Apora Logo

ئەردۆگان واز لە کورد بھێنە*

ئەردۆگان واز لە کورد بھێنە*
هیوا سەید سەلیمهیوا سەید سەلیم

ھیوا سەید سەلیم

20/12/2024


  * ئەوەی سەرەوە قسەیەکی سیناتۆری ئەمەریکی "جوھن کینێدی" کۆمارییە، کە سەبارەت بە ھەڕەشەکانی ئەردۆگان دژ بە رۆژئاوایی لە کۆنگرسی ئەمەریکا کردی، ئەو سیناتۆرە کۆمارییە زۆر بە ڕاشکاوی بە ئەردۆگان دەڵێت "دەزانین کە تۆ ڕق لە کورد، بۆیە بە زمانێکی نەرم پێت دەڵێم واز لە کورد بھێنە کورد تەنھا جێ بھێڵە".

 سیناتۆرەکەی ئەمەریکا ڕوو لە سەرۆکی سیناتی وڵاتەکەی دەکات کە کورد لە ھەڕەشەکانی تورکیا بپارێزێت وە  ئەوە بە بیر ڕای گشتی وڵاتەکەی دەھێنێتەوە کە کوردەکان شان بەشانی سوپای ئەمەریکا جەنگان بۆ کۆتایھێنان بە خەلافەتی داعش، سیناتۆر کینێدی ھەر ئەوە نا بگرە بە زمانی داتا و ژمارە قسە دەکات و دەڵێت "ئەمەریکا لە شەڕی تیرۆرستانی داعش لە سوریا تەنیا 20 سەربازی بوونە قوربانی بەڵام کوردەکان 10 ھەزار کەسیان بوونە قوربانی. ئەو بە بەڵگە دەڵێت:" زانیاری ھەواڵگەریمان ھەیە کە تورکیا تانک و سوپای لەسەر سنوور کۆکردۆتەوە بۆ پەلاماردانی کوردانی سوریا"

لە قسەکانی ئەو سیناتۆرە و لێدوانی وەزیرانی دەروەوەی ھەریەک لە (ھۆڵەندا، فەرەنسا، ئەڵمانیا) تەنانەت (ئیسرائیل) یش دەردەکەوێت کە کورد لە ڕۆژئاوایی کوردستان لەبەردەم دەرفەت و ئاڵانگاری دایە.

 دەرفەتەکان ئەوەیە کە دەنگێک لە نێو کۆنگرسی ئەمەریکا بۆ پاراستنی کورد لە ھێرش و پەلاماری تورکیا بەرز بۆتەوە، جگە لە ووتارەکەی سیناتۆر کینێدی، دوو لە سیناتۆری دیکەش پڕۆژە یاسایەکیان ئامادەکردووە کە داوا دەکەن لە سوریای ئایندە مافی کەمینە نەتەوەیی و ئاینیەکان پارێزراو بێت، ئەمە و جگە لە ھەڵوێستی ئەو وڵاتانەی ئاماژەمان پێدان.

ئاڵانگاریەکانیش بریتین لە ھەڕەشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورکیا دژ بە ڕۆژئاوایی کوردستان و بوونی ھەزاران چەکداری توندڕەوی سەر بەو دەوڵەتە لەسەر بەشێکی خاکی سوریا و رۆژئاوایی کوردستان، کە ھەمیشە مەترسی جدی دەبن بۆ سەقامگیری ناوچەکە بە گشتی و کورد و دەستکەوتەکانی بە تایبەت.

بۆیە بۆ ئەوەی ئاڵانگارییەکان بگۆڕدرێن بە دەرفەت و دەستکەوت بۆ ڕۆژئاوای کوردستان،  دەبێت  کورد  کار لەسەر ئەو ھەڵوێستە ئەرێنیانە بکات کە لە ئاستی ئەمەریکا و جیھان دەبیسترێن، لەو بارەیەوە خەباتی سیاسی و دبلۆماسی پەرەی پێبدرێت.

ھەروەھا دەبێ ڕاگەیاندنی کوردی ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕێت لە نیشاندانی مەترسییەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان خۆی بەدوور بگرێت لە پڕۆپاگەندەی دووژمنان و ناحەزان.

لە ھەموو ئەمانەش گرنگتر ئەوەیە لە ئاستی ناوخۆیی رۆژئاوای کوردستان دەبێت ھەموو لایەک بە پیر بانگەوازی سەفەربەلکی ھێزەکانی سوریای دیموکرات "ھەسەدە" بچن، تا ئەزموونی پاراستن وبەرخۆدانی کۆبانێ دووبارە بکرێتەوە، وە ڕێگا نەدرێت ئەو شارەی بۆتە ھێما و سونبلی تێکشاکانی داعش (کۆبانێ) جارێکی دیکە دەستی داعشەکانی دیکەی پێبگات.

لە ئاستی سیاسیش گرنگە ھێز و لایەنە سیاسیەکانی لە دەورەی پڕۆژەیەکی نیشتمانی کۆببنەوە و یەکڕیزی و ھاوھەڵوێستی بکرێتە کارنامەی ئەو پڕۆژەیە، بەشێوەیەک کە تەحریمی ھەر جۆرە پەیوەندیەک بکرێت کە لایەنەکان لەگەڵ دووژمنان و داگیرکەران ھەیانە یان دەیانبێت.

 کورد ئەگەر بە ئاڕستەی یەکڕیزی کاری کرد ئەوسا دەنگی دۆستەکانی کورد زۆڵاتر و ڕاشکاوتر دەبێت، ئەو جارەیان نەک ھەر داوا لە ئەردۆگان دەکەن واز لە کورد بھێنێت، بگرە دەتوانن سنووری جدی دیکەی بۆ دابنێن، لە نموونەی سزادانی ئابووری کە جوھن کینێدی ئاماژەی پێدابوو، یان ڕووبەڕوو بوونەوەی سەربازی .

 

 

 

 

 



;