یاسایی بۆ جینۆسایدو سەرکوت و جیاکاری و نایەکسانی.
وەك هەر نەتەوەییەکی سکیولاری تریش، سەروەری دەوڵەت و یەکییەتی خاك و سنووری فەرمی و زۆر شتی تری دەوڵەتی نوێ ، لە ئاستە سیاسییەکەدا، بەکردەوە جێگەی (خوا)و (ئیسلام) و (شەریعەت) دەگرنەوە. خۆ ئەگەر لە پێگەی دەسەڵاتەوە باسێك لە ئوممەتی ئیسلامی و هاوچارەنووسی موسوڵمانانیش بکەن، دیسانەوە بەپلەی یەکەم وەك ئامرازێکی سیاسەتی دەرەکی خۆیان بەکاری دەهێنن و دەیخەنە خزمەت ستراتیژەکانی دەسەڵات ووڵاتەکانیانەوە.
بۆیە زۆر گرنگە موسوڵمانی کورد بەگشتی و ئیسلامخوازی کورد بەتایبەتی، ئەم بەڵگە نەیویستە تاڵەی واقیعی مێژووی هاوچەرخیان لەبەرچاو روون بێت، بێ هیچ دوودڵیەك لە سەنگەری بەرژەوەندی نەتەوە بێبەشکراوە ستەملێکراوەکەی خۆیاندا بەناسنامەی ئەخلاقی خۆیانەوە، لە پێناو رزگاری و سەرفرازی گەلەکەیاندا درێژە بە تێکۆشانی خۆیان بدەنو دۆخی پلە دوویی و رەش ورووتیی رەتبکەنەوە.
