Apora Logo

شۆڕشی پیشەسازی و زیرەکی دەستکرد

شۆڕشی پیشەسازی و زیرەکی دەستکرد
گۆران جەلالگۆران جەلال

گۆران جەلال

13/5/2025



لە سەدەی هەژدەم جیهان بەگشتی و ئەورپای رۆژئاوا بەدیاریکراوی بەهۆی داهێنانی بزوێنەری هەڵمی شۆڕشێکی یەکجار گەورەی لە بوارەکانی پیشەسازی و زانست و میتۆدە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بەرپا کرد، کەپاشان بە شۆڕشی پیشەسازی ناوبانگی دەرکرد، ئەوەی مایەی تێڕامانە مرۆڤایەتی لەهەر هەژدە سەدەکەی پێشترو بەر لە زایینیش هێندە پەرەسەندنی بەخۆیەوە نەدیتبوو ئەوەندەی شۆڕشی پێشسازی بەدەستی هێنا بە تایبەتیش لە بوارەکانی بەکارهێنانی بزوێنەری هەلمین لە کەرتی رستن و چنین و هۆیەکانی گواستنەوە( لەرێگای ئاسنین و ئاوی ، پاشانیش لەزەوی و ئاسمان). ئەو کات بە هەموو پێوەرەکان جیهان چووە قۆناغێکی دیکە و  لەسەرینی ئەو شۆڕشەوە پەیوەندەییە ئابورییەکان گۆڕان، چەمکە سیاسی و کۆمەڵاتیەکانیش بە تەواوی جۆرو شێوازەکانی گۆڕانیان بەسەر داهات، هەروەک لە ئەدەبیاتی مارکسیزم باسی لیوە دەکرێت کە سەرەتای هەنگاوی گواستنەوەی کۆمەڵگاکان لە قۆناغی دەرەبەگایەتی بەرەو سەرمایەداری دەستی پیکرد.

کەس ناتوانێ نکۆڵی لەو راستە بکات کە شۆڕشی پیشسازی دەستکەوتی مەزنی بۆ مرۆڤایەتی بەدەست هێنا و وەرچارخانی لە زانست، تەکنەلۆژیا، ئایدیۆلۆژیا، سیاسەت‌، دنیابینی و بەها کۆمەڵایەتیەکان  کرد، لە هەمووانیش گرنگتر پەیوەندی نێودەوڵەتی و پەیوەندیەکانی بەرهەم هێنانی گۆڕی و هەر دوای ئەو شۆرشە بوو کە گۆتە بەناوبانگەکەی "ئادام سمیث" هاتە ئاراوە (لێی گەڕێ بڕوات لێی گەڕێ کار بکات)، بەڵام سەرباری هەموو ئەو دەستکەوتانەی بەدەست هاتن مرۆڤایەتی لەمەینەت و دەردەسەری ناخۆشی و شەڕی خۆیناویش بێبەش نەبوو، بەڵگەش پەیدا بوونی چەمکی کۆلۆنیالیزم، کە بەهۆیەوە دەیان وڵات داگیرکران، سەرئەنجام نەتەوەو گەلە داگیرکراوەکان چ بە شۆرش و چ بە توندی تیژی و چ بەشەری چەکداری سەدان راپەڕین و بەیەکدادانی خۆێناوی روویاندا، هەروەها هەردوو شەری جیهانیش هەر بەشیک بوو لەو تەوەربەندیەی کە بەهۆی لێکەوتەکانی ئەو شۆڕشە هاتبۆوە ئاراوە، کەواتە دەتوانین ئەو راستیە بسەڵمێنین کە شۆرشی پیشەسازی بە هەموو دەستکەوتە گەورەکانیەوە چەندە سوودی بە مرۆڤایەتی گەیاند هێندەش کێشەو گرفتی جۆراو جۆری لەگەڵ خۆی خولقاند. ساڵانێکی زۆری ویست تا پاشلەرزەکانی ئەو شۆڕشە کەمێک ئارام بۆوەو لایەنی کەمی سەقامگیریەکی سیاسی و ئابووری دەستەبەر بوو، کە ئارام بوونەوەکەش بەشیکی بە هۆی بلۆک بەندی و بەشێکی لەسەر حیساب و بەرژەوەندنی نەتەوە بندەستەکان و خەڵکانی بێ دەرتان و بەشمەینەت بوو.

بەپێی سەرچاوە زانستیەکان هیچ کات مرۆڤەکانی سەر ئەو دونیایە لە پێشکەوتن و گۆڕانکاری نەوەستاون، جا ئەگەر ئەو گۆڕنکاریانە خێرا یان لەسەرخۆ بووبن، هەر لەو کاتەوە مرۆڤی نیاندەرتال توانی بەردی تیژ بۆ راوکردنی نێچیرەکانی بەکار بێنێ تا دەگاتە ئەوەی ببێتە ئەو بوونەوەرە کۆمەڵایەتیەی کە خێزان و گروپ و کۆبوونەوە دروست بکات، پاشانیش قۆناغ بە قۆناغ ببڕێ و ببیتە ئەو بوونەوەرەی پێشکەوتنەکانی یەکجار باڵا بێت.

لە سەدەکانی رابردوو مرۆڤایەتی لەسەرخۆو چەند ساڵ جارێک داهێنانێکی پێشکەش دەرکرد و هەروەها پەرەسەندن و گۆڕانکاریەکان کاتی زۆر زیاتریان لە ئێستا دەویست، بەڵام پەرەسەندنەکانی ئەم دوو دەیەی داوایی بەراستی هیچ بژمێرێکی نەهێشت بە تایبەتیش لە بواری تەکنەلۆژیا و پەیوەندی و ئەلکترۆنیاتدا، ئەمڕۆ ئەو رایەڵەی تۆڕەکانی پەیوەندی لە دنیادا دروستیان کردووە هیچ جۆرە سنورێکی دیاریکراویان بۆ کەس نەهێشتۆتەوە، بە گشتی هەموو تاکێکی ئەم جیهانە بە شێوەیەک لە شێوەکان پەڵکێشی ناو ئەو تۆڕە جالجالۆکەییە بووە، هەم سوودمەندە تێیدا هەمیش لەسەر ئازادی کەسێتیان مەترسیە، ئێستا هەموو کەسێک بە ویست یان بە بێ ویستی خۆی لەناو سیستمێکی جیهانی هێندە ئالۆز ژیان دەکات بەردەوام لە سترێس و دڵەراوکێ دایە، ئەگەر خۆی وڵاتەکەی لەشەر نەبن یان شەڕ لێیان دوور بێ ئەوا بێگومان لێکەوتەی شەر هەر هیچ نەبێ لە باری ئابووریەوە پڕوشکەکەیان بەردەکەوێ.

ئەمڕۆ جیهان لەناو شەرێکی هەمە رەنگی فڕە لایەنی فراوانی جیهانی و ناوچەیی دایە، هەموو وڵاتان لەناویشیاندا هاوڵاتیانیان یان راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لەژێر گاریگەری شەرو ئاڵۆزییەکان دان، زیادەرۆیی نابێ ئەگەر بڵێین گویی زەوی بە هۆکاری شەرو ئاشووب لەلایەک بەهۆی ئەو مەترسیانەی مرۆڤ لەسەر زەوی دروستکری کردووە و ژینەگەی بەتەواوی گۆڕیوە لەلایەکی دیکە لە مەترسیدایە.

لەم دە ساڵەی دوایی بە دیاریکراوەیش لە پاش پەرەسەندنی ئینتەرنێت و بەکار هێنانی لە بوارە جیاجیاکاندا و ئەو داهێنانە خیرایانەی لەو تەکنەلۆژیایەی پێی دەگوترێت زیرەکی دەستکرد  دووبارە شۆرشێکی دیکەی زانست و زانیاری و پەرەسەندنی خێراو چاوەڕوانەکراوی جیهانی سەریهەڵداوە، بەشێوەک رۆژانە گۆڕانکاری روودەدەن و چەمک و زانیاریەکان پەرەدەسێنن، رەنگە ئەو قسەیە زیادەڕۆیی تێدانەبێ ئەگەر بڵێین گۆڕانەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی هێندە هەزاران ساڵی پێش خۆیەتی، بە دیاریکراویش زانستی زیرەکی دەستکرد لە هەموو بوارەکان دروست بووە بە جیاوازی جۆرو کاتی سەرهەڵدانەکەی هەمان دووبارە کردنەوە و ئەو بوومەلەرزەیە کە لەسەرینی  شۆڕشی پیشەسازیی بەسەر جیهاندا هات، بەڵام ئەمجارە رەنگ و شیوازێکی هەرە پەرەسەندوو جیاوازتری هەیە، بەشێوەیەک چەندی داهێنانە جیاوازەکان فرە رەنگ و رەهەندن ئەوەندەش پڕ کێشەو گرفتن.

زانستی سیاسی ئەوەی پشت راست کردۆتەوە کە شۆرشی پێشەسازی لە کاتی خۆی هەموو بەها سیاسی و ئابووری کۆماڵایەتیەکانی گۆڕی، لەهەمووی جیاوازتر پەیوەنی بەرهەم هێنانی بەتەواوی گۆڕی، ئەو قسەیە زۆر دروستە کە دەڵێ شۆڕشی پێشەسازی دەرک و دەروازەی دنیای بۆ سیستمی سەرمایەداری بە هەموو چاکی خراپیەکانیەوە کردەوە، هەر ئەوەش وایکرد پەیوەندی نێودەوڵەتیش بگۆڕێ، دەکرێ بڵێین ئەو فاکتەی کە لە پێشتر باسمان کرد هەتا هەرەسی دنیایی دوو جەمساری درێژەی هەبوو، لەو کاتەوە تائەمڕۆکە دنیا لە گۆڕانێکی بەردەوامە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی بەرهەم هێنانی تازەو ریزبەندیەکی دیکەی سەرمایەداری بە مانا ئابووری و سیاسیەکەیەوە، کە خەریکە پەرسەندنەکان لە شۆرشیکی دیکەی دنیایی بە ناوی زیرەکی دەستکرد بەرجەستە دەبێت، دیارە چۆن لەسەردەمی خۆی جیهان بەگشتی گۆڕا، ئەمجارەش ئەو شۆرشەی کە بەخێراییەکی لەرادەبەدەر گەشە دەکات دنیا بە شیوەیەکی رەها دەگۆڕێ، ئەگەر شۆرشی پێشەسازی تەنها پەیوەنیەکانی بەرهەم هێنانی دەربەگایەتی هەڵوەشاندەو مرۆڤی لە کێلگەوە گواستەوە کارگەکان، ئەمجارە دیار نییە داهاتووی مرۆڤەکان لە سەرمایەداریەوە بەرەو کۆی دەڕوات.

بەگشتی لە تڕامانێکی خێرای ئەو شۆرشە نوێیەدا بۆمان دەردەکەوێ کە چەقی گۆڕانگاریەکان هەموو مرۆڤەکان ناگرێتەوە بەڵکو جۆرێکی دیکەی ریز بەندی کۆمەلایەتی دروست دەکات، کۆنترۆڵی دنیا لەدەست ئەو کەسانە دەبێت کە خودانی زیرەکی دەستکردن و جیهانیش بە پێی ئەو بەرژەوەندیانە دادەرێژرێتەوە کە خۆیان مەبەستیانە، ئەمجارە سیستمە سیاسیەکان لە خزمەتی رابەڕانی زیرەکی دەستکرد دەبن نەک بە پێچەوانەوە، بەکورتیەکەی سەرباری هەموو داهێنانەکانی زیرەکی دەستکرد ئەگەر بەباشی لە پێناو مرۆڤایەتی لە چوارچێوەی کۆت و بەندێکی جیهانی مرۆڤانە کۆت و بەند نەکرێت مەترسیەکانی زیاتر دەبێ لە سوودەکانی، بە تایبەتیش ئەگەر ئەو تێزەیان سەر بگرێ کە لە داهاتوو ئامێرە دروستکراوەکانی زیرەکی دەسترد لە جیاتی مرۆڤەکان بیر بکەنەوەو بڕیار بدەن.    


;