ئۆپزسیۆنێکی یەکگرتو و خاوەن کارنامەیەکی هاوبەش کە شایستەی پشتگیری هاوڵاتی بێت لەم هەرێمەی باشور ئێستا سەرابێکی بیابانە. دوای راپەرین زۆربەی هێزە ئیسلامیەکان و بە پشتیوانی دەرەکی بەرەی دژایەتی هەرێمیان بە رێگەی تێرۆر گرتە بەر، نمونەکان کەم نین لە واقیعدا ئەمانە هێزی ئۆپزسیۆن نەبون، بەڵکو توندرەو و تێرۆریست بون و لە چەند روانگا و مەرامی تایبەتەوە ببونە دەسکەلای دوژمنانی دەرەکی.
بەتەنیشت ئەمانەوە چەن گروپێکی عەلمانی بچوکی چەپرەو بە لێدوان و نوسین داخەکانی دەرونیان بەرامبەر دەسەڵات و فیگەرە ناسراوەکان نمایش دەکرد.
بەشێک لە یەکیەتیەکان هەر لە سەرەتای یەکەم هەڵبژاردن بۆ پەرڵەمانی کوردستان و پێکهێنانی یەکەم حکومەتی هەرێم بەرەی رکابەری ژێر بە ژێریان گرتەبەر، ئەم کارەیان لە ناکۆکی و شەرەکانی مێژوی نێوان حزبەکەیان و پارتیەوە سەرچاوەی کردبو و هیچ ژێرخانێکی فکری و سیاسی ئەقڵانی مەودا دوری نەبو، ساڵانێک دواتر بەشێک لێیان بێشەرمانە بونە پاشکۆی بەرژەوەندخوازی خۆپەرستی پارتی.
کۆمینستە دێرین و میانرەوەکەی کوردستان چەمکی نە شیش بسوتێ و نە کەبابی لە گوزەرانی لەگەڵ دەسەڵاتدا بژاردەکرد.
روخاندنی رژێمی سەدام کەش و هەوایەکی بێسەروبەری سیاسی رەخساند کە دەرفەتی بۆ سەرابی دیموکراسیەکی بەرەڵڵا و ئاژاوە و سێکتاریزم خۆشەکرد.
سەرکردەکانی کورد بەمەبەست، خۆپەرستی یاخود لە ناچاریەوە دوای ئەم هەڵڵایە کەوتن، رەنگدانەوە نەرێنەکانی بۆ کورد، نەک بۆ دەسەڵات، لە خاڵەکانی سەر وشەکانی دەستوری هەمیشەیی عێراقدا هێدی هێدی بەرچاودەکەون.
هەرچەندە کاک نەوشیروان لەو سەردەمەدا سەرکردەیەکی " سازان خواست" بو، بەڵام لە ئاکامدا گەیشتە ئەو باوەرەی زەمینە و دۆخەکە گونجاوە بۆ دروستکردنی هێزێکی کوردی عەلمانی ئۆپزسیۆنی پەرڵەمانی کە ئەرکە سەرەکیەکانی لە دو خاڵی سەرەکیدا دیاری کرد: چاکسازی و سیستەمێکی پەرڵەمانی حوكمرانی.
بۆ ئەو مەبەستە داوای لە چەند دۆستێکی کرد بە نوسین و قسە بانگەشە بۆ ئەو دو چەمکە بکەن، پێش دروستبونی گۆڕان زنجیرەیەک وتارم لەسەر چەمکی گۆرانکای نوسی و لە سایتی خەندان بڵاوکرانەوە.
پرسی گۆران ئاڵۆز و کێشەدار دەرچو، چونکە لەلایەک ئەقڵیەتی سیاسی دەسەڵاتی کورد خۆپەرست و داخراو بو و لەلاکەی تریشەوە هزری گۆرانکاری کرچ و کاڵ و هەرزەکارئاسا پراکتیزە دەکرا. روداوکانی ١٧ شوبات و دەرکردنی گۆڕان لە حکومەتی هەرێم و نیەتە توندرەوە خوێن رێژەکانی دەسەلات بەرامبەر گۆران گەواهی ئەو راستیانەن.
لە وتارێکمدا کە لە ٣ ی ئەپریڵی ٢٠١٩ بلاوکراوەتەوە باسم لە بۆچون و هەڵسەنگاندنی کاک نەوشیروان لە پرۆسەی ئۆپزسیۆنی بزوتنەوەکە کردوە.
لە دانیشتنێکی دو قۆڵیدا لە ساڵی ٢٠١٣ کۆمەڵیک بابەتی وروژاند، لە درێژەی قسەکانیدا باسی ئەوەشی کرد کاتێک بگاتە سەنگی مەحەک پارتی و یەکێتی ملکەچی پرۆسەی پەرلەمانی نابن، ئاماژەشی دا بەوەی بەشداریکردنی گۆڕان لە کابینەی ئایندەدا ئەگەرێکی کراوەیە. وێرای ئەوەی کاک نەوشیروان چەندین نوسینی دەرباری حکومەت و حوکمرانی و حزب بڵاوکردبوەوە، بەڵام هەڵسەنگاندن و بۆچونی بۆ ئەزمونی گۆڕان و حوکمرانی لەم خاڵانەدا کۆمکردبونەوە:
یەکەم: گۆڕان پێویستی بە حوکمرانیە تا بۆ خەڵکی بسەلمێنێت کار بۆ ئامانجەکان و پەیامە بنەرەتیەکانی دەکات، لە پشت لێدوان و دروشمەکاندا خۆی کەنارگیر ناکات،
دوەم: لە گەڵ کاک مسعود باسی خواست و بەرنامەکانی گۆڕانی کردوە، تایبەت لە چەند بوارێکی گرنگدا، وەک: رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و بە نیشتمانی کردنیان بە رێگەی تەجنیدی ئیجباری و مەشق و راهێنان و پڕ چەککردنیان بە سیستەمێکی سەربازی دیاریکراو،
سێیەم: دارشتنی دامەزراوە و سیستەمێکی نیشتمانی بۆ مامەڵەکردن بە سەرچاوەکانی وزە لە کوردستان،
چوارەم: پەرلەمانی کوردستان مەرجەعی سەرەکی بێت بۆ پەیوەندیەکانی هەرێم لە گەڵ بەغدا و حزبەکان بە رێگەی فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان و لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رۆڵی خۆیان ببینن،
پێنجەم: پێویستە کوردستان پاش نزیکەی سەدەیەک لە ئەزمونی جۆرا و جۆر لە گەڵ سنورەکانی لە گەڵ بەشەکانی تری عێراقدا پشتێنێکی ئەمنی بۆ خۆی دروست بکات، ئەمەش بە رێگای پرۆژەیەکی گەورەی نیشتەجێکردنی کورد لەو ناوچانە و ئاوادانکردنەوەیان. "دواتر دەرکەوت پارتی رێگرنەبو بەڵکو یەکێتی رێگری دەکرد".
شەشەم: پێرەوکردنی شەفافیەت و دادپەروەری و سەروەری یاسا لە حوکمرانیدا.
کاک نەوشیروان بە وردی لە کرۆکی پرسی حوکمرانی هەرێم تێگەیشتبو، هێزی چەکدار و پارە و وەلا و بنەماڵەیی و مێژو و حزب و کەسایەتیە ناودارەکان کۆڵەکە بنەرەتیەکانی حوکمرانین، پەرلەمان و دامەزراوەکانی تر ئارایشتەکردنێکی سەردەمانەیە بۆ ئەو پرۆسەیە، بۆیە بە لایەوە گرنگ بو بە وردی باسی یەکێک لەو خاڵانە بکات کە لە گەڵ کاک مسعود وروژاندبوی: ئەویش رێكخستنەوە و یەکگرتنی هێزەکانی پێشمەرگە بو. لەو روەوە گوتی: ئێمە وەک گۆڕان چەند پرۆژەیەکمان بۆ ئەو مەبەستانە ئامادە کردبو و دابومان بە پارتی، تایبەت دەرباری تەجنیدی ئیجباری و بە نیشتیمانیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە. پێشتر ئەو وەزارەتە لە پشکی یەکێتی بو، گۆڕان و وەزیرەکەی لەو پۆستەدا تازە بون، زۆربەی کارمەند و بەرپرسە باڵاکانی وەزارەتەکە یەکێتی بون رێگری سەختیان لەو کارانە دەکرد.
" دواتر بە زەبری ئەمریکا دەسەڵات ملکەچی جێبەجێکردنی بەشێکی ئەو پلانەن".
ئەو سەردەمە گرێ کوێرەی بنەرەتی جۆری سیستەمی حوکمرانی بو، گۆڕان پێداگری سەختی لە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە لایەن پەرلەمانەوە و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی دەکرد. کاک نەوشیروان لەو بارەوە نوسیویەتی:
ههرکهس چاودێری رهوتی سیاسی روداوهکانی ئهم چهند ساڵهی دوایی کرد بێ و، وتار و قسهکانی ئێمهی له دهزگاکانی راگهیاندن دا خوێندبێتهوه یا بیستبێ، ئهزانێ ناکۆکیهکانی ئێمه له گهڵ حیزب و دهسهڵاتی سیاسی به هیچ جۆرێ له سهر شتی شهخسی نیه بهڵکو له سهر جۆری بهڕێوهبردنی وڵاتهکهیه". بەشێک لە هاورێ دێرین و دۆستەکانی کاک نەوشیروان و تەنانەت حاقد و تۆڵەخوازەکان تیری کەوانەکانیان وەک گلەیی و رەخنە و تەنانەت بۆ شکاندنی کەسایەتی کاک نەوشیروان بەشداریکردنی لە حکومەتی هەریم وەک قەمیسی عوسمان بەکاریان هێناوە و بەکاری دەهێنن. " ئێستا زۆربەیان بونەتە سەپانی هەمان دەسەڵات.
پاش شکستهێنان بە پرۆسەی ریفراندۆم، کارەساتەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر، گەرانەوە بۆ بەغدا، شکستی چەمکی سەربەخۆیی ئابوری، باڵادەستی زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە لە کاروباری باشور، مانەوەی مەترسیەکانی تیرۆریزم لە دەوروبەرمان، لاسەنگی هێز نێوان کورد و دەسەڵاتەکانی تر بە زەرەری کورد و لە هەموشیان گرنگتر کاڵبونی بەرچاوی متمانەی خەڵکی کوردستان بە پەرلەمان و حکومەت و فەرمانرەوایی. پرسیارەکە ئەوەیە پێویستمان بە چ جۆرە ئۆپزسیۆنێکە؟ هەرچەندە تموحی سیستەمی دیموکراسی زۆر جوان و رەوایە، بەڵام ئەزمونەکان سەلماندویانە بۆ ئەوەی نەبێت بە تموحێکی نەزۆک پێویستە لە کۆپیکردن و لاساییکردنەوە خۆمان دور رابگرین و بیر لە جۆرێک ئۆپزسیۆن و سیستەمی حوکمرانی بکرێتەوە کە بتوانێت هاوسەنگی نێوان پێکهاتە ناکۆک و رکابەر و ناحەزەکان بە یەکتر رابگرێت و کۆیان بکاتەوە تا سیستەمەکە هی هەموان بێت و خۆیان بە خاوەنی بزانن. خۆم لەو باوەرەدام دو حزبی دەسەڵاتدار لە هەرێم تەنها خۆیان بە خاوەنی سەرەکی دەسەڵات دەزانن و هێزەکانی تریش بە هەڵلوشەری چێشتی مجەوریان دەزانن. ئەزمونەکانی دیموکراسی لە تورکیا، چەند وڵاتێکی کەنداو، میسر، جەزائیر، لوبنان و تەنانەت ئەزمونی ئێرانیش سەلماندویانە کە ئەمجۆرە ئەقڵیەتە بەرەو هەڵدێر دەرۆن و میللەتەکان باجەکەی دەدەن.
پێمان ناڵێن کام لەو تاقم و گروپانەی هەرێم کە ئێستا نازناوی ئۆپزسیۆنیان بەخۆیانەوە لکاندوە چ جۆرە زەمینە و قوڵاییەکی فکری وستراتیجیان هەیە بۆ دەربازبون لەم دۆخە ئاڵۆز و زەرەربەخشەی حوکمرانی لە هەرێم. زۆربەیان وەڵامی مەنتیقی و باوەرپێکراویان نیە بۆیە پەنا بۆ بەغدا دەبەن و لە سایەیدا درێژە بە هەوڵە نەزۆکەکانیان دەدەن و ئامادەشن کیانی هەرێمی کوردستان بکەنە قوربانی بۆ مەرامە تایبەتەکانیان. مانەوەی دۆخەکە بەمجۆرە زو یاخود درەنگ خەڵك ناچار دەکات بیر لە شێوازی تر بکاتەوە.