"قووڵایی ستراتیژی" دەستەواژەیەکی سەربازی و جیۆپۆڵەتیکییە. لە بواری سەربازیدا بریتییە لەو مەودا جوگرافییەی نێوان هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ و ناوەندە گرنگەکانی دەوڵەت، وەک پایتەخت، ناوچە پیشەسازییەکان، کۆگاکانی چەک و سەرچاوە مرۆییەکان. ئەم چەمکە چەند رەهەندێکی هەیە: ڕەهەندی جوگرافی، واتە هەبوونی زەوی و ڕووبەری فراوان بۆ ئەوەی سوپا بتوانێت مانۆڕ بکات، پاشەکشە بکات و خۆی رێک بخاتەوە بێ ئەوەی تووشی شکستی تەواو بێت. رەهەندە سیاسی و دیپلۆماسییەکەشی بریتییە لە هەبوونی پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ یان دەوڵەتانی زلهێز کە لە کاتی تەنگانەدا وەک پشت و پەنا بە فریای بگەن. لە ڕووی سەربازییەوە، قووڵایی ستراتیژی بۆ بەرگەگرتن یان هەڵمژینی گورزی یەکەم بەکار دەهێنرێت؛ ئەگەر وڵاتێک رووبەڕووی هێرشی دوژمن ببێتەوە، خاکەکەی خۆی بۆ کشانەوەی تاکتیکی بەکار دەهێنێت تا هێزی دوژمن ماندوو بکات و هێڵەکانی لۆجیستی و گەیاندنی دوژمن درێژ بکاتەوە و بەم شێوازە لاوازی بکات، وەک ئەوەی ڕووسیا لەگەڵ سوپاکەی ناپلیۆن و یەکێتیی سۆڤیەت لە دژی ئەڵمانیای نازی لە جەنگی دووەمی جیهانیدا کردیان. هەروەها ئەم چەمکە بۆ پاراستنی ناوەندە گرنگەکانی دەوڵەت وەک دوورخستنەوەی کارگەکان و دامەزراوە حکومییەکان لە سنوورەکانەوە بەکار دێت. ئایا بەغدا یان هیچ پایتەختێکی تری دەوڵەتانی داگیرکەر دەتوانن ببن بە قووڵایی ستراتیژی بۆ کورد ئەگەر ڕووبەڕووی پەلاماری هێزێکی دیکە ببێتەوە؟، وەڵامەکە دیارە نەخێرە، چونکە بەغدا بە خۆی سەرچاوەی هێرش و پەلاماردان و سەرکوتکردنە. قووڵایی ستراتیژی دەبێت ناوچەیەکی "دۆست" و "پارێزراو" بێت بۆ هێزەکانت، نەک شوێنێک بێت کە لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی نەیارانتدا بێت. لە هیچ بەشێکی کوردستان هێزی کوردی دەسەڵاتی بەسەر پایتەختدا نییە تا بتوانێت وەک پەناگە یان شوێنی خۆڕێکخستنەوە بەکاری بێنێت. هەندێ کەس پێیان وایە کە هەبوونی کوردێکی زۆر لە هەندێ لە پایتەختەکانی دەوڵەتانی داگیرکەر وەک ئەستەنبوڵ و تاران دەتوانن کاریگەریی دیمۆگرافی و سیاسی لەسەر ئەو پایتەختانە دروست بکەن، بەڵام ئەمە لە باشترین باردا دەچێتە خانەی "کارتی فشار"ەوە و دەتوانن خۆپیشاندان، چالاکیی مەدەنی، یان تێکدانی ئاسایشی ئابووری ئەنجام بدەن، بەڵام نابێتە "قووڵایی ستراتیژیی بەرگری"، بەڵکو جۆرێکە لە "تێکەڵبوونی بەرەکانی جەنگ". سەبارەت بە خەباتی پەرلەمانی و سیاسیش (وەک کورد لە بەغدا)، پایتەخت دەبێتە "گۆڕەپانی ململانێ"، نەک قووڵایی ستراتیژی، چونکە قووڵایی واتە ئەو شوێنەی کە تۆ تیایدا ئارامیت و هێز کۆدەکەیتەوە. لە دۆخی کورددا، چیاکان بە درێژایی مێژوو تاکە قووڵایی ستراتیژیی ڕاستەقینە بوون کە هێزی پێشمەرگەیان دەگرتە خۆ و دەیانتوانی تیایدا پاشەکشە بکەن و خۆیان بپارێزن. بەگشتی کاتێک کورد تەنگاو بووە ڕووی لە چیا کردووە، نەک دەشتایی و بیابانەکان. هەروەها پارچەکانی تری کوردستان بوونە کە لە کاتی کارەسات و نەهامەتیدا کورد پەنای بۆ بردوون؛ ئێستا باشووری کوردستان جۆرێکە لە قووڵایی ستراتیژیی سیاسی و مرۆیی بۆ کوردانی پارچەکانی تر، نەک پایتەختی وڵاتانی داگیرکەر. پایتەختی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان قووڵایی ستراتیژین بۆ یەکدی لە دژی کورد، نەک بۆ کورد. دەکرێت کورد ئەو پایتەختە بکاتە ئامانج یان گۆڕەپانی چالاکیی سیاسیی خۆی، بەڵام ناتوانێت وەک پشتیوانیی ستراتیژیی خۆی (لە مانا زانستییەکەیدا) پشتی پێ ببەستێت. ئەگەر باس لە بەغدا بکەین، ئەوا هەمیشە هێرشەکان بۆ سەر کوردستان لە بەغداوە سەرچاوەیان گرتووە، بۆیە ناکرێت سەرچاوەی مەترسی ببێتە قووڵایی ستراتیژی. مێژووی سەد ساڵی ڕابردوو دەریدەخات کە بەغدا هەمیشە هەوڵی داوە کورد بێ ماف بکات. لە سەردەمی پاشایەتییەوە بگرە تا دەگاتە کۆماری و ڕژێمی بەعس و سەددام، بەغدا سەرچاوەی سیاسەتی بەعەرەبکردن، وێرانکردن، ئەنفال و کیمیاباران بووە. لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە و لە سێبەری بەناو سیستەمی فیدراڵیشدا، بەغدا بودجەی هەرێمی بڕی، هێرشی سەربازی کردە سەر ناوچە دابڕێنراوەکان لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، و دادگای فیدراڵی وەک ئامرازێک بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێم بەکار دەهێنێت. قووڵایی ستراتیژی بۆ دوو لایەن دەبێت کە هەمان ئامانج و بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەبێت، کەچی ئامانجەکانی بەغدا و کوردستان نەک هەر دوورن لە یەکەوە، بەڵکو تەواو دژ بە یەکن. ئامانجی کورد پاراستنی قەوارەی هەرێم، سەربەخۆیی ئابووری و هێزی پێشمەرگەیە تا دەگاتە سەربەخۆیی سیاسی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی، لە بەرامبەردا ئامانجی بەغدا بەهێزکردنی ناوەندگەرایی، هەڵوەشاندنەوەی فیدراڵی و دەسەڵاتی کوردی، کۆنترۆڵکردنی سامانە سروشتییەکان و سنوورەکان، و بگرە سەپاندنی ڕژێمێکی شۆڤینیی عەرەبی و مەزهەبیی شیعەگەراییە. کەواتە کاتێک دەوترێت "بەغدا قووڵایی ئێمەیە"، ئەمە زیاتر لێدوانێکی سیاسی کاتییە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، بەڵام لە ڕووی ستراتیژیی نەتەوەیی و سەربازییەوە هەڵەیەکی گەورەیە، چونکە بەغدا متمانەی پێ ناکرێت وەک هاوپەیمانێکی هەمیشەیی، عەقڵییەتی دەسەڵاتدارانی هێشتا لەسەر بنەمای زاڵبوون بەسەر کورددا گیری خواردووە، قووڵایی ستراتیژیی ڕاستەقینەی کورد بریتییە لە یەکڕیزیی ناوخۆیی، بەهێزکردنی پێگەی جوگرافی کوردستان و پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا. باوەڕ ناکرێت کاربەدەستانی کوردستان ئەم ئەلفوبێیانەی چەمکی "قووڵایی ستراتیژی" نەزانن، ئەی کەواتە بۆ بەکاری دێنن؟، پێدەچێت مەبەستیان هەندێ خاڵی دیپلۆماسی و دەستووری بێت، نەک باری سەربازی یان نەتەوەیی. لە ڕووی قانوونی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە، هەرێمی کوردستان بەشێکە لە دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ، دانپێدانان بە بەغدا وەک قووڵایی، جەختکردنەوەیە لەسەر پابەندبوون بە یەکپارچەیی عێراق و ڕازیکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. لەوەش گرنگتر بۆ پەیوەندیی ئابوورییە؛ بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری داهات و بودجەی هەرێم لە بەغداوە دێت، بەرپرسان دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەم لێدوانانەوە پەیوەندییەکی باش لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی دروست بکەن بۆ زامنکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان. هەروەها نابێ لێرەدا فشاری دەرەکیش لەبەرچاو نەگرین؛ وڵاتانی وەک ئەمەریکا و بەریتانیا هەمیشە هانی کورد دەدەن لەگەڵ بەغدا ڕێک بکەون، بۆیە ئەم لێدوانانە زۆربەی کات جۆرێکە لە "دڵڕاگرتنی سیاسی- مجاملەی سیاسی". ئەم دەربڕینە مەرج نییە بە واتای قووڵاییەکی نەتەوەیی یان سۆزداری بێت، بەڵکو "قووڵاییەکی سیاسی، قانوونی و ئابوورییە". هۆکارەکانیش ڕوونن: هەرێم قەوارەیەکی سەربەخۆ نییە و بەپێی دەستووری ٢٠٠٥ لە چوارچێوەی عێراقدایە؛ شەرعییەتی نێودەوڵەتیی هەرێم (مووچە، نەوت، فڕۆکەخانەکان، پەیوەندی نێودەوڵەتی) بە بەغدادا تێدەپەڕێت. هەروەها ژینگەی هەرێمایەتی (تورکیا، ئێران، سووریا) دژی سەربەخۆیین و هەندێک جار بەغدا بەراورد بەوان وەک مەترسییەکی کەمتر دەبینرێت. جیهان مامەڵە لەگەڵ بەغدا دەکات وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری و هیچ دەوڵەتێکی گەورە ئامادە نییە لە ئێستادا پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان بکات دژی ویستی بەغدا. لەم ڕوانگەیەوە، بەغدا "خەون"ی کورد نییە، بەڵکو ڕێڕەوێکی ناچارییە بۆ مانەوە. بەڵام وتنی ئەوەی "بەغدا قووڵایی ستراتیژیی ئێمەیە" تەواو ناکۆکە لەگەڵ ویستی گەلی کورد و ئەمە بەرجەستەی کورتبینیی دەستەبژێری سیاسیی کورد دەکات. گەلی کورد هەڵگری یادەوەریی مێژووییە سەبارەت بە چەوسانەوە، ئەنفال، کیمیاباران و داگیرکردن، بۆیە سەربەخۆیی بۆ ئەو ڕزگارییەکی مێژووییە و گەرەنتیی پاراستنی شکۆ و ناسنامەیەتی؛ باشترین بەڵگەش ئەنجامەکانی ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ بوو. هەرچی دەستەبژێری سیاسیی کوردە، بە ڵۆژیکی دەسەڵات و مانەوە و پاراستنی بەرژەوەندییەکان بیر دەکاتەوە؛ لای ئەوان سەربەخۆیی واتە لەدەستدانی ئیمتیازاتەکانی ئێستا و ڕووبەڕووبوونەوەی گەمارۆ. بۆیە خەونی گەل ڕەوایە، بەڵام باجە سیاسییەکەی زۆر گرانە لەسەر دەستەبژێر. ستراتیژیی بەغدا نەک تەنها لەناوبردنی هەوڵی سەربەخۆیی کوردە، بەڵكو تا پێی بکرێت دەیەوێت هەرێمی کوردستان لاواز بکات، نەک هەمیشە بە زەبری هێز، بەڵکو لە ڕێگەی سیاسەتی "لەقاڵبدان" لە بری سەرکوتکردن، و "داتەپاندن" لە جیاتی ڕووبەڕووبوونەوەی گەرم. ئامرازەکانیشی بریتین لە بڕینی مووچە، بەکارهێنانی دادگای فیدراڵی و دەستگرتن بەسەر داهاتەکاندا. ناکۆکی ڕاستەقینەی ئەم بالۆرەی قووڵایی ستراتیژییە تەنها لە نێوان بەغدا و خەونی کورددا نییە، بەڵکو لە خودی گوتاری کوردیدایە کە "دووفاقییە": گوتارێکی نەتەوەیی بۆ نێوخۆ کە سەربەخۆیی بە مافی ڕەوا دەزانێت، و گوتارێکی واقیعی/دەسەڵاتخوازانە بۆ دەرەوە کە دەڵێت "ئێمە بەشێکین لە عێراق و بەغدا قووڵاییمانە". هۆکاری ئەم دووفاقییە بریتییە لە ترس لە لەدەستدانی دەسەڵات و نەبوونی پڕۆژەیەکی سەربەخۆیی کە بەکردەیی توانای ژیان و مانەوەی هەبێت. بەکورتی گەل خەون دەبینێت (کە سروشتییە)، سیاسەتمەدارەکان مانۆڕ دەکەن (کە واقیعییە بەڵام نائومێدکەرە)، بەغداش وەک هەموو دەوڵتێک لە دژی سەربەخۆییە. ئەنجامەکەش دۆخێکی خۆڵەمێشیی درێژخایەنە؛ نە سەربەخۆیی و نە تێکەڵاوبوون و سووڕانەوە لە کەوانەیەکی داخراودا.
