چەند سەرنجێک لەسەر پەیامەکەی ئۆجەلان و لێکەوتەکانی.
یەکەم،
گرنگ نییە ئیمڕاڵی چی گۆت، گرنگە قەندیل چی دەڵێت.
ئیمڕاڵی خاوەنی قسەیە و قەندیلیش خاونی کردار. لەنێوان ئەهلی قسە و کرداردا، ئاشکرایە بڕیار لەدەست کێدایە.
دووەم،
گرنگ نییە ئیمڕاڵی و قەندیل چی دەڵێن، گرنگە ئەنقەڕە چی دەڵێت.
لانی کەم، لەدەورانی ئۆزاڵ و لە رۆژی بەقەندیل کردنی تەڤگەری چەکداری باکورەوە، کە یەکێتی وپارتی رۆڵی خراپیان لەمەدا بینی، تا ئێستا، وە بەتایبەتیش دوای گیرانی ئۆجەلان، موبادەرە یان دوگمەی شەڕ و ئاشتی حەسرەن بەدەست ئەنقەڕەوە بووە نەک قەندیل و ئیمڕاڵی.
ئەمجارەش، ئەوە تورکەکانن کە بڕیار دەدەن پەنجە لەسەر دوگمەی شەڕ دابنێن یان ئاشتی.
بەداخەوە، دوگمەی ئاشتی دەستی تورکەکان لەگەڵ کورد لە دامەزراندنی کۆمارەکەیانەوە لەکار خراوە و پێدەچێت هەرواش بمێنێت.
سێیەم،
قەندیل چی دەڵێت…؟
پێشوەختە و سێ هەفتە پێش ئێستا قەندیل لە سەر زاری قەرەیەڵان لە سەر بنەمای چوار خاڵدا پابەندنەبوونی خۆی بە پەیامە چاوەڕوانکراوەکەی ئۆجەلان راگەیاند:
خاڵی ١:
ئۆجەلان ئازاد نییە و ئازادی ئۆجەلان پێشمەرجی پابەندبوونی پەکەکەیە بەهەر بڕیار و پەیامێکی ئۆجەلانەوە.
خاڵی ٢:
پەیامی ئاشتی تورکەکان جێی متمانەی کورد نییە و دەبێت تورکەکان زەمینەی ئەو متمانەیە دروست بکەن.
خاڵی ٣:
کورد و تورکەکان لەزاپ لەجەنگێکی دەستەویەخەدان و ئەگەر جەنگ نەوەستێت ئاشتی و چەکدانان تەسلیمبوونە.
خاڵی ٤:
گەریلا هێزێکی عەقیدەیی خۆبەخشە و بە قسەی من و ئۆجەلان چەک دانانێن.
ئەوەی سەرەوە هەڵوێستی قەندیلی سێ هەفتە پێش پەیامەکەی ئیمڕاڵییە.
لەم سێ هەفتەیەدا بچوکترین گۆڕانکاری ئیجابی لە سیاسەت و مامەڵەی دژەکوردانەی تورکەکەکان روینەداوە و بۆیە چاوەڕوانیش ناکرێت بچوکترین گۆڕانکاری لەم هەڵوێستەی قەندیل رووبدات
بەکورتی ئەوەی کە پەیوەستە بە کوردەوە، ئەوە گرنگ نییە ئۆجەلانی خاوەن قسە و پەیام چی گۆت، بڕیار و کردار بەدەست قەندیلە.
چوارەم،
تورکەکان چی دەڵێن و چیانگۆت؟
هیچ…
وەک ئەوەی پەیامەکەی ئۆجەلان پەیوەست بێت بەدورگەی واق واقەوە، پەڕلەمان و حکومەت و میدیای تورکەکان لەئاست پەیامەکەدا، کەڕەی شەربەت ئاسا، کەڕ و لاڵن.
ئەم کەڕ و لاڵییەی تورکەکان بۆخۆی دزێوترین و مەترسیدارترین پەیام و پیلانی داگیرکارانەیە. پیلانی خەڵەتاندنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و شەڕ خستنە ناو ماڵی کورد و بەتایبەتیش تەڤگەرەوە وە دەمەزەردکردنەوەی ئیگۆ و غرووری فاشیستانەی تورکەکان.
هەتا تورکەکان وەک ئەم ٢٤ سەعاتەی رابردوو مامەڵەی داگیرکارانە، ئیستیعلایانە و مەغرورانە لەگەڵ کورد و تەڤگەرەکەی و رابەرایەتییەکەی مامەڵە بکەن، ئەوا گرنگ نییە ئۆجەلان چی گۆت و قەندیل چی دەڵێت.
گرنگ ئەوەیە تورکەکان تا کەی گرەو لەسەر نەمانی کورد دەکەن و تاکەی وجودی کورد وەک کێشەی بونیادی تورکەکان دەمێنێتەوە.
سەدەیەکە گەردیلەیەک گۆڕانکاری لەمەعدەنی تورکەکان رووینەداوە و پێناچێت وا زووش رووبدات.
پێنجەم،
ئایا پەکەکە ئاشبەتاڵ دەکات…؟
نەخێر….
هیچ زەمینەیەک بۆ ئاشبەتاڵی پەکەکە نییە.
پەکەکە خاوەندارە و خاوەنی جوڵانەوە و سیستەم و موئەسەسات و کۆمەڵێک ناوەندی بڕیارە.
خاوەنی هێزێکی عەقائیدیی و سیستەم و ئایدیۆلۆژیا و دۆز و پرسێکی رەوایە.
پەکەکە خاوەنیشی هەیە وە خاوەنی پەکەکەش خانەوادەی دەیان هەزار شەهید و بێسەر و شوێن و سەدان هەزار زیندانی و ملیۆنان کوردن کە خۆیان و خانەوادەکانیان بوونەتە قوربانی جەبەڕوتی دەوڵەتی تورکەکان.
ئێمەی باشوری چونکە ئاشبەتاڵ داخانی کردووین، بەردەوام تارمایی ئاشبەتاڵ وەک کابوسێک بەربینی گرتووین و هەموو جوڵەیەک بەئاراستەی چەکدانان، ناواقیعیانە، وەک ئاشبەتاڵ وێنا دەکەین، ناهەقیشمان نییە