Apora Logo

یەکسانی و ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست!

یەکسانی و ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست!
بێکەس قادربێکەس قادر

کۆتاییهێنان بە شەڕی غەزە و هێنانەدی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەنگاوێکی مێژوویی گرینگە، لە جیاتی درێژەدان بە شەڕ و نەهامەتییەکان،

16/10/2025

بێكەس قادر


کۆتاییهێنان بە شەڕی غەزە و هێنانەدی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەنگاوێکی مێژوویی گرینگە، لە جیاتی درێژەدان بە شەڕ و نەهامەتییەکان، سەقامگیرکردنی ئاشتی ئاراستەیەکی دروستە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. لە ڕێککەوتنی هاوبەشیاندا لە لوتکەی شەرەم شێخ، سەرۆکەکانی ئەمریکا، میسر، قەتەر و تورکیا ڕادەگەیەنن، کە (پێکەوە ئەم ڕێککەوتنە بە شێوەیەک جێبەجێ دەکەین کە ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری و دەرفەت بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە بە فەلەستینی و ئیسرائیلیشەوە مسۆگەر بکات).

کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین، قوڵایی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە، بەتەنیا پەیوەست نەبووە بە عەرەب و جوو، دەڤەرەکە بووە بە مەیدانی ناکۆکی و ململانێی ئەوانیتر، بۆیە چارەسەرکردنی بووە بە پرسێکی نێودەوڵەتی. بەدەر لەوەی کە گەلی فەلەستین پشتیوانی وڵاتانی عەرەبی و بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ئیسلامی هەیە، بەڵام پێشتر و لە سەردەمی ئێستا، ئیسرائیل لایەنێکی هەر کێشەیەک بێت لە ناوچەكە، ئەوا ئەو کێشەیە ڕەهەندی نێودەوڵەتی هەیە، بۆیە کێشەکە لەژێر کارتێکردنی ئەوانیدیکە بووە و ئێستا کارتێکردنی ئەوانیدیکە بە هەردوو لایەنی ئەرێنی و نەرێنی لە پێشتر زۆرترە، ئەمەش ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی لەسەر قوڵبوونەوەی کێشەکە و ئاراستەی چارەسەرکردنی هەیە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو دەبینین گەلی فەلەستین، سەرەڕای ڕێکەوتن و بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئاستی ناوەخۆ قوربانی هەڵگرتنی دروشمی گەورە گەورە و کورتبینی سەرکردایەتی سیاسی و حزبەکانییەتی. دەنا ئەوەی دوێنێ پێیان دەدرا و بەدەستیان دەهێنا، ئەمڕۆ بەدەستی ناهێنن و کێشەکەیان لە چوارچێوەیەکی چەقبەستوو هێشتەوە و کات و دەرفەتی زۆریان لەدەستدا، جار لەدوای جار شەڕ، پتر کێشەکەی ئاڵۆزاندووە، لێکەوتەکانی شەڕ و نەهامەتییەکان زۆرتر بووە بە بابەت و ئەدرێسی کێشەکە.

کاتێک باس لە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێ، ئەگەر ئەم پڕۆسەیە دەرفەتێکە بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە، ئەگەر چارەسەریی ئاشتیانە بە شێوەیەکی فرەوان ڕووی لە هەموو کێشەکان نەبێت و لە نێویاندا، چارەسەرکردنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد لە هەر یەک لە چوار دەوڵەتی ناوچەکە و پرسی کورد و گەلانی ناوچەکە، وەکوو پێشتر فەرامۆش بکرێت، سیاسەتی فەرامۆشکردن لە ئاستی نێودەوڵەتان و سیاسەتی ئینکارکردن لە ئاستی ناوچەکەدا لە بەرانبەر کورد درێژەی هەیێت، بەپێچەوانەی بەها و پرینسیپەکان، دان بە مافی چارەنووس و ناسنامەی نەتەوەیی کورد نەنرێت، بەدیهێنانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەحاڵە.

لە چوار لایەنی واژۆکار لە ڕێککەوتنی ئاشتی شەرەم شێخ، لایەنێکی واژۆکار سەرۆکی کۆماری تورکیایە، کە لەنێو ئەو وڵاتەدا، گەلی کورد و گەلانی ئازادیخواز لە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان، لە مافی زمانی دایک بێبەشکراون، شووناس و ناسنامەیان ئینکار دەکرێت، بە هەزاران تێکۆشەری ئازادیخواز لە زیندان ژیان بەسەر دەبەن، لەنێو ئەواندا بەڕێز عەبدولڵا ئۆجەلان کە خاوەنی دەستپێشخەری ئاشتییە. دۆزی کورد لە تورکیا، لە سووریا، لە ئێران، بە گشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستیی بە چارەسەرێکی ئاشتیانەی نێودەوڵەتی هەیە، فەرامۆشکردنی دۆزی گەلی کورد لە پڕۆسەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرگیز دادپەروەرانە نییە.

ئاشتی و تەناهی و سەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چەندە بەندە بە پشتیوانی کۆمەڵی نێودەوڵەتی، ئەوەندە و پتر بەندە بە لایەنەکانی ململانێ و دوورخستنەوەی لە جەمسەربەندی و ناکۆکی و ململانێی ئەوانیدیکە و بە بڕیار و باوەڕبوون بە ئاشتی و بە دیالۆگ چارەسەرکردنی کێشەکان و کارکردن لەسەر پتەوکردنی بنەماکانی پێکەوەژیانی گەلانی ناوچەکە و یەکسانی لە مافدا.

;