كاریگه‌ری ئیسرائیل له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی ئاشتی له توركیا چیه؟
ئه‌نقه‌ره بێده‌نگی ده‌نوێنى له راست ده‌سه‌ڵاتی كاتی دیمه‌شق، كه بۆ رازیكردنی ئیسرائیل (به‌رزایه‌كانی جۆلان) له نه‌خشه‌ی نوێی سوریا ده‌ردێنێت. له‌هه‌مان كاتیش‌دا به بیانووی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل چاو له كورد سوور ده‌كاته‌وه و هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌كات.
له (21 كانوونی یه‌كه‌می 2025) وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سوریا، نه‌خشه‌ی وڵاته‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه، بێ ئه‌وه‌ی (به‌رزایه‌كانی جۆلان) له‌خۆ بگرێت كه ده‌كه‌وێته باشووری رۆژئاوای سوریا و له ساڵی 1967 له لایه‌ن ئیسرائیل داگیركراوه. له‌لایه‌ك ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی حكوومه‌تی كاتی دیمه‌شق به واتای قه‌بوڵكردنی ئه‌و دیفاكتۆیه دێت كه ئیسرائیل به زه‌بری هێز سه‌پاندوویه‌تی. له‌لایه‌كی دیكه‌ش (ئه‌حمه‌د ئه‌لشه‌رع) سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی كاتی ده‌یه‌وێت مانه‌وه‌ی خۆی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات مسۆگه‌ر بكات و ئیسرائیل گێچه‌ڵی پێنه‌كات. له‌هه‌مان كاتدا بێده‌نگی ئه‌نقه‌ره له به‌رامبه‌ر نه‌خشه‌ی نوێی سوریا په‌یامێكی له پشته، كه توركیا ناخوازێت په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل زیاتر گرژی لێكه‌وێته‌وه، به‌لانی كه‌م بۆ ئه‌م قۆناخه.
ئه‌م هه‌ڵوىسته‌ی ئه‌نقه‌ره له كاتێك دایه كه رۆژانه سه‌رانی ئه‌م وڵاته (وه‌زیری ده‌ره‌وه و به‌رگری) به بیانووی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل چاوسوور ده‌كه‌نه‌وه له هێزه‌كانی سوریای دیموكراتی (هه‌سه‌ده) و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌نجامدانی ئۆپاراسیۆنی سه‌ربازی ده‌كه‌ن.
وه‌هاب جۆشكون، پسپۆری كاروباری سیاسی و مامۆستای زانكۆی دیجله له دیاربه‌كر، به گومان سه‌یری لێدوانه‌كانی لایه‌نی توركی ده‌كات و ده‌ڵێت:" هیچ به‌ڵگه و ئه‌رگومێنتێك له ئارادانیه په‌یوه‌ندی ئیسرائیل و هه‌سه‌ده پشتڕاست بكاته‌وه". هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێـت:" پێموایه هه‌ڵوێستی به‌رپرسانی توركیا په‌یوه‌سته به په‌یوه‌ندی پته‌وی نێوان ئه‌نقه‌ره و دیمه‌شق. هه‌روه‌ها به‌رپرسانی تورك ده‌خوازن له رێگه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی ئیسرائیل و هه‌سه‌ده، ره‌وایه‌تی بده‌نه هه‌ر جوڵه‌یه‌كی سه‌ربازی كه ره‌نگه سبه‌ی بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی هه‌سه‌ده ئه‌نجامی بده‌ن".
له دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی (حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی) له (غه‌زه) له پایزی 2023دا، تا ده‌چێت هه‌ژموونی ئیسرائیلی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زیاتر ده‌بێت و هاوسه‌نگیه كۆنه‌كان تێكده‌شكێنێت، ئه‌مه‌ش ترس و نیگه‌رانی توركیای لێده‌كه‌وێته‌وه. كه ئه‌مه‌شیان هۆكارێكی سه‌ره‌كیه بۆ ده‌ستپێكردنی پڕۆسه‌ی ئاشتی له‌گه‌ڵ (عه‌بدولڵا ئۆجالان) كه تورك ناوی لێناوه (پڕۆسه‌ی بنبڕكردنی تیرۆر). به‌هێزبوونی پێگه و هه‌ژموونی ئیسرائیل نه‌وه‌كو ته‌نیا رۆژه‌ڤی گه‌رمی توركیا بووه، به‌ڵكو له هه‌مان كاتدا ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و گفتوگۆیانه‌ش هه‌بووه كه له ئیمرالی ئه‌نجام ده‌درێن. له مانگه‌كانی رابردوودا، چه‌ندین ده‌قی گفتوگۆی شاندی ئیمڕالی له‌گه‌ڵ (عه‌بدولڵا ئۆجالان) دزه‌ی پێكرایه ناو سۆسیال میدیا، تیایدا شاندی ناوبراو له‌باره‌ی به‌هێزبوونی هه‌ژموونی ئیسرائیل زانیاری ده‌ده‌نه ئۆجالان. بۆ نموونه له گفتوگۆیه‌كیاندا شانده‌كه به ئۆجالان ده‌ڵێـت:" ئه‌وانه‌ی تا ئه‌مڕۆ بۆ جارێكیش له ئێمه‌یان نه‌پرسیووه، دوای ده‌ستپێكردنی پڕۆسه‌ی ئاشتی ته‌له‌فۆنمان بۆ ده‌كه‌ن و لێمان ده‌پرسن!". ئۆجالانیش له به‌رامبه‌ردا پرسیار له شانده‌كه ده‌كات و ده‌ڵێت:" مه‌به‌ستان ئیسرائیله؟".
له‌مباره‌یه‌وه پرۆفیسۆر (گۆكهان باجیك) مامۆستا له زانكۆی (پاڵاكی) له كۆماری چیك، ئیسرائیل له ناوچه‌كه به فاكته‌رێكی گرنگ وه‌سف ده‌كات و ده‌ڵێـت:" له ماوه‌ی رابردوو كاریگه‌ری ئیسرائیل له سوریا هه‌ڵكشاوه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م فاكته‌ره له قه‌باره‌ی خۆی زیاتر گه‌وره ده‌كرێت. هه‌ندێك له‌و ده‌نگه ناڕازیانه‌ی دژ به ئیسرائیل به‌رز ده‌بنه‌وه مه‌رامی سیاسیان له پشته. هێشتنه‌وه‌ی رۆژه‌ڤی ئیسرائیل به زیندوویی بۆ دژایه‌تیكردنی كورد پڕۆسه‌ی سه‌وداكردن ئاسانتر ده‌كات".
ئیسرائیل كه ژماره‌ی دانیشتووانی كه‌مه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌هێز بمێنێته‌وه هه‌موو كاتێك هه‌وڵیداوه له‌گه‌ڵ وڵات و كۆمه‌ڵگا نا عه‌ره‌بیه‌كاندا په‌یوه‌ندی به‌هێز و پته‌وی هه‌بێت. تا سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی كۆماری ئیسلامی له ئێران په‌یوه‌ندی پته‌وی له‌گه‌ڵ ئه‌م وڵاته‌دا هه‌بووه. له‌گه‌ڵ توركیاش به هه‌مان شێوه، له ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، شه‌ڕی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه دژ به توركیا زۆر به‌رفراوان بوو، به تایبه‌تی له ساڵی 1992 و 1993 دا، گه‌ریلا گورزی زۆر توندی له سوپای توركیا وه‌شاند و جۆرێك له شله‌ژان له‌ناو سوپای توركیا دروستبوو، ئیسرائیل به ته‌نگ سوپای توركیاوه هات، له چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی فڕۆكه‌ی جه‌نگی و هه‌لیكۆپته‌ر هاوكاری به‌رچاوی ئه‌م سوپایه‌ی كرد، له ئه‌نجامدا شه‌ڕ له قازانجی سوپای توركیا شكایه‌وه له ساڵی 1994 به‌دواوه. له ئێستاشدا سه‌ره‌ڕای دووری مه‌ودای نێوانیان ئیسرائیل په‌یوه‌ندی زۆر تۆكمه و به‌هێزی له‌گه‌ڵ وڵاتی ئازربه‌یجان هه‌یه. له ده‌ره‌نجامی جه‌نگی (غه‌زه) و پێشێلكاریه‌كانی سوپای ئیسرائیل، ئه‌م وڵاته له دۆخێكی گۆشه‌گیربوون دایه، بۆیه به‌پێی لۆژیك بێت ده‌بێت كۆمه‌ڵگای كوردی كه به‌سه‌ر چه‌ند وڵاتی ناوچه‌كه دابه‌شبووه هاوپه‌یمانێكی باش بێت بۆ ئیسرائیل. له‌م سۆنگه‌یه‌وه له‌ناو كودریش ده‌نگێك هه‌یه كه پێیباشه كورد خۆی نزیكی ئیسرائیل بكات و جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه:" كورد و ئیسرائیل هاوپه‌یمانی سروشتی یه‌كترن له‌م قۆناخه‌دا".
وه‌هاب جۆشكون، ئه‌م خوێنده‌وه‌یه ره‌تده‌كاته‌وه و ئیسرائیل و كورد به هاوپه‌یمانی سورشتی یه‌كتر نازانێت و له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێـت:" ئامانجی ئیسرائیل گه‌ره‌نتیكردنی ئاسایشی ولاته‌كه‌یه‌تی. بۆیه ناچاره په‌یوه‌ست به سوریا سیاسه‌تێكی تایبه‌ت بگرێته‌به‌ر. پێموانیه ئیسرائیل له سوریا زۆر بیر له مافه‌كانی كورد بكاته‌وه. تا ئه‌مڕۆ ئیسرائیلیه‌كان په‌یوه‌ست به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ل كورد له سوریادا ته‌نیا له چوارچێوه‌ی گوتار قه‌تیس ماوه. له رووی كرداریه‌وه هیچمان نه‌بینیووه. ئیسرائیل له پێناو كورد رووبه‌ڕووی توركیا نابێته‌وه. ده‌بێت كوردیش به خوێن ساردی په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ل ئیسرائیل هه‌ڵسه‌نگێنێت".
به‌ڵام په‌یوه‌ست به‌م لێكدانه‌وه‌ی سه‌ره‌وه، پرۆفیسۆر گۆكهان باجیك تێروانینێكی جیاوازی هه‌یه له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی ئیسرائیل و كورد:" ئیسرائیل وه‌كو ئه‌مریكا بیر ده‌كاته‌وه، سیاسه‌تێكی مه‌ودا درێژی بۆ كورد هه‌یه، ده‌خوازێت بۆ دوور مه‌ودا له كورد نزیك بێته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورد وه‌كو عه‌ره‌ب نیه، تا ئاستێكی دیار كلتوورێكی عه‌لمانی هه‌یه، له‌وه‌ش گرنگتر له‌گه‌ڵ توركیا ناكۆكیان هه‌یه، هه‌موو ئه‌مانه ئیسرائیل هانده‌ده‌ن تا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كورد دروست بكات".
له درێژه‌ی قسه‌كانیدا ئه‌م پسپۆره به ره‌گه‌ز توركه ده‌ڵێت:" كورد ئاكته‌رێكی كارایه له ناوچه‌كه‌دا، به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان ده‌یسه‌پێنى په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل‌دا هه‌بێت. هه‌ڵه‌یه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له قه‌باره‌ی خۆی زیاتر گه‌وره بكرێت. كورد و جوله‌كه دوو گه‌لی جیاوازن، ناسنامه، به‌ها و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان هه‌یه. ئاساییه ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندی جۆراوجۆریان هه‌بێت. به كوورتی، پێویسته دانی پێدابنێین كه هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له نێوان كورد و ئیسرائیل دیاریده‌یه‌كه له چوارچێوه‌ی سروشتی په‌یوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی".
له‌دوای رووخانی رژێمی ئه‌سه‌د، ناكۆكی و ركابه‌ری ئیسرائیل و توركیا له‌ناو سوریادا رۆژ به رۆژ له په‌ره‌سه‌ندن دایه. بۆ ئه‌وه‌ی رێگا له توركیا بگرێت، فڕۆكه‌كانی ئیسرائیل چه‌ندین جار ئه‌و شوێنانه‌یان بۆردومان كردووه كه توركیا ویستوویه‌تی بنكه‌ی سه‌ربازی، یان ته‌كنه‌لۆژیای چاودێری لێ جێگیر بكات. له لێدوانه‌كانی به‌رپرسانی ئیسرائیل ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه ئه‌م وڵاته له‌لایه‌ك مكوڕه له‌سه‌ر له‌ناوبردنی هه‌موو ئه‌م فاكته‌رانه كه ده‌بێته هۆی به‌هێزبوونی توركیا، له‌لایه‌كی دیكه‌ش هه‌موو فاكته‌رانه ده‌قۆزێته‌وه كه ده‌بێته هۆی لێدان له به‌رژه‌وه‌ندی و پێگه‌ی توركیا. له‌م سۆنگه‌یه‌وه نا لۆژیكی نابێت ئه‌گه‌ر ئیسرائیل بخوازێت په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی سه‌ربازی و سیاسی كورد له سوریادا ببه‌ستێت.
وه‌هاب جۆشكون مامۆستای زانكۆی دیجله، به پێویستی ده‌زانێت توركیا سیاسه‌تی خۆی له به‌رامبه‌ر هه‌سه‌ده له‌به‌رچاو بگرێت:" ئه‌گه‌ر توركیا ناخوازێت هه‌سه‌ده خۆی نزیكی ئیسرائیل بكات، یان به گومانه له هه‌بوونی په‌یوه‌ندی ژێر به‌ژێری هه‌سه‌ده له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئه‌وه پێویسته سیاسه‌تێك بگرێته‌به‌ر كه هه‌سه‌ده له باوه‌ش بگرێت نه‌وه‌كو فه‌رامۆشی بكات. ئه‌مه‌ش له‌ناوخۆی توركیا پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری باشتر به‌ڕێوه ده‌بات و له سوریاش پێگه‌ی توركیا به‌هێزتر ده‌كات". هه‌روه‌ها له كۆتایی قسه‌كانیشیدا ئه‌م مامۆستایه‌ی زانكۆ ده‌ڵێت:" هه‌ڵه‌یه توركیا له سوریادا لایه‌نگری لایه‌نێك بكات دژ به لایه‌كه‌ی دیكه. توركیا وه‌كو ئه‌كته‌رێكی به‌هێز له‌ناو سوریادا توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان په‌یوه‌ندی دروست بكات".
له ئێستادا مه‌سه‌له‌ی سوریا وه‌كو كێشه‌یه‌كی جدی رووبه‌ڕووی توركیا ده‌بێته‌وه، كه پێویسته چاره‌سه‌ری بكات. به‌مه‌ش جارێكی دیكه رۆڵی فاكته‌ری ئۆجالان زه‌ق ده‌بێته‌وه. ئه‌گه‌ر توركیا بخوازێت ئیسرائیل له‌ناوچه‌كه‌دا زیاتر به‌هێز نه‌بێت ده‌بێت كورد بكاته هاوبه‌شی ستراتیژی خۆی و له‌م رووه‌وه هه‌نگاو بنێت.
لۆژیك ئه‌وه‌یه توركیا هه‌وڵبدات پشتگیری كورد به‌ده‌ستبێنێت. چاوه‌ڕوانی كوردیش ئه‌مه‌یه. بۆ هاتنه‌دی ئه‌مه‌ش پێویسته ئاسته‌نگ بۆ كوردانی سوریا دروست نه‌كرێت تا هه‌ندێك له مافه‌كانیان به‌ده‌ستبێنن، كه بۆ توركیا زیاتر ئاسته‌نگێكی ده‌روونیه. ئه‌گه‌ر ئه‌م ئاسته‌نگه‌ش تێنه‌په‌ڕێنێت، ئه‌وه فاكته‌ری ئیسرائیلی كاراتر ده‌بێت. به تایبه‌تی له‌و كاته‌ی خه‌ریكه له‌ناو كۆمه‌ڵگای كوردی به تایبه‌تی كوردانی تاراوگه كه به‌شێكی زۆریان كوردی باكوور و رۆژئاوای كوردستانن، مه‌یلی خۆ نزیك كردنه‌وه له ئیسرائیل زیاتر په‌ره ده‌سێنێت. واته ئه‌گه‌ر توركیا له سوریا و له توركیادا ، رێگای ئاشتبوونه‌وه له‌گه‌ڵ كورد نه‌گرێته‌به‌ر، هه‌نگاوی متمانه‌پێكراو و دڵخۆشكه‌ر نه‌نێت، ئه‌وه‌ی خۆ نزیك كردنه‌وه‌ی كورد له ئیسرائیل ئه‌گه‌ری زیاتره. به پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌گه‌ر توركیا فاكته‌ری ئۆجالان بقۆزێته‌وه مه‌یلی كورد به‌ره‌و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره به‌هێزتر ده‌بێت. گۆڕانكاریه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كۆتایی به سه‌رده‌می سیاسه‌تی چه‌واشه‌كارانه هێنا. هه‌ر هه‌نگاوێكی چه‌واشه‌كارانه له لایه‌ن توركیا ره‌نگه هه‌ست و مه‌یلی كورد به‌ره‌و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل به‌هێزتر و خێراتر بكات!
گۆكهان باجیك، جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه سروشتی رێككه‌وتنی دیمه‌شق و هه‌سه‌ده زۆر زه‌حمه‌ته و ده‌ڵێت:" له زانستی سیاسیه‌تدا ئه‌م رێككه‌وتنه به (پێدانی قه‌واره) له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن كه پڕۆسه‌یه‌كی هێجگار زه‌حمه‌ته. لێره‌دا به دوای دروستكردنی قه‌واره‌یه‌كی سیاسی و ئیداری ده‌گه‌ڕێین، دۆزینه‌وه‌ی رێساكان و دیاریكردنی سنووره‌كانی ئه‌م قه‌واره‌یه زۆر ئاڵۆزه". له كۆتایی قسه‌كانیدا ئه‌م پسپۆره‌ی زانستی سیاسه‌ت توركیا ئاگادار ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێـت:" ئه‌گه‌ر توركیا كوردانی سوریا فه‌رامۆش بكات و گوشاریان لێبكات، ئه‌گه‌ری نزیكبوونه‌وه‌یان له ئیسرائیل زیاتر ده‌بێت. توركیا زه‌حمه‌تی ده‌بینێت له گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تێكی هاوسه‌نگ له سوریا. به‌شێوه‌یه‌كی نیمچه ته‌واو سیاسه‌تی خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای دژایه‌تی كورد داڕشتووه، له‌م روانگه‌یه‌وه سه‌یری هه‌موو شته‌كان ده‌كات. پشتبه‌ستنی ره‌ها به دیمه‌شق له چه‌ندین لاوه مه‌ترسی لێده‌كه‌وێته‌وه، له كۆتاییدا، له‌وانه‌یه دیمه‌شق بڕیاره‌كانی به گوێره‌ی ئه‌مریكا بدات، كه ئه‌مه‌ش توركیا رووبه‌ڕووی مه‌ترسی ده‌كاته‌وه. له رۆژی یه‌كه‌مینی قه‌یرانی سوریادا، توركیا پێویستی به په‌یوه‌ندی متمانه‌پێكراو و راستگۆیانه هه‌بووه له‌گه‌ل كورد، هه‌ر جێگره‌وه‌یه‌كی دیكه مه‌ترسی لێده‌كه‌وێته‌وه".
