Apora Logo

ئایا پەکەکە دەسبەرداری خەباتی چەکداری دەبێ؟

ئایا پەکەکە دەسبەرداری خەباتی چەکداری دەبێ؟
هیوا سەید سەلیمهیوا سەید سەلیم

هیوا سه‌ید سه‌لیم

24/1/2025



 مێژووی دامەزراندنی (PKK)ە وەک ڕێکخراوێکی سیاسی لە تورکیا و باکوری کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ 27ی نوڤێمبەری 1978، بەڵام دوای شەش ساڵ لەو بەروارە ئەو  پەکەکە خەباتی چەکداری ڕاگەیاندووە،  لێرەدا تێدەگەینە کە دامەزرێنەرانی ئەو حزبە لە سەرەتادا وویستویانە لە ڕێگای خەباتی سیاسی و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان بچنە نێو تێکۆشان، خەباتەکەشیان لە ڕێگەی چەند خوێندکارێکی ھەڵگری بیروباوەڕی چەپ بە پێشەنگایەتی عەبدولڵا ئۆجالان لە زانکۆکانی تورکیا دەستیپێکردووە.

ئێستا 41 ساڵ بەسەر ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی خەباتی چەکداری (PKK)ە لە 15ی ئابی 1984 تێدەپەڕێت ، لەو ماوەیەدا بە دەیان ھەزار کەس لە کورد و سەربازانی تورکیا بوونەتە قوربانی ئەو شەڕەی لە ئەنجامی ملنەدانی دەوڵەتی تورکیا بە مافەکانی کورد بەسەر خەڵکی کوردستان سەپێندراوە، ئەمە وێڕای زیانە ماددیەکانی سووتاندن و ڕاگواستنی ھەزاران گوندی کوردستان و  گۆڕینی دیموگرافیایی ئەو ناوچانە و ئاوارەکردنی خەڵکەکەی بۆ میترۆپۆلەکانی تورکیا، ئەو زیانە گەورانەی لە سەرینی ئەو شەڕە بەر ئابووری تورکیا کەوتوون.

لە ئێستادا جارێکی دیکە پرسی چەکدانانی (PKK)ە کراوەتە ڕۆژەڤی سیاسی تورکیا، ئەویش دوای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا " مەھەپە" کە شەریکە دەسەڵاتی "ئەکەپە" داوایکرد کە "ئۆجالان" دەرفەتی بۆ بڕەخسێت بێتە پەرلەمانی تورکیا و لە فراکسیۆنی "دەم پارتی" ڕایبگەیەنێت کە حزبەکەی دەستبەرداری خەباتی چەکداری دەبێت.

پرسیارەکە لێرەیە کە ئایا ئۆجالان بە پیر داواکەی دەوڵەت باخچەلی دەچێت و جاڕی چەکدانانی (PKK)ە دەدات؟

دوای سەرھەڵدانی شۆڕشی چەکداری لەسەر دەستی (PKK)ە جاری یەکەم نیە کە پرسی دانوستان دەکەوێتە نێوانی دەوڵەت و پەکەکە،  دیارترین ھەنگاو بۆ دانوستان لە سەردەمی تۆرگۆت ئۆزال لە ساڵی 1993 دەستیپێکرد و بۆ یەکەمین جار دەوڵەت بۆ دانوستانی فەرمی لەگەڵ(PKK)ە ھەنگاوی نا، بەڵام ئەنجامەکەی بە مەرگی گوماناوی تۆرگۆت ئۆزال سەرۆک کۆماری ئەوسای تورکیا شکایەوە، دوای ئەو ھەوڵە چەندین جاری دیکە لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و کورد پەنا بۆ دانووستان بردراوە، درێژترین قۆناغی دانووستان لە ئۆسلۆی پایتەختی وڵاتی نەرویج بە ئامادەبوونی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە نێوان دامەزراوەی میت و پەکەکە ئەنجامدراوە، کە پێنج ساڵی خایاندووە و 10 دانیشتن بە ئاگاداری ئۆجالان لە ئیمرالیەوە دانوستان کراوە، دوای دانیشتنەکانی ئۆسلۆ ساڵی 2013 دەوڵەت راستەوخۆ لە رێگای ھاوسەرۆک و پەرلەمانتارانی ھەدەپ دەکەوێتە دانوستان لەگەڵ ئۆجالان لە بەندیخانەی ئیمرالی و تەناتەت قەندیلیش.

شایانی باسە، لە ھەموو ئەو دانوستانانەی لە نێوان دەوڵەت و کورد کراون تێڕوانینی جیا لەسەر پرسی کۆتیھێنان بە خەباتی چەکداری درووست بووە، ئاگربەست ڕاگەیندراوە، زۆربەی جاریش ئۆجالان موخاتبی ڕاگەیەندراوی ئاگربەستەکان بووە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتۆتە حاڵەتی دەستبەردار بوونی یەکجارەکی پەکەکە لە خەباتی چەکداری.

لە دانیشتنەکانی ئۆسلۆ دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست و دواتریش کشانەوەی ھێزەکانی گەریلا بۆ ئەو دیو سنووری باشور، وە چوونەوە و خۆڕادەستکردنی چەند مەفرەزەیکی گەریلا بەمەبەستی نیشاندانی نیازپاکی و جدییەت بۆ ئاشتی لە لایەن گەڕیلاوە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا جگە لە کات کووشت، بۆ ئەو سێ ھەنگاوە نەھاتۆتە پێش کە لە دانووستانەکانی ئۆسلۆ ھەردوولا لەسەری رێککەوتبوون، ئەویش قۆناغەکانی (ئاگربەست، ھەنگاونانی یاسایی بۆ چارەسەری پرسی کورد، ئاسایکردنەوە)

لە ئێستاشدا دوای لێدوانەکانی سەرۆکی مەھەپە، بابەتی دانووستان لە تورکیا و باکوری کوردستان لە رۆژەڤ دایە، ، شاندی دەم پارتی بۆ دووەم جار دیداریان لەگەڵ ئۆجالان ئەنجام داوە، ئەوەی جارێکی دیکە لەبەردەم دانوستانەکان دەبێتەوە کۆسپ ئەوەیە کە پرسی دەستەبەرداربوونی چەک لە لایەن پەکەکە بە بێ شەرت و مەرج نابێت، جا سەقفی داواکریەکانی ئۆجالان بۆ ئەو داوایەی دەوڵەت باخچەلی چی دەبێت؟ لەم چەند ڕۆژە ئاشکرا دەبێت با چاوەڕوان بین.


;