دوای ئەوەی بابەتی چوونی کۆمسیۆنە پەرلەمانیەکەی تورکیا بۆ ئیمرالی و دیدار لەگەڵ ئۆجالان بە دەنگدان لەناو کۆمسیۆنەکە یەکلایکرایەوە. رۆژی ٢٤ی تشرینی دوووەم شاندێکی سێ کەسی لە کۆمسیۆنەکە کە نوێنەرایەتی پارتەکانی ( ئەکەپە، مەهەپە، دەم پارتی) یان دەکرد بۆ دیدار لەگەڵ ئۆجالان چوونە دورگەی ئیمرالی، بە هۆی بڕیاری کۆمسیۆنەکە شاندەکە هیچ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجام نەدا، بەڵام دواتر لە زاری دوو کەس لە شاندەکە زانیاری دیدارەکە بۆ ڕای گشتی دزەیان کرد .
شایانی باسە، چاوەڕوان دەکرا دوای دیداری لیژنەی کۆمسیۆنەکە و ئۆجالان هەنگاوی دووەم لە پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیا دەستپێبکات و هەمووان لە چاوەڕوانی دەوڵەت بوون بەم کارە هەڵبستێت، لە دەرکردنی یاساکانی پەیوەندار بەو پڕۆسەیە، بەڵام تا ئێستا هیج هەنگاوێک نەنراوە، هەر بۆیە قەندیل لە زاری زیاتر لە بەرپرسێک ڕایگەیاند: " ئەوان هیچ هەنگاوێکی دیکە نانێن بگرە چاوەڕوانی دەوڵەت دەکەن"
پێنج رۆژ دوای دیدارەکەی ئیمرالی مەسعود بارزانی بۆ بەشداری لە دیداری مەلای جزیری بانگهێشتی پارێزگای شرناخ کرا، کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و والی شرناخ کارئاسانی بۆ سەردانەکەی کرا بوو، هەر ئەوانیش پێشوازیان لێکرد، بارزانی لە کۆتایی وتارەکەی کە لەو بۆنەیە پێشکەشی کرد پشتیوانی لە پڕۆسەی ئاشتی دەربڕی و سوپاسی هەریەک لە (ئەردۆگان و ئۆجالان)ی کرد لە بەرامبەر ڕۆڵیان لەو پرۆسەیە بەبێ ئەوەی ناوی (دەوڵەت باخچەلی) بهێنێت کە لەو پرۆسەیە لە تورکیا بە ئەندازیاری پڕۆسەی ئاشتی ناوی دێت.
ناو نەهێنانی سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا لە وتارەکەی (بارزانی)دا، باخچەلی نیگەران کرد، ئەو نیگەرانیەکەی بەوە دەربڕی کە بۆچی ڕێگا بە بارزانی دراوە هێزێکی زۆری پێشمەرگە بە چەکەوە لە ناو خاکی وڵاتەکی هاوڕێیەتی بارزانی بکەن؟ پرسیارەکەشی ئاڕاستەی بەرپرسانی وڵاتەکەی کردبوو.
شایانی باسە، وروژاندنی ئەو بابەتە لە لایەن دەوڵەت باخچەلی کە دواتر بووە مژارای ڕای گشتی و میدیاکانی تورکیا، کارێکی ناوخۆیی تورکیا بوو دەبوو بەرپرسانی تورکیا وەڵامی پرسیارەکەی باخچەلی بدەنەوە.
بەڵام ئەوەی دۆخەکەی زیاتر ئاڵۆزترکرد وەڵامی بارەگای بارزانی بوو بۆ ئەم پرسیارە کە بەشیوەیەک بوو کە شۆڤینیەکان و نەیارانی پڕۆسەی ئاشتی لە نموونەی بەرپرسانی ئی پارتی دۆخەکە بقۆزنەوە و پڕۆسەکەش بکەنە ئامانچ.
دواتریش دەوڵەت لەسەر ئاستی وەزارەتی ناوخۆ و دەسەڵاتیش لەسەر ئاستی قسەکەری پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) داوای ڕوونکردنەوە لە پارتی دیموکراتی کوردستان بکەن سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی (دەوڵەت باخچەلی) بە "شۆڤینی و گورگە لە پێستی مەڕدا"
ئێستا لە تورکیا قەیرانێک درووست بووە، بۆیە وا باشە ئەم قەیرانە بە شێوازی دبلۆماسی یەکلابکرێتەوە تا کاریگەری لەسەر پڕۆسەی ئاشتی نەبێت و نەشکرێتە بیانوو بۆ نەیارانی پڕۆسەکەتا دژی بوەستنەوە.
گومانەکان زۆرن و پێشتریش (ئۆجالان) و تەنانەت (ئەردۆگان)یش هۆشداریان لەو داوە کە دەستێک هەبێت هەوڵی تێکدانی پڕۆسەکە بدات.
سەد ساڵە لەو دەوڵەتە خەڵک بەوە ڕاهێندراوە کە تورکیا دەوڵەتی تورکە جگە لە تورک کەسی دیکە خاوەنی ئەو وڵاتە نییە، تێپەڕاندنی ئەو دۆخە ئاسان نیە و دەبێت بە هەستیاری مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
