Apora Logo

داخوازیەکانی مانگرتوان لەنێوان ڕەوایەتی و تۆمەت بەخشینەوەدا

داخوازیەکانی مانگرتوان لەنێوان ڕەوایەتی و تۆمەت بەخشینەوەدا
بەختیار مستەفابەختیار مستەفا

بەختیار مستەفا

4/2/2025



گەربێتوو چاوێک بەمێژووی دوای راپەڕیندا بخشێنینەوە ، دەبینین جەماوەرو هاوڵاتیانی ستەم دیدەی کوردستان هەر لەسەرەتای راپەرینەوە هەڵوێستی جوامێرانەی خۆیان وەک پێش راپەڕین دوبارە کردەوەو سەری بەرزیان بۆ مووچەی رژێمە نەگریسەکەی بەعس نەوی نەکرد ، جەماوەر بەئاپۆڕاو دەست بەسنگ و چەپڵەرێزانەوە ریز دەبوون بۆ تێکۆشەرانی دوێنێی شاخ ...

خەڵک بەرگەی گەمارۆی ئابوری نێودەوڵەتی و عێراقیان گرت .. چوونکە خەڵک تینوی ئازادی و رزگاری بوون هێشتا رۆحی شۆڕشگێڕی و نیشتمانپەروەری تیایاندا زیندو بوو جیاوازیەکی ئەوتۆیان لەنێوان خۆیان و هێزی پێشمەرگەو بەرپرسەکاندا نەدەبینی بۆیە لەلایەک ئامادە بوون بۆ بەرگەگرتنی نەبوونی و برسێتی و بێ مووچەیی، و دیسان جەماوەر ئامادە بوون ماڵ و حاڵی خۆیان خستەوە خزمەتی تێکۆشەرانی دوێنێ و حکومەتی هەرێمی ساوای هەرێمەوە

هەمووان تا کەشکەلانی فەلەک دڵیان بەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی هەرێم خۆش بوو ، زۆرێک لەخێزانەکان کەس و کاریان بەکۆڵ دەبرد بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان ، بەجل و بەرگی ئاڵ و واڵاو ئاڵای کوردستانەوە بەجۆش و خرۆشەوە دەچوون بۆ دەنگدان ،

هەڵبژاردن ئەنجامدرا و یەکەمین کابینەی حکومەتی هەرێم راگەیەندرا ، بووینە جێگای سەرنجی دۆست و دوژمن ، دۆستەکانمان خۆشحاڵ و نەیارانیش خەریک بوون دەتەقین .. هەمووان چاومان لەوە بوو لەژێر حوکمڕانی کوردیدا لەستەم رزگار دەبین ، کەس لەبازگەکان سوکایەتی بەگەنجەکانمان ناکات ، ئازادی ، یەکسانی ، دیموکراسیەت و مافی مرۆڤ و سەرفرازی بۆ گەل بەرێوەیە ...

کەچی بەداخەوە هەرزوو دیسان حزبە حوکمڕانەکانی ئەمڕۆ دیسان تووشی شەڕی براکوژیان کردینەوە ، دواتر دێگەڵە کرایە سنور ، زۆنی زەردوسەوز دروست کرا ، رەنگەکان ، شەهیدەکان ، داروبەردی باشور دابەشکرا ، بەشەرێکی ماڵکاولکارانە هەزاران رۆڵەی ئەم نیشتیمانە کرانە قوربانی ، بۆ یەکتری خستن لەهیچ نەوەستانەوە تا وای لێهات پەنا برایە بەر بەغداو ئێران و تورکیاوە ... هەتا ئەمڕۆش دەیان دیلی شەڕی ناوخۆ بێسەرو شوێنن ..

دوای ئاشتبوونەوەو یەکخستنەوەی حکومەت ( بێگومان بەفشاری دەرەکی ) ، ئەمجارەیان شەدی پشک پشکێنەو دامەزراندنی خەڵک بەلێشاوو بەلیست دەستی پێکرد ، لیستی زەرد بەجیاو لیستی سەوز بەجیا بەرز دەکرایەوە بۆ حکومەت بەبێ رەچاو کردنی ئەوەی ئەو هەموو خەڵکە پێویستە دابمەزرێندێن یاخود نا ، گرنگ ئەوەیە هەرکەس لێستی خۆی هەبێت و وەلائەت بۆ خۆی پەیدا بکات ... بێگومان هەموو

ئەو لیستانە بە بەتەزکیەو پشگیری حزبی دەکران ... بەو شێوازەمان هێنا هەتا روخاندنی رژێمی بەعسی سەدامی دیکتاتۆر .

ئەمجارەیان چوونە بەغدا بۆ درستکردن و سەرپێ خستنەوەی حکومەتی نوێی عێراق و هێزە کوردیەکانمان بەهەموو قورساییان چوونە ئەوێ . .. زۆربە بیریانە حکومەتی عێراق تەنانەت پۆلیسێکی هاتوچۆشی نەمابوو رێگاو بانەکانی پایتەختی پێ رێکبخەنەوە .. هێزە کوردیەکان

 چوون بەغدادایان هەستانەوە سەر پێی خۆی ، لەجیاتی داواکردنی سەربەخۆیی و کۆنفیدراڵی کەوتنە هەڵپەی پارەو پۆست و پشکی حیزبی نەک پشکی کوردستانی .. دیسان لەجیاتی یەکڕیزی ، کەوتونەوە چی بۆ من و چی بۆتۆ ؟ .

لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ چەندین سەفقاتی حزبیان بۆ بەرژەوەندی کەسی و حزبی و لەدژی یەکتری و زیان بۆ گەلەکەمان ئەنجام داوە ، هەرچەندە هەتا 2014 ش بەپێی ئەزمون و کەسایەتیەکانی کوردستان لایەنە عێراقیەکان بەبێ کورد نەیاندەتوانی بەبێ گەڕانەوە بۆ کورد و هێزو سەرکردە کوردیەکان پەنجە بەئاودا بکەن ، بەڵام دیسان کورد نەیتوانی ئەو هەلانەش بقۆزێتەوە ، ئەوەتا دەبینین ئەمڕۆ بەچی گەیشتووین ، وەزیرێکی دارایی چی بەکورد دەکات ! .

دوای سەرهەڵدانی دا - عش و پەلاماردانی ناوەراستی عێراق و نزیکبوونەوەش لەناوچەکانی دەسەڵاتی هەرێم ، بەهۆی پشتیوانی نێو دەوڵەتی بۆ هەرێم دیسان هەل و مەرجی باش بۆ کورد رەخسا ، مەسەلەی ریفراندۆم هاتە پێش ، بەڵام ئەمجارەش وەک جارانی تر بەپەرتەوازەیی هێزە سیاسیەکان و ململانێکان و هەرکەس بۆخۆی و بێ متمانەیی بەیەک و باش دیقەت و سەرنج نەدان لەهەل و مەرجەکان ، لەخۆبایی بوونی هەندێک و رقەبەرایەتی دیسان بینیمان چۆن ریسەکانتان کردەوە بەخوری ... قسەی من لەسەر باشی و خراپی پرۆسەکە نیە بەقەدەر ئەوەی مەبەستم لەناتەبایی ماڵی کوردیە ..

هەرچۆنێک بێت لەبەغداوە بودجە بڕا ، هەرێم لەسەر رای خۆی سور بوو ، ئابوری سەربەخۆ ڕاگەیەندرا ، هەر بەهۆی شەری دا - عش و پەیدابوونی پەتای کڕۆناوە نرخی نەوت بەبەردەوامی روی لەنزمبوونەوە کرد .. نەتوانرا مووچە دابین بکرێت ، پەنا بردرایە بەر پاشەکەوت و لێبڕینی مووچە ، بەشێوازێک هەتا ئەمڕۆش درێژەو لێکەوتەی هەیە ..

دیسان لێرە قسەو باسی ئێمە لەسەر ئەوە نیە پرۆسەی ئابوری سەربەخۆ باش بوو یان خراپ ، کێ تاوانبارەو کێ تاوانبار نیە ، لەنێوان بەغداو هەرێم کێ لەسەر هەقە ؟ بەڵکوباس لەوە دەکەم لەهەر کوێیەکی دنیادا بێت ئیدارەو حکومەت بەرپرسن لە ژیان و ئاسایش و مووچەو پاراستنی شکۆو کەرامەتی تاکەکان ، حکومەت بەرپرسە لە رێگاو بان و تەندروستی و خوێندن و فەراهەمکردنی ئاوو کارەباو سوتەمەنی .. لەدابینکردنی پێداویستیەکانی ژیانی رۆژانەی خەڵک ، لەهەر دانوستاندنێکی ناوخۆیی و دەرەکی ئەمەش رێک بۆ حکومەتی هەرێمش دروستە ...

بەڵام بەداخەوە هەتا ئەمڕۆ هەڵەکان بەردەوامی درێژەی هەیە ، لێڕین و بەژێر لێوەوە کردنی مووچەیەک و دوان لەساڵێکدا بوونی هەیە ، مووچەی هەر مانگێک دوای 50 _ 70 رۆژ دەدرێت کەپارەکەش دێت بەهەفتەیەک دابەش دەکرێت و لەهەمووشی سەیر تر هەواڵی گەیشتنی پارەو لیستی موچە لەدوای حەفتا رۆژ وەک مژدە لەدەزگاکانی راگەیاندنەوە بڵاو دەکەنەوە !

برینی مووچەو لێبڕین بۆتە شتێکی ئاسایی و باوو ڕۆتین لەلای حکومەت ..

کەچی تازە بەتازە هەندێک بەناو بەرپرس پرسیاری سەیر سەیر و گومان لەسەرمامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو دادەنێن !

ئەمەت لەکوێ بوو ئەوەتلەکوێ بوو ؟

کاکی بەرپرس پرسیارەکان بەو شێوەیەی ئێوە ناکرێت بەڵکو دەبێت پرسیارەکان ئا بەم شێوەیە بکرێن؟

- کێن ئەوانەی ئینتیمای نیشتمانیان لای خەڵکی کوردستان لاواز کردوە ؟

_ کێن ئەوانەی شەڕی نەگریسی ناوخۆیان هەڵگیرساندو هەتا ئەمڕۆش بەشێوەی سارد درێژەی پێدەدەن ؟

_ کێ بوون ئەوانەی بەلیستی حزبی و بەلێشاو و بەبێ پلان و بەبێ ئامار خەڵکیان دادەمەزراندو وەلائەتی خەڵکیان ئەکڕی و بەدەست دەهێنا ؟ بندیواریان داهێنا ؟ 

- کێن ئەوانەی رۆژ بەرۆژ بوونەتە بەرتەسک کردنەوەی ئازادیەکان و دیموکراسیەت و مافەکانی مرۆڤ ؟

_ کێن ئەوانەی ماددەی 140 یان سەر بەقوڕدا کرد ؟

_ کێن ئەوانەی گوندنشینیان لەکوردستان نەهێشت ، کشتوکاڵ و ئاژەڵداریان لەکوردستان وێران کردوو گەنجانیان کردە پۆلیس و پێشمەرگە ؟

_ کێن ئەوانەی دوای 30 ساڵ لەحوکمڕانی نەیانتوانیوە ڕێگای رانیە - سلێمانی - کەلار سلێمانی ، یاخود ئاوی خواردنەوەی هەولێر و چەمچەماڵ ، یان کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هاوڵاتیان دابین بکەن ؟

_ کێن داهێنەرانی بەخەسخەسەو بە ئەهلی کردنی کەرتەکانی خوێندن و تەندروستی و ئاوو کارەبا ؟

_ کێن ئەوانەی چەندین پڕۆژەیان سەقەت کردوەو تەواو نەکردوەو دوا خستووە سەرەڕای تەخسیس کردنی پارەش بۆی ؟

_ کێبوون ئەوانەی پارەی بانقەکانیان سپی دەکردەوە و کڕین و فڕۆشتنیان بەچەکی بانقەکانەوە دەکرد ؟

_ کێن ئەوانەی بەپێی بەرژەوەندیە حزبیەکانیان پەردە لەسەر کەم و کوڕیەکانی یەکتر هەڵدەدەنەوە یان پەردە پۆش دەکەن ؟

_ کێن ئەوانەی هەتا ئەمڕۆش لەبەغداد خەریکی سەفقاتی سیاسی و حزبی و مادین بئ گوێدانە بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوەو نیشتیمان .. کەبێگومان لەهەرێمیش هەمان شت دەکرێت ؟

_ کێن ئەوانەی بەم کارو هەڵانەیان کەئەنجامیان داوەو دەدەن و بەهۆی دواکەوتن و پاشەکەوتکردنانەی مووچەوە بونەتە هۆکاری لەبەریەک هەڵوەشاندن و لێکترازاندنی هەزاران خێزان و پەرتەوازە کردنی منداڵەکانیان و کۆچکردنی بەکۆمەڵی خەڵک و خنکانیان لەڕێگای هات و نەهاتی هەندەران .. کێ لەم هەموو قوربانیانە بەرپرسە یان خۆی کرودۆتە خاوەنیان ؟ کێ لێیان بەرپرسیارە ؟

ئێستاش لەدوای ئەم هەموو کارەساتەی بەسەر ئەم خەڵکە بەش مەینەتەیان هێناوە ، هەندێک بەناو بەرپرس روودەکەنە ئەم چەند مامۆستاو فەرمانبەرانەی کەمانیان لەخواردن گرتووەو داوای مافی رەوای خۆیان و سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم دەکەن تۆمەتیان بەسەردا دەبەخشنەوە ، باس لەوە دەکەن کە حزبی سیاسیان لەپشتە ، یان فڵان کەسیان لەپشتە ، یان دەوترێت فڵان مامۆستا ئۆتۆمۆبێلەکەی ئەوەیەو مۆبایلەکەی ئایفۆن 16 یە ... یەکێکی تریان ئەڵێت پێویستە بچنەوە دەوام بکەن و هتد ...!

کەخۆشیان باش دەزانن باوی ئەم جۆرە قسانە نەماوە چوونکە :

هەموان دەزانین خوێندنی منداڵانی بێتاوان شتێکی خراپە. دەشزانین پەککەوتنی نەخۆشخانەو هاتوچۆوئاگرکوژێنەوە و ئەمبوڵاس و وەستانی کاروباری فەرمانگەکان خراپە ؟ بەڵام دەبێت پرسیار بکرێت مامۆستاو فەرمانبەری کرێ نشین و بێ پارەو بەبرسێتی چۆن بتوانن دەوام بکەن ؟

پرسیاری سەرەکیش لەئێوەی بەرپرسان ئەمەیە :

_ منداڵی کام بەرپرستان لەخوێندنگە حکومیەکان دەخوێنێن ؟

_ منداڵ و کەس و کاری کام بەرپرستان بۆ تا لێهاتنێک ناچێتە نەخۆشخانەکانی وڵاتانی دەروبەرو ئەوروپا ؟ هەم زیارەت و هەم تیجارەت ؟

_ ماڵی کام بەرپسەتان بەیەک دوو ئەمپێر کارەبا دەروات بەرێوە ؟

_ کام بەرپرسەتان مووچەی مانگێکی بەقەدەر مووچەی 4 بۆ 6 و بگرە بە 10 ی مامۆستاو فەرمانبەرو زیاتریش نیە ؟

_ کام بەرپرسەتان هەیە مۆبایلی نەک خۆی بەڵکو سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی ئایفۆن 16 نەبێت ؟

_ کام بەرپرس و نیمچە بەرپستان هەیە نەک ئۆتۆمۆبێلێک ریزێک ئۆتۆمۆبێلی دوایین مۆدێل و دەرع - ی بەدواوە نەبێت ؟

کامتان هەیە ئینتمای حزبی یاخود سۆزی بۆ لایەنێکی سیاسی نەبێت ؟ ئایا تاوانە یان حەرام ئەگەر کەسانێکی تر سەر بەهەر حزبێکی سیاسی بن یان سۆزیان هەبێت ؟

شتەکان بەو پێودانگە ناپێورێن بەڵکو داواکایەکانیان ڕەوایە یان نا ؟ ئەوانیش خەڵکی ئەم وڵاتەن و وەک تاک و بەرپرسێک ئەرک و مافی لەسەرەو هەیە یاخود نا ؟

لەوڵاتان کاتێک کەسێک هەڵدەبژێردرێت بۆ سەرۆکی وڵات یان حکومەت ، یان پۆستێک وەردەگرێت دەبێتە سەرۆکی هەمووان و بەرپرسیارێتی هەمووان لەئەستۆ دەگرێت خەمی هەووان هەڵدەگرێت هەمووان وەک کەس و کاری خۆی سەیر دەکات  نەک تەنها ئەندامانی حزبەکەی خۆی ، کاتێک هەڵە دەکات داوای لێبوردن لەگەلەکەی دەکات ، کاتێک گەندەڵی لەسەر دەبێت دەست لەکار دەکێشێتەوەو دەدرێتە دادگا ، هەندێکیان خۆیان دەکوژن ! ئەی لێرە ؟ .

لەکۆتاییدا هەندێک ئەم بەناو بەرپرسانە لەجیاتی ئەوەی داوای لێبووردن لەمانگرتووان و تاک بەتاکی ئەم گەلە بکەن لەو هەموو دەردەسەری و چەرمەسەریەی بۆیان دروست کردون ، پێیان بڵێن هەموو خەڵکی کوردستان مافی بەسەرمانەوە هەیە حەقی گلەیی و نارەزایەتی و مانگرتن و هەر شتێکتان هەیە ؟ لەجیاتی ئەوەی بڵێن دیموکراسیەت و ئازادی را دەربڕین مافی هەموو تاکێکە ، لەگەڵتانین پشتیوانیتان دەکەین هەوڵ دەدەین چیمان پێدەکرێت ئەنجامی بدەین بۆ دەرباز بوون لەم رەوش و هەل و مەرجە ... لەجیاتی ئەوەی بڵێن هەوڵ دەدەین ئەو مووچە پاشەکەوتکراوو لێبڕاوانەشتان بۆ بگێڕینەوە یان هیچ نەبێت بۆتان بخەینە جێگای قەرزەکانی حکومەت لەئاوو کارەباو باجەکان ، هەوڵ دەدەین ئەوەی خراپمان کردووە چاک و ڕاستی بکەینەوە ، لەجیاتی ئەوەی پێیان بڵێن ئێوە ڕۆڵەی ئێمەو گەلەکەمانن هەندێک لەو بەناو بەرپرسانە دەستی تۆمەت دەخەنە پاڵ ئەم شێرە ژن و کوڕانە بەمەبەستی کەمکردنەوە لەگرنگی کارەکەی ئەمان .. ئەرێ حکومەت و بەرپرسان پێمان بڵێن ئەم هەموو راوێژکارو دەستەو تاقمە چیە ریزتان کردووە ؟ ئەرێ کەسێک نیە راستیەکانتان بخاتە بەردەم ؟ کەسێک نیە واز لەبەرژەوەندی کەسی بێنێت و دەست بخاتە سەر ویژدانی و چوار ووشەی رێک و پێکتان بۆ بنوسێت و بخاتە بەردەمتان و راستیەکانتان بۆ ئاوەژوو نەکەن ؟

ئەرێ پێمان بڵێن ماندوو نەبوون لەماندو کردنی ئەم گەلە ؟ .


;