دەستپێکی نەزمی نوێی جیهانی
دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لەلایەن ئەمریکاوە، گۆڕان و وەرچەرخانی سەردەمێکی نوێیە لە نەزمی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا. بێلایەنانەو و بێ گوێدانە هەڵسەنگاندنی مرۆڤ بۆ مادۆرۆ وەک سەرۆکێک و حوکمڕانیە تاکڕەوەکەی، یان ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی دەکرێن، ئەم ئۆپەراسیۆنە پچڕانێکی چۆنایەتیە لەگەڵ نۆرمەکانی یاسایی و دیپلۆماسی نێودەوڵەتی دامەزراو. بۆ یەکەمجار لە ماوەی دەیان ساڵدا سەرۆکی دەوڵەتێک بەبێ پرس و ڕەزامەندی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەبێ ڕێوشوێنی ڕادەستکردن و بە پێچەوانەی خواستی ڕاشکاوانەی وڵاتەکەی لە ڕێگەی کردەوەیەکی سەربازییەوە دەستگیرکرا. ئەم کردەوەیە پرسیاری یاسایی و جیۆپۆلەتیکیش دەوروژێنێت، بۆچی ئێستا ئەمە ڕوویدا؟ وە دۆناڵد ترەمپ بەنیاز بوو چ پەیامێکی ستراتیژی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بنێرێت؟
کاتی ئۆپەراسیۆنەکە بە تەنها ڕێکەوتێک نەبوو. بەڵکو لە قۆناغێکی پەرەسەندنی ناسەقامگیری جیهانیدا هات، کە تێیدا چەندین ململانێی گەورە لە گۆشە جیاوازەکانی سەر نەخشەی جیهان بوونیان هەیە. بەتایبەتی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، کە فشارێکی بەرچاوی خستۆتە سەر نەزمی نێودەوڵەتی و تەواوی ئەوروپای توشی ناسەقامگیری ئاسایش و قەیرانی ئابووری کردووە.
بۆ ترەمپ، دەستگیرکردنی مادۆرۆ دەرفەتێکی ڕەخساند بۆ ئەوەی تواناکانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی نیشان بدات، بەبێ ئەوەی پەنا بۆ ململانێی کلاسیکی سەربازی درێژخایەن ببات. لەبری ئەوە، نمایشێکی بەهێزی ئامانجدار و سەرنجڕاکێشی هەڵبژارد کە لەسەر هێز و پلانی هەواڵگری تۆکمەو و ئۆپەراسیۆنێکی غافڵگیر دامەزرابوو. لە ناوخۆدا ئەم هەنگاوە وێنەی سەرۆکێکی بەهێزتری نیشاندا، کە ئامادەیە ئامرازە دیپلۆماسیی و سەربازیە تەقلیدییەکان تێپەڕێنێت و بەبێ سازش بەدواداچوون بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بکات و بۆ ئەمەش هیچ بەربەستێک لەبەردەمیدا نابینێت.
لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا کاردانەوەکان دابەش و لەرزۆک بوون، ئەمەش پارچەبوونی قووڵی نەزمی جیهانی ئێستای ئاشکرا کرد. وڵاتانی ئەوروپا بە خۆگرتن و دوودڵی کاردانەوەیان هەبوو. سەرەڕای ئەوەی زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا بە ئاشکرا دژی سیاسەتە تاکڕەوەکانی مادۆرۆ بوون، لە هەمان کاتدا گومانی خۆیان لەسەر یاسایی بوونی ئۆپەراسیۆنەکە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان نەشاردەوە. لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە، نیگەرانی باو ئەوە بوو، کە پێشینەیەکی لەو شێوەیە دەتوانێت لە درێژخایەندا ئاسایشی وڵاتانی ئەوروپا بخاتە مەترسیەوە.
ڕووسیا بە توندی ئەم کردارەی محکوم کرد و وەک تێکدانێکی مەترسیدار لە سەر بنەمای سەروەری وڵاتان و هێرشێک بەسەر یاسای نێودەوڵەتیدا ناوی برد. لە دیدگای موسکۆوە، دەستگیرکردنی مادورۆ بەشێک بوو لە ستراتیژیی گشتیی ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی هێز و پێچەوانەکردنەوەی یاسا لە پێناو مەیلەکانی خۆی. چینیش، هەرچەندە بە زمانێکی ئارامتر، بەڵام بە هەمان ئاستی توندی، لەسەر بنەمای دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی دەوڵەتان وەستا و هۆشداری دا کە ئەم کردارە دەتوانێت سیستەمی نێودەوڵەتی زیاتر لاواز بکات. ئێرانیش ئەم ڕووداوەی وەک نیشانەیەک هەڵسەنگاند کە ئەمریکا ئامادەیە هەر سنوورێک بشکێنێت بۆ بەرژەوەندی و فراوانکردنی هەژموونی خۆی ئەگەر پێویستیکرد.
لەم گۆشەنیگایەوەش ناکرێت دەستگیرکردنی مادۆرۆ لە چوارچێوەی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا نادیدە بگیرێت. ئەمەش بەو مانایەی کە ئەمریکا ڕووبەڕووبوونەوەی خۆی لەگەڵ ڕووسیا تەنیا لە گۆڕەپانی ئەوروپادا سنووردار ناکات، بەڵکو ئامادەیە فشارە جیۆپۆلیتیکییەکان لەسەر ئاستی جیهانی فراوانتر بکات. پەیامەکە بۆ مۆسکۆ ئەوەیە، واشنتۆن بژاردەی بەرفراوانی پەرەسەندنی لە بەردەستدایە، کە زۆر لە ململانێ سەربازییە تەقلیدییەکان کاریگەرترە. لە هەمان کاتدا ئۆپەراسیۆنەکە وەک نیشاندانی دەسەڵاتی ڕەها و زەنگێکیش بۆ ئەو دەوڵەتانە دەبینرێت، کە لە ڕووی سیاسی یان ئابوورییەوە پشتیوانی ڕووسیا و بەرەی دژە ڕۆژئاوان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا.
فاکتەرە سیاسی و ئابوورییەکانیش بێ ڕۆڵ و کاریگەری نەبوون. سەرەڕای دابەزینی ئاستی ئابووری، ڤەنزوێلا بەهۆی یەدەگی زۆری نەوتی وڵاتەکەیەوە، وەک یاریزانێکی گرنگ لە ڕووی ستراتیژییەوە دەمێنێتەوە. لە سەردەمی ناسەقامگیری ئاسایشی وزەی جیهانیدا، کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی ڤەنزوێلا، یان لانیکەم دانانی گاریگەری لەسەری، بۆ ئەمریکا گرنگییەکی جیۆپۆلەتیکی بەرچاوی هەیە. لە کاتێکدا ساڵانێک سزاکانی ئەمریکا ئابووریی ڤەنزوێلایان بە توندی لاواز کردبوو، بەڵام مادۆرۆی لە دەسەڵات نەخستە خوارەوە.
سەرەڕای هەموو ئەمانە لە سەردەمی مادۆرۆدا، سیاسەتی وڵاتەکە لە ڕووی پەیوەندیەکانی دەرەوە بەو ئاڕاستەیە هەنگاوی نا، کە ببێتە بەشێکی دانەبڕاو لە تۆڕی دژە ڕۆژئاوایی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا. لەم سۆنگەیەشەوە پەیوەندییە ستراتیژیەکانی لەگەڵ ڕووسیا و چین و ئێراندا پاراست. هاوکاری سەربازی لەگەڵ مۆسکۆ، پشتبەستنی ئابووری بە پەکین و نزیکیی ستراتیژی لە تاران، وایکرد ڤەنزوێلا ببێتە ناوەندێکی جیۆپۆلەتیکی لە پێکهاتەی دەسەڵاتی جیهانیدا. بەم شێوەیە دەستگیرکردنی مادۆرۆ نەک تەنها سەرکردەیەکی پاوانخوازی کردە ئامانج، بەڵکو بە شێوەیەکی ڕەمزی و تا ڕاددەیەک پراکتیکی، لێدان بوو لە ئۆردوگای ئەو دەوڵەتانەی کە دژایەتی میحوەری ڕۆژئاوایی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دەکەن.
دەرئەنجامەکانی ئەم ڕووداوە بۆ ناوەخۆی ڤەنزوێلا جددین و تا ڕادەیەکی زۆر پێشبینی نەکراون. لە کورتخایەندا دەستگیرکردنەکە بووەتە هۆی بۆشایی دەسەڵات و گرژی ناوخۆیی و نادڵنیایی و بێ متمانەیی لەناو هێزی سەربازیدا. لە درێژخایەندا، دەمێنێتەوە بزانین ئایا ئەمە دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی سیاسی ڕاستەقینە بە شێوازی دیموکراسی، یان سەرهەڵدانی پێکهاتەی تاکڕەوی نوێ. بەڵام ئەمریکا لەهەوڵی جیددی دایە زەمینەسازی بۆ هاتنە سەر دەسەڵاتی سەرۆکێک بکات. کە مەیلی بە لای خۆیدا بێت و پەیوەندیەکانی هەردوو وڵات بخاتە سەر ڕێگایەکی نوێ کە جێگای ڕەزامەنی ئەمریکا بێت.
لە لایەکی تریشەوە پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ، کە گووتی ڕەنگە ڤەنزوێلا دوا وڵات نەبێت بەم شێوەیە هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکەین، وەک پەیامێک لێکدەدرێتەوە بۆ جیهان بەگشتی، کە ئیتر سەردەمی نەزمێکی نوێی دوور لە جەنگی درێژخایەنی کلاسیکی دەستپێدەکات، بەتایبەتیش هۆشداریە بۆ ئێران، عێراق، ڕووسیا، سوریا، کۆریای باکور و ناڕاستەوخۆش چین. ئەوەش بەو مانایە دێت، کە ئیتر دەسەڵاتی سیاسی، سەروەری دەوڵەت و پارێزبەندی نێودەوڵەتی چیتر پارێزگارییەکی ڕەها دابین ناکەن، کاتێک ئەمریکا هەر وڵاتێک وەک هەڕەشە لەسەر خۆی پێناسە بکات.
ئەم نەزمە نوێیەش، سیستەمی جیهانی زیاتر لە یاساوە دەگۆڕێت بۆ هێز. ئەوەی لە هەگبەی داهاتووشدا هەیە بۆ جیهانی نوێ ئەوەیە، یان ئارامییەکی جیهانی نوێ دروست دەکات، یاخود تێکشکاندنی زیاتر بۆ یاسای نێودەوڵەتی، ئەمە هێشتا دیار نییە. بەڵام ئەوەی زۆر بەڕوونی دیارە ئەوەیە، دەستگیرکردنی مادورۆ سنوورێکی نوێی هێزی سیاسی نیشانی جیهان دا و لە هەمان کاتدا، چەند سنوورێکی کۆنی یاسای نێودەوڵەتیشی تێکشکاند.
