Apora Logo

جۆن ئێف كینیدی و مەتەڵی تیرۆركردنەكەی

جۆن ئێف كینیدی و مەتەڵی تیرۆركردنەكەی
شوان عەباس بەدریشوان عەباس بەدری

ئاپۆڕانیوز

22/11/2024

   


شوان عەباس بەدری


جۆن ئێف كینیدی سەرۆكە خۆشەویستەكەی ناو خەڵك و كەسە بێزراوەكەی ناو كەسایەتییە سیاسی و كۆمپانیا زەبەڵاحەكانی ناو ئەمریكا بوو كە تا ئێستاش لە دوای 61 ساڵ بەسەر تیرۆركردنەكەی، هێشتا زۆربەی زانیارییەكانی ئەو رووداوە بە شاراوەیی ماوەتەوە و كووشتنەكەی جێی مشتوومرە.

ناوی تەواوی جۆن كینیدی، جۆن فیتزجیراڵد جاك كینیدییە و ڕەچەڵەكی دەگەرێتەوە بۆ هەرێمی وۆكسفۆردی ئێرلەندا، لە ساڵی 1941 پەیوەندی بە ڕیزەكانی سوپای ئەمریكا كردووە و لە میانەی جەنگی جیهانی دووەمدا وەك سەربازی یەدەگ لە زەریای ئەتڵەسی خزمەتی كردووە و لە ساڵی 1960 و لە دوای كێبەركێیەكی تووند لەگەڵ ریچارد نیكسۆن، توانی لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا سەركەوتن بە دەست بهێنێت و لە ساڵی 1961 وەك سی و پێنجەمین سەرۆك كۆماری ئەو ووڵاتە لەسەر باڵی دیموكراتەكان دەست بەكار بیت.

سەردەمی سەرۆكایەتی ئەم سەرۆكەی ئەمریكا بە پڕ قەیراناوی ترین سەردەمی سەرۆكایەتی ئەو ووڵاتە دەدانرێت و بەردەوام وڵاتەكەی لەگەڵ یەكێتیی سۆڤێتی جاران و ووڵاتانی هاوپەیمانی ئەو یەكێتییە لە كێشە و قەیراندا بووە و چەند جارێكیش لە لێواری هەڵگیرساندنی جەنگی ئەتۆمی نزیك بوونەتەوە، كە قەیرانی دورگەی كوتشینۆسی كوبا لە ساڵی 1961 ، كە بە دورگەی بەرازەكانیش ناسراوە و بۆ یەكەمجار ئەو ناوە لەلایەن عەلی خامەنەیی رابەری كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەكارهات یەكێكە لە ناسراوترین قەیرانەكانی سەردەمی سەرۆكایەتی كینیدی و هەروەها قەیرانی مووشەكەكانی یەكێتیی سۆڤێت لە كەناراوەكانی كوبا لە ساڵی 1962 یەكێكی ترە لەو قەیرانانە و جیهان بۆ ماوەی دوو هەفتە لە لێواری هەڵگیرسانی جەنگیكی گشتگیری ئەتۆمی دەست و پەنجەی نەرم دەكرد.

هەروەها جگە لە قەیران و كێشە دەرەكییەكانی ئیدارەی جۆن كینیدی، ئەم سەرۆكەی ئەمریكا لەبەر هەندێك سیاسەت و ڕاسپاردە و فەرمان، كێشەكانی لە گەڵ زۆربەی كەسایەتییە سیاسی و گەورە كۆمپانیاكانی نەوت و چەكسازی و سێكتەرەكانی تری ناو هەرەمی ئابووری ئەمریكا گەیشتبووە لووتكە و لە هەندێك كۆڕوكۆبوونەوەی نهێنی، وەك مەترسییەكی ڕاستەقینە بۆ سەر ئاسایشئ ئابووری و نەتەوەیی ئەمریكا وەسف كرابوو.

تا دواجار لە 22ی تشرینی دووەمی 1963 و تەنها دوای دوو ساڵ لە سەرۆكایەتی كردنی وڵاتەكەی لە كاتی سەردانیكردنی بۆ شاری داڵاسی ئەمریكا تیرۆركرا و لە دوای ترۆركردنیشی سەربازێكی ئەمریكی بە ناوی لی هارفی ئۆزوالد كە هەڵگری بیری چەپ و ماركسی بوو لە لایەن ئێف بی ئای بە ڕەسمی بە تیرۆركردنی سەرۆكی ئەمریكا تۆمەتبار كرا و دەستگیرییان كرد، بەڵام دواتر لی هارفی لە كاتی گواستنەوەی لەلایەن پۆلیسی شاری داڵاسەوە، لە قاتی خوارەوەی بنكەی پۆلیسی شارەكە لە لایەن جاك ڕۆبی ئەندامی مافیای شاری داڵاس كوژرا و خودی جاك رۆبیش لە دوای دەستگیركردنی و سەپاندنی سزای سێدارەدان بەسەریدا، لە ساڵی 1967 و ماوەیەك بەر لە دووبارە دادگاییكردن و پیاچوونەوە بۆ دۆسییەكەی لە كەشێكی گوماناویدا كۆچی دوایی كرد.

جۆن كینیدی هەشتەمین سەرۆك كۆماری ئەمریكایە كە لە كاتی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی كۆچی دوایی كردبێت و هەروەها لە دوای هەریەكە لە ئابراهام لینكۆڵن و جیمس گارفیلدر و ویلیام ماكنیلی بە چوارەم سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە ئەژمار دەكرێت كە تیرۆركرابێت و تیرۆركردنەكەشی هێشتا لەناو بازنەیەكی داخراوی پڕ لە گومان و پیلانگێری دەخولێتەوە.

;