Apora Logo

ھاکان فیدان و فۆبیای ھەسەدە

ھاکان فیدان و فۆبیای ھەسەدە
هیوا سەید سەلیمهیوا سەید سەلیم

هیوا سه‌ید سه‌لیم

15/12/2024


                                                              ھیوا سەید سەلیم

 دوای کەوتنی رژێمی بەشار ئەسەد و وەرگرتنی جلەوی دەسەڵاتی دیمەشق لەلایەن دەستەی رزگاری شام،  رۆژئاوای کوردستان کەوتە بەر پەلاماری زیاتر لە نەیارێک.

 سەرەتا لەگەل کەوتنی شاری حەلەب، ھێزە توندڕەوەکانی نزیک لە تورکیا کە ناسراون بە (سوپای نیشتمانی سوریا) گۆڕانکاریەکانی سووریایان قۆزتەوە،  لە بڕی ئەوەی دژ بە رژێمی ئەسەد بووەستنەوە،  پەلاماری ناوچەکانی دیوی ڕۆژئاوای زێی فوڕاتیاندا و ناوچەکانی (تل ڕەفعەت و شەھبا و منبج) داگیر کرد، وە ھێرشی بەردەوامیش کردە سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ و تەنانەت شاری کۆبانێش.

 بەدەر لە ھێرشی گروپە توندڕەوەکانی نزیک لە تورکیا، خودی دەوڵەتی تورکیاش دەستی داوەتە بۆردوومانی ناوچە سنووریەکانی ڕۆژئاوایی کوردستان،  ھاوکاتیش ھەڵمەتێکی دبلۆماسی دەستپێکردووە بۆ دژایەتی ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان بە گشتی و ھێزەکانی سوریای دیموکرات ھەسدە بە تایبەتی.

 دژایەتی تورکیا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەشێوەیەکە کە بەرپرسانی ئەو وڵاتە سەری زار و بنی زاریان بۆتە یەپەگە و ھەسەدە، ئەوەشیان نیشانەی ئەوەیە کە تورکەکان فۆبیایی کوردیان ھەیە، بۆیە ھاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا نەیشاردۆتەوە کە ئەوان دژایەتی ھەسەدە دەکەن تا ئاستی لەناوبردنی.

 شایانی باسە، شێوازێکی دیکەی دژایەتی تورکیا بۆ ئەزموونی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان بریتییە لە ھاندانی عەشیرەتە عەرەبیەکان لە شارەکانی دێرەزۆر و ڕەقە دژ بە ھێزە ئەمنییەکان و ھێزەکانی ھەسەدە.

 ئاشکرایە کە لەوەتەی رۆژئاوای کوردستان بۆتە خاوەنی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری خۆی،  لە لایەن دەوڵەتی تورکیا چەندین ئۆپڕاسیۆنی سەربازی کراوەتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان چەندین دەڤەری وەک (عەفرین و گرێ سپی و سەرێ کانیێ...ھتد) لەو ئۆپراسیۆنانە داگیرکراوەن.

ئەوەی ئەمجارە باری سەرشانی رۆژئاوای کوردستانی  قوڕستر کردووە،  ئەوەیە کە بەشێک لە میدیای عەڕەبی بە تایبەت کەناڵی جەزیرە بۆتە زمانحاڵی ھاکان فیدان بۆ دژایەتی کردنی کوردی ڕۆژئاوایی کوردستان. ئەو کەناڵە تەنانەت لە ناوھێنانی (ھەسەدە)ش لایەنداری پێوەدیارە و دەڵێت ئەوانەی خۆیان ناوناوە ھەسەدە!

 لە نێو ھەموو ئەو نەیار و دووژمنانەی کە سەنگەریان لە ڕۆژئاوای کوردستان گرتووە ھاکان فیدان لە ھەموویان زیاتر دڵ ڕەشانە دەرکەوتووە، بۆیە کاتی ئەوە ھاتووە لە نیەتی دووژمنکارانەی ھاکان فیدان و دەوڵەتەکەی تێبگەین. بۆیە دەبێت  کورد بە یەگرتووی ڕووبەڕووی پیلانەکانی دووژمنانی ببێتەوە، نەک دڵی بەو قسانەی خۆش بێت کە ھاکان بە ئامانجی لێکترازانی کورد بە بۆنەو بێ بۆنە دەیکات.

 

 


                                                      

;