Apora Logo

تاکتیکی غافڵگیری لە بە ئامانجگرتنی ئێران

تاکتیکی غافڵگیری لە بە ئامانجگرتنی ئێران
هیوا سەید سەلیمهیوا سەید سەلیم

هیوا سه‌ید سه‌لیم

22/6/2025


 لە دەستپێکی ھەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران دۆنالد ترەمب پەنای بۆ تاکتیکێک برد ئەوەیش غافڵگیرکردنی ئێرانییەکان بوو بە دانیشتن و گفتۆگۆکان بۆ چارەسەری پرسی چەکە ئەتۆمیەکانی ئێران.

 بە پێی خشتە دانووستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، دەبوو ڕۆژی 12 حوزەیران گەڕی دانیشتنی شەشەمی دانوستان ئەنجام بدرێت، بەڵام دانیشتنەکە بۆ رۆژی یەکشەمە 14 مانگ دواخرا، لە پێشھاتێکی چاوەڕوان نەکراودا،  رۆژی ھەینی 13ی حوزەیران سوپای ئیسرائیل ھێرشی کتوپڕی کردە سەر ئێران.

 ئەمەیان بە قۆناغی یەکەمی دەستپێکی شەڕی نێوان ئیسرائیل – ئێران دادەنرێت کە بنکە مووشەکیەکانی ئێران و چەندین سەرکردەی سوپای پاسداران و زانای ئەتۆمی لە شیرینە خەو بە ئامانج گیران.

دوا بەدوای ھەفتەیەک لە دەستپێکردنی جەنگی (ئیسرائیل - ئێران) رۆژی ھەینی 20ی حوزەیران دوو کۆبوونەوەی گرنگ بۆ رێگری لە تەشەنەسەندنی لە ھەریەک لە (نیویۆرک و جنێف) بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ئێران ئەنجام دەدران، دوای ئەم دوو کۆبوونەوەیە دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دوو ھەفتەی دیاریکرد بۆ ئەوەی ئێران بچێتە ژێرباری مەرج و داخوازیەکانی ئەمەریکا، بەڵام دەرکەوت ئەو مۆلەتەی ترەمپ تەنیا بۆ غافڵگیرکردنی دووبارەی ئێران بووە و درەنگانی شەوی 21 /22 ئەمەریکا زمانی دبلۆماسیەتی گۆڕی بۆ تاقیکردنەوەی بۆمبە قورسەکانی فڕۆکەی B2 .

شایانی باسە دۆنالد ترەمب لە پەنابردنە بەر تاکتیکی غافلگیرکردنی ئێرانیەکان لە ڕۆژی ھەینیەوە کۆشکی سپی جێھێشت بۆ  گەشتکردن بەرەو ویلایەتی نیوجرسی، ئەوەشیان ھەر وا لێکدەدرێتەوە کە دیسان بۆ غافڵگیری ئێرانیەکان بوو بێ، چونکە وا مەزەندە دەکرا ئەگەر سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی نەبێت بڕیاردان لەسەر پەلاماری ئەمەریکا بۆ سەر ئێران نادرێت.

بەڵام ترەمپ لە نیوەشەوی 21ی حوزەیران گەڕایەوە بۆ کۆشکی سپی و کۆتایی بەو وادە دوو ھەفتەیە ھێنا کە بە نافەرمی لە ڕێگای میدیاوە بۆ ئێرانییەکانی دیاریکردبوو.

سەرەنجام ئەمەریکا گەفەکانی خۆی لە پەلاماری ناوەندە ئەتۆمیەکانی ئێران لە سێ ناوەندی (فۆردۆ، نەتەنز، ئەسفەھان) کردە کردار، بە قسەی ئەمەریکا بێت ئەو سێ ناوەندە بە بۆمبەکانی فڕۆکەی B2 وێرانکراون،  ئەمەریکاش بە فەرمی بووە لایەنێکی شەڕەکە. ماوە ببینرێت ئایا ئێران کاردانەوەی بەرامبەر ئەمەریکا دەبێت یان دەچیتە ژێر باری ئەو داوایەی کە لێی دەکرێت بۆ گەڕانەوە بۆ دانووستان.

ئاشکرایە کە ئێرانێک کە دامەزراوە ئەتۆمیەکانی بە ئامانج گیرا بن دەبێت بۆ لەمەوداوا زمانی  گفتوگۆشی بگۆڕدرێت، لە ئەگەری ڕەتکردنەوەی دانیشتنیشدا دەبێت ئێران چاوەڕوانی پێشھاتی مەترسیدارتر بکات، بەڵام ئەمجارەیان دوور لە غافڵگیری،  بگرە لە جەنگی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل.

 


;