له كابینه‌ی (تره‌مپ) ته‌نیا سه‌رۆك دۆستی توركیایه!
له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی (دۆناڵد تره‌مپ) به سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ چوار ساڵی داهاتوو، سه‌باره‌ت به دواڕۆژی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گفتوگۆی رشت و قوڵ ده‌ستی پێكردووه. یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌م گفتوگۆیه‌ش بۆ سیڤی و هه‌ڵوێستی پێشتری ئه‌م كه‌سانه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكادا كاندیدن بۆ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه ستراتیژیه‌كان.
ئه‌وه‌ی له ئێستاوه دیاره، (دۆناڵد تره‌مپی دووه‌م) له (دۆناڵد تره‌مپی یه‌كه‌م) زۆر جیاواز ده‌بێت و هه‌ڵوێستی پێچه‌وانه له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه و وه‌زاره‌ته ستراتیژیه‌كان ناگرێته‌به‌ر. به پێچه‌وانه‌ی پێشبینیه‌كان پێده‌چێت ئه‌م كابینه‌یه‌ی تره‌مپ تا سه‌ر پابه‌ند بێت به ستراتیژی ئه‌مریكا له بواری سیاسه‌تی ده‌ره‌كی به تایبه‌تی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا...
كێن ئه‌وانه‌ی له‌ناو كابینه‌ی تره‌مپ جێده‌گرن!
یه‌كێك له دیارترین سیماكانی كابینه‌ی ئیداره‌ی ئه‌مریكا، هه‌بوونی كه‌سانی هه‌ماهه‌نگكار و گونجاو له‌گه‌ڵ یه‌كتره له رووی دونیابینی و بیركردنه‌وه‌دا، له هه‌مان كاتدا فیگوڕه‌كانی ناو ئه‌م كابینه‌یه ئه‌وه‌نده‌ی پابه‌ندن به به‌رژه‌وه‌ندی و ستراتیژی ئه‌مریكا ئه‌وه‌نده پابه‌ندنین به خودی سه‌رۆكه‌كه‌یانه‌وه. ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی كابینه‌ی نوێی تره‌مپ له‌به‌رچاو گیراوه، پێداویستی سیاسه‌تی ستراتیژی و ده‌مدرێژی ده‌ره‌كی ئه‌مریكایه، نه‌وه‌كو پێداویستی خودی سه‌رۆك. له‌گه‌ڵ یه‌ك گونجانی ئه‌ندامانی كابینه‌ی نوێی تره‌مپ له رووی مه‌یلی سیاسی و ته‌مه‌نه‌وه، رێككه‌وت نیه، به‌ڵكو ئاماده‌كاری ده‌وڵه‌ته بۆ پێگه‌یاندنی ئه‌م كادیرانه‌ی له ساڵانی داهاتوودا له بواره جیاجیاكاندا ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن. بۆ نموونه گووته‌بێژی كۆشكی سپی ژنێكی ته‌مه‌ن (27) ساڵه‌یه.
مایك واڵتز راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی: یه‌كێكه له جه‌نه‌ڕاڵه خانه‌نشینه كاسكێت سه‌وزه‌كان كه به‌شداری جه‌نگی (ئه‌فغانستان)ی كردووه و مه‌دالیای ئازایه‌تی پێبه‌خشراوه. واڵتز له رووی سیاسیه‌وه له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی ده‌ره‌كی و نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مڕۆی ئه‌مریكا ده‌گونجێت كه پێیوایه:" ده‌بێت له رووی سه‌ربازیه‌وه پشتگیری له ئۆكرانیا بكرێت. هه‌ر چۆنێك بێت پێویسته وڵاتی چین له ناوچه‌ی پاسیڤیك قه‌تیس بكرێت. بۆ ئه‌وه‌ی ئێران نه‌بێته خاوه‌ن چه‌كی ناوه‌كی تاقیكردنه‌وه‌ی هه‌موو رێگایه‌ك موباحه". هه‌ڵوێسته‌كانیشی ده‌رباره‌ی توركیا مایه‌ی راڤه‌كردنه، كه ره‌خنه له ئۆپاراسیۆنهكانی توركیا له‌ناو سوریادا ده‌گرێت و به "داگیركردن" وه‌سفیان ده‌كات. پێیوایه:" ئۆپاراسیۆنهكانی توركیا له‌ناو خاكی سوریا، كێشه بۆ ئاسایش و سه‌قامگیری ناوچه‌كه دروست ده‌كات". هێزه كوردیه‌كانی رۆژئاوای كوردستانیش وه‌كو باشترین هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا له دوای ئیسرائیل به‌ناو ده‌كات.
تولسی گابارد به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگری نیشتیمانی: له‌باره‌ی توركیاوه ده‌ڵێـت:" پشتگیری له داعش و جیهادیه‌كانی ئه‌لقاعیده ده‌كات". هه‌روه‌ها له باره‌ی سه‌ركۆماری توركیاش ده‌ڵێت:" ئه‌ردۆغان دۆستی ئێمه نیه، ئه‌و یه‌كێكه له مه‌ترسیدارترین دیكتاتۆره‌كانی جیهان، شێتی گه‌یشتنه به مه‌قامی سوڵتان". له هه‌مان كاتدا له دژی فرۆشتنی فڕۆكه‌ی جه‌نگی (ئێف 16) و هه‌موو جۆره ته‌كنه‌لۆژیایه‌كی سه‌ربازی به توركیا ده‌وه‌ستێته‌وه. گابارد كه پێشتر یه‌كێك بوو له ئه‌ندامانی كۆنگرێسی ئه‌مریكا له‌سه‌ر لیستی دیموكراته‌كان، دژی هه‌موو سیاسه‌تێكی ئه‌رێنی تره‌مپ وه‌ستاوه‌ته‌وه له‌باره‌ی ئه‌ردۆغان.
ئه‌لیسا ستافانیك نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی ئه‌مریكا له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان: پێشتر له‌سه‌ر دۆسیه ستراتیژیه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان كاری كردووه، به توندی پشتگیری له ئیسرائیل ده‌كات و به هه‌ڵوێسته‌كانی دژ به ئێران ناسراوه.
ماركۆ رۆبیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه: له‌دژی هێڕشهكانی توركیا بووه، له نیگه‌رانی و توڕه‌یی كورد له ئه‌مریكا تێده‌گات. پێیوایه له ئێستادا كاتی له دایكبوونی كوردستانی سه‌ربه‌خۆیه له‌و هه‌رێمه‌ی كه به كوردستانی عێراق به‌ناو ده‌كرێت.
بیت هجسیس وه‌زیری به‌رگری: له‌باره‌ی گوشاری هێزه عێراقیه‌كان بۆ كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مریكا له‌م وڵاته‌دا ده‌ڵێت:" ئه‌گه‌ر عێراق ناخوازێ سوپای ئه‌مریكا له‌وێ بمێنێته‌وه، ئه‌و كاته بژارده‌ی كاركردنمان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانی دیكه‌مان (كورد) دێته گۆڕێ.
جۆن راتكلیف راوێژكاری ده‌زگای هه‌واڵگری (سی ئای ئه‌ی): به هه‌ڵوێسته راستڕه‌وه‌كانی به‌ناوبانگه، كریستیانێكی توندڕه‌وه، پشتگیری له هاوكاریكردنی بێ سنوور و بێ مه‌رجی ئیسرائیل ده‌كات.
به كاندیدكردنی ئه‌م ناوانه‌ی ئاماژه‌مان پێكردن دیار ده‌بێت كه خولی دووه‌مین سه‌رۆكایه‌تی تره‌مپ جیاوازه له‌گه‌ڵ خولی یه‌كه‌مین، له‌م كابینه‌یه‌دا سه‌رۆك دژ به بڕیار و دونیابینی دامه‌زراوه ئه‌مریكیه‌كان ناوه‌ستێته‌وه. پێده‌چێت له‌م خوله تره‌مپ كار بۆ جێبه‌جێكردنی ستراتیژی ئه‌مریكا بكات له بیست ساڵی داهاتوودا، جگه له هه‌ڵمه‌تی مه‌ودا كوورتی ته‌كتیكی ته‌واو پابه‌ند ده‌بێت به كۆده‌كانی ستراتیژی ده‌وڵه‌ت.
بۆچی كابینه‌ی تره‌مپ به ره‌هایی پشتگیری له ئیسرائیل ده‌كات؟
كابینه نوێیه‌كه‌ی تره‌مپ به شێوه‌یه‌كی ره‌ها پشتگیری له ئیسرائیل ده‌كات. واته سیاسه‌تی گرتنه‌به‌ری توندوتیژی و به‌زاندنی هه‌موو هێڵه سووره‌كان كه ئیسرائیل په‌یڕه‌وی ده‌كات، بۆ داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی سیاسی و جوگرافی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بێ مه‌رج له‌لایه‌ن كابینه‌ی تره‌مپ پشتگیری لێده‌كرێت. به لێكدانه‌وه‌ی ئه‌مریكا جه‌نگی ئیسرائیل له دژی رادیكاڵی ئیسلامی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دوو تایبه‌تمه‌ندی له‌خۆ ده‌گرێت:
- ئه‌م جه‌نگه ته‌نیا بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل نیه، به‌ڵكو بۆ ئاسایشی ئه‌وروپا و ئه‌مریكاشه كه (10) هه‌زار كم له ئیسرائیل دووره. ئیسلامی رادیكاڵ نه‌وه‌كو ته‌نیا له‌سه‌ر ئیسرائیل هه‌ڕه‌شه‌یه، به‌ڵكو له‌سه‌ر جیهانی رۆژئاواش هه‌ڕه‌شه‌یه و به له‌ناوبردنیان ئاسایش له ئه‌مریكا و ئه‌وروپا به‌رقه‌رار ده‌بێت.
- گه‌یشتن به سه‌رچاوه‌كانی وزه له رۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاست و دروستكردنی كۆریدۆری گواستنه‌وه‌ی غازی سروشتی بۆ دابین كردنی پێداویستیه‌كانی ئه‌وروپا.
ئه‌وروپا و ئه‌مریكا كه ئه‌م یاریه‌ی ئیسرائیل ده‌بین و دركی پێده‌كه‌ن، ره‌زامه‌ندیان ده‌ربڕیووه تا له رێگای حه‌ماس و حزبولڵا ناوچه‌كه دیزاین بكرێته‌وه.
هه‌روه‌ها پشتگیری بێ مه‌رجی ئیداره‌ی تره‌مپ له ئیسرائیل مه‌به‌ست لێی زه‌مینه خۆشكردنه بۆ دیزاینكردنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له چوارچێوه‌ی سیسته‌می جیهانیدا. گومان له‌وه دانیه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ژموونی سه‌ربازی ئیسرائیل له‌ناوچه‌كه زیاتر بێت به راشكاوانه هه‌موو پشتگیریه‌كی ده‌كه‌ن. رێگه‌نه‌دان به نه‌یارانی ئیسرائیل تا خۆپیشاندان بكه‌ن له وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا و ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا ئاماژه‌یه‌كی دیاره به‌م راستیه‌ی سه‌ره‌وه.
ئێران كێشه ئاڵۆزهكهیه بۆ ئیداره‌ی تره‌مپ!
كابینه‌ی تره‌مپ، بۆ ئه‌وه‌ی ئێران په‌لكێشی ناو سیسته‌می جیهانی بكات هه‌موو رێگایه‌ك ده‌گرێته‌به‌ر. گوشاری ئابووری، دیپلۆماسی، سیاسی و سه‌ربازی له‌سه‌ر ئێران توندتر ده‌كات تا ئه‌و ئاسته‌ی ناچار به گۆڕانكاری ده‌كرێت، له‌مباره‌یه‌شه‌وه پێشبینی چه‌ند هه‌ڵمه‌تێك ده‌كرێت. به‌ڵام بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه جه‌نگ كاری له پێشینه‌ی ئیداره‌ی تره‌مپ نابێت. له دژی سیاسه‌تی وزه‌ی ئێران رێوشوێنی زۆر توند ده‌گیرێته‌به‌ر. واته بۆ ئاستهنگكرنی بازاڕی په‌تڕۆل و گازی سروشتی ئێران ره‌نگه پڵانی نوێ بگرنه‌به‌ر. له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه ئه‌گه‌ری رووبه‌ڕووی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانی له‌گه‌ڵ چین به‌دوور نازانرێت. چونكه ساڵانه ئێران بڕێكی زۆر له پهتڕۆلهكهی ده‌فرۆشێته چین كه به 160 ملیار دۆلار ده‌خه‌مڵێندرێت.
بۆ ئه‌وه‌ی له رێگای میكانیزمی ناوخۆیی ئێران ناچار به گۆڕانكاری سیاسی بكرێت، گوشاری دیپلۆماسی و نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر ئێران زۆر توندتر ده‌بێت. به تایبه‌تی بۆ رێگرتن له فراوانخوازی ئێران له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا چه‌ندین رێككه‌وتن و رێوشوێنی توندتر ده‌گیرێته‌به‌ر. واته بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی ئێران له‌گه‌ڵ ملیشیا چه‌كداره‌كان له‌ناوچه‌ی كه‌نداو بپچڕێت، هێزه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان سیاسه‌تێكی گونجاو له‌گه‌ڵ ئه‌م ئامانجه ده‌گرنه‌به‌ر و گوتارێكی سیاسی توند به‌رهه‌م دێنن. به رۆژهڤكردنی مه‌ترسی دروستككردنی بۆمبی ناوه‌كی له‌لایه‌ن ئێران ئهرگومێنـتێكی به‌هێزه بۆ گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تێكی توند دژ به ئێران له‌لایه‌ن ئیداره‌ی نوێی تره‌مپ. له دوای ده‌ستبه‌كاربوونی تره‌مپ، ئه‌گه‌ر ئێران ده‌رگای دامه‌زراوه‌كانی بۆ تواندنه‌وه‌ی (یۆرانیۆم) له‌به‌رده‌م تیمی پشكنین و چاودێرانی نێوده‌وڵه‌تی نه‌كاته‌وه، بیانووی ئۆپاراسیۆنی سه‌ربازی دژ به وڵاته‌كه‌ی ده‌داته ده‌ست ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا.
ئه‌گه‌ر له ئه‌نجامی توندكردنی گوشاری ئابووری، سیاسی و دیپلۆماسی ئێران هه‌نگاو بۆ دواوه نه‌نێت، به تایبه‌تی به پشتگیری ئه‌مریكا و به‌ریتانیا ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی زۆر به‌رفراوان ئه‌نجام ده‌دات بۆ سه‌ر دامه‌زراوه ناوه‌كیه‌كانی ئێران. له‌م قۆناخه‌شدا ئیداره‌ی تره‌مپ دوودڵ نابێت له راسته‌وخۆ به‌شداریكردن له جه‌نگی دژ به ئێران.
سیاسه‌تی تره‌مپ به‌رامبه‌ر به وڵاتانی كه‌نداو
خولی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تی تره‌مپ كاریگه‌ری دیار دروست ده‌كات له‌سه‌ر دواڕۆژی سیاسی وڵاتانی كه‌نداو. سه‌ره‌تا گوشار له وڵاتانی قه‌ته‌ڕ، عومان و ئیماراتی عه‌ره‌بی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی به راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ رێكخراوه ئیسلامیه توندڕه‌وه‌كان بپچڕێنن. هه‌روه‌ها گوشار له عه‌ره‌بستانی سعودی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئاسایی بكاته‌وه. له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا پشتگیری پێویستی ئه‌م وڵاته ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ببێته وڵاتی سه‌ركرده له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. ئیداره‌ی نوێی تره‌مپ بۆ ئه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی ریفۆرمخوازی له‌ناو وڵاتانی كه‌نداو به‌هێز بكه‌ن هه‌وڵه‌كانی ده‌خاته‌گه‌ڕ. له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه ده‌بینه شاهێدی رۆژهه‌ڵاتێكی ناوه‌ڕاست كه به‌خێرایی گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت و وه‌چه‌رخانی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌خۆوه ده‌بینێت.
تێڕوانینی كابینه‌ی تره‌مپ سه‌رباره‌ت به توركیا!
به گشتی به‌رپرسی وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه ستراتیژیه‌كانی ئیداره‌ی نوێی تره‌مپ، به راشكاوانه له دژی سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتی ئاكپارتین له‌مه‌ڕ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. زۆرینه‌ی ره‌های كابینه‌ی تره‌مپ پێیانوایه: ده‌سه‌ڵاتی ئاكپارتی، به تایبه‌تی سهركۆمار ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان نوێنه‌رایه‌تی سیاسه‌تی رادیكاڵی ئیسلامی ده‌كات. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیه‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ رێكخراوه ئیسلامه رادیكاڵ و جیهادیه‌كانی سوریا به راشكاوانه و به زمانێكی توند له‌لایه‌ن كاندیدانی ئیداره‌ی تره‌مپ ره‌خنه باران ده‌كرێت.
پشتگیری ده‌سه‌ڵاتی ئاكپارتی له بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس و ناوزهندكردنی ئیسرائیل به ده‌وڵه‌تی تیرۆریستی ده‌بێته هێڵی سووری ئیداره‌ی تره‌مپ. چونكه كابینه‌ی تره‌مپ ستافێك له‌خۆ ده‌گرێت كه به ره‌هایی و بێ مه‌رج په‌یوه‌ستن به ئیسرائیل. هه‌ڵه نیه ئه‌گه‌ر بڵێین كابینه‌ی تره‌مپ له داهاتوویه‌كی نزیكدا هه‌ڵوێستی دژ به توركیا ده‌گرێته‌به‌ر. هه‌روه‌ها ده‌كرێت بڵێین تاكه دۆستی توركیا له‌ناو كابینه‌كه‌ی تره‌مپ، خودی (دۆناڵد تره‌مپ) به‌خۆیه‌تی، كه ئه‌مه‌ش به‌شی ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان (ئه‌مریكا – توركیا) ناكات.
سه‌ركۆماری توركیا دۆناڵد تره‌مپ وه‌كو دۆست پێناسه ده‌كات. به‌ڵام ئاماژه‌كانی دوای هه‌ڵبژاردن ده‌یخه‌نه‌ڕوو كه سیاسه‌تی ئیداره‌ی تره‌مپ ده‌رهه‌ق به توركیا وه‌كو پێناسه‌ی سه‌ركۆماره‌كه‌ی نابێت. له داهاتوویه‌كی نزیكدا سیاسه‌تی ئه‌نقه‌ره سه‌باره‌ت به ناوزه‌ند كردنی ئیسرائیل به تیرۆریست و هه‌ڵبژاردنی بێده‌نگی و بێهه‌ڵوێستی له به‌رامبه‌ر ئێران له‌ناو ئیداره‌ی ئه‌مریكا كاردانه‌وه‌ی توندی لێده‌كه‌وێته‌وه. له هه‌مان كاتدا دیداری ناوبه‌ناوی (ئه‌ردۆغان – تره‌مپ) ئه‌نجامی سیاسی به دڵی توركیا لێناكه‌وێته‌وه. به واتایه‌كی دیكه پێشوازیكردن له ئه‌ردۆغان له كۆشكی سپی به واتای سهرهڕاستبوونی په‌یوه‌ندی نێوان (ئه‌مریكا – توركیا) نایه‌ت. به‌ڵكو ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی (ئه‌مریكا – توركیا) سه‌ره‌ڕاست ده‌كاته‌وه، په‌یوه‌سته به‌و سازشانه‌ی توركیا له سیاسه‌تی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌یكات، وه‌كو سازشكردن له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و واز هێنان له حه‌ماس و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن دژ به ئێران. بۆ سهرهڕاستكردنهوهی په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی تره‌مپ پێویسته توركیا له سیاسه‌تی خۆی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پاشگه‌ز بێته‌وه. له‌م سۆنگه‌یه‌وه كابینه‌ی تره‌مپ بۆ توركیا مژده‌به‌خش نیه.
كابینه‌ی تره‌مپ چۆن سه‌یری كورد ده‌كات؟
به شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌كرێت بڵێین هه‌ڵوێستی ئه‌ندامانی كابینه‌ی تره‌مپ سه‌باره‌ت به كورد ئه‌رێنی ده‌بێت. لێدوانی پێشتری ئه‌ندامانی كابینه‌ی تره‌مپ له‌باره‌ی كورد، بۆ كوردانی هه‌رێمی كوردستان و باكووری رۆژهه‌ڵاتی سوریا مژده‌به‌خشه. به‌تایبه‌تی ئه‌م دۆخه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، رێگا بۆ نزیكبوونه‌وه‌ی كورد و ئیداره‌ی تره‌مپ خۆش ده‌كات.
بێگومان دونیابینی رامانی كه‌سی كاندیدانی كابینه‌ی تره‌مپ بۆ وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه ستراتیژیه‌كان به ته‌نیا بۆ دیزاینكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه كاریگه‌ری نابێت، ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری ده‌بێت ستراتیژی ئه‌مریكایه له‌ناوچه‌كه‌دا. به‌ڵام له جێبه‌جێكردنی ستراتیژی ئه‌مریكا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ئه‌ندامانی كابینه‌ی تره‌مپ رۆڵی گرنگیان ده‌بێت. به واتایه‌كی دیكه ئه‌گه‌ر ستراتیژی ئه‌مریكا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌گه‌ڵ رامانی كه‌سه‌كان تێكنهكاتهوه، ئه‌و ستراتیژه ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆی لێناكه‌وێته‌وه. لێره‌دا ئه‌وه‌ی به ئه‌ندامانی كابینه‌ی تره‌مپ ده‌بیندرێت له‌گه‌ڵ ستراتیژی ئه‌مریكا هاودید و هاوئاهه‌نگن. ئه‌م هاودیدیهش به‌و واتایه دێت كه ئه‌وله‌ویه‌تی ئیداره‌ی نوێی (دۆناڵد تره‌مپ) گۆڕینی نه‌خشه‌ی سیاسی و هاوسه‌نگیه تهقلیدیهكانه له رۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست.