Apora Logo

هەڵوێستەیەک لەسەر هەڵوێستی دورزییەکان

هەڵوێستەیەک لەسەر هەڵوێستی دورزییەکان
ئارام رەفعەتئارام رەفعەت

ئارام رەفعەت

1/1/2025


دوێنێ 2024/12/31،دورزییەکانی (درووزەکان)ی پارێزگای سوەیدا نەیانهێشت چەکدارەکانی جۆلانی بچنە هەرێمەکەیانەوە.

ئەم هەڵوێستەی دورزییەکان پێمان دەڵێت، ئەوە بەتەنها کورد و رۆژاڤا نییە بەدوای شێوازێکی جودای ئیدارەدان و خۆسەریدا دەگەڕێت، بەڵکوو دورزییەکانیش هەمان خواستییان هەیە. ئەوانیش بەدوای شێوازێکی خۆسەریدان کە جارێکی تر نەبنەوە یەخسیری فاشیزمی عەڕوبە، جا چ عەڕوبەی بەعسی-عەلمانی بێت، یا ن عەڕوبەی ئەلقاعیدە -ئیخوانی.

دورزییەکان بەگشتی تەعریبکراون، و موستەعڕەبن، بەڵام ناسنامەی دورزیان لەسەرووی ناسنامە عەڕەبییەکەیانە و ناسنامەی دورزی بە ناسنامەی سەرەکی خۆیانی دەزانن نەک ناسنامەی عاڕەبی.

دورزییەکان لە عاڕەبی سوننە کراوەتر و مۆدێرنتر و خوێنەوارترن. نە ئایینەکەیان و نە ئاستی وشیارییان رێگەیان پێنادات، حوکمڕانییەک قەبووڵ بکەن کە چوارچێوە و فۆڕمەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئایدیۆلۆژیا و جیهانبینی ئیخوان و ئەلقاعیدە.

ئەو دورزیانەی من لێرە لە ئوسترالیا دواندوونم، بەراشکاوی دەڵێن لەنێوان دەسەڵاتی جۆلانی و ئیسرائیلدا ئەوان ئیسڕائیل هەڵدەبژێرین.

دورزییەکان لە سوریا و لوبنان و ئیسرائیل دەژین. هەرکام لە دورزییەکانی سوریا و لوبنان دۆخی دورزییەکانی ئیسرائیل بەباشتر و شایستەتر دەبینن لەو دۆخەی کە هەشتا ساڵە ئەوان لەو دوو وڵاتە ئەزموونی دەکەن.

جۆلانی لەدوا پەیامیدا دەربارەی ستاتۆی رۆژاڤا، فیدرالیزم و لا مەرکەزی هاوتای دابەشکردنی سوریا وێناکردبوو و بەتوندی رەتی کردەوە.

جۆلانی لەمەدا تازەکارییەکی نەکردووە و دەیان ساڵە ئێمە لەگەڵ ئەم گوتارە فاشیستییەی ئەسەد و سەدام و خامنەئی و ئەردۆغان راهاتووین.

ئەوە جۆلانیی و فاشیزمی سوننەی سورییە کەدەبێت لەگەڵ ئەو واقیعە ڕابێن کە نەک هەر رۆژاڤا ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش شۆڕشی ١٩ی تەموزی ٢٠١٢ و جارێکی تر داگیرکەری سوری ناتوانێت بە ئاگر و ئاسن کورد بخاتەوە ژێر رکێفی خۆی وە خاک و سەروەت و سامانەکەی تاڵان بکات و شوناس و ئیرادە و کەلتوورەکەی غەسپ بکات، بەڵکو دەبێت جۆلانی و گروپە کاڵەکخۆرەکەی ئەو واقیعی تازەی ئەم کیانە دەسکردەی سوریا قەبوڵ بکەن، کە بێ تەقە تەسلیمییان کراوە.

واقیعێک کە ئەوە تەنها کورد نییە، بەڵکو گروپی ئایینزادەی تریش، واتە ئەوە عەلەوی و دورزیەکانیشن کە هاوشێوەی کورد نایانەوێت جارێکیتر مەحکومی زیندانەکەی دیمەشق بن و ئەوانیش وەک کورد دەیانەوێت خۆیان ئیدارەی هەرێمەکانی خۆیان بکەن.

ئایا عاڕەبە سوننە حاکمەکانی سوریا ئەم واقیعە تازەیە قەبوڵ دەکەن ؟

;