Apora Logo

ھەگبەی بە تاڵی سودانی و پەرتەوازەیی سەرکردایەتی کورد

 ھەگبەی بە تاڵی سودانی و پەرتەوازەیی  سەرکردایەتی کورد
هیوا سەید سەلیمهیوا سەید سەلیم

هیوا سه‌ید سه‌لیم

14/11/2024


 لە  سەردانی دوێنێی (محەممەد شیاع سودانی)، بۆ ھەرێمی کوردستان، زۆرترین کۆبوونەوە لە کەمترین ماوە ئەنجامدران، بۆیە دەتوانین بڵێن (سودانی) لەو بارەیەوە رێکۆردی لە ئەنجامدانی کۆبوونەوە لە ماوەی کەمترن لە 12 کاتژمێر شکاندووە.  کە تەنیا ئەوەی بلاوکرایەوە 9 کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکان لە ھەولێر و سلێمانی ئەنجامداوە.

 ھەر لە ھەولێر کۆبوونەوەی بە جیای لەگەڵ سێ سەرۆک بارزانی سەرۆکەکانی (حزب، حکومەت، ھەرێم)، کۆبوونەوەی سودانی و عەلی باپیر، دواتر کۆبوونەوەی لەگەڵ بەشێک لەو حزبانەی بە کورسیەک و دوان گەیشتونەتە پەرلەمان بە پێکھاتەکانیشەوە. ھەروەھا کۆبوونەوەی سودانی و سەرکردایەتی یەکێتی، کۆبوونەوەی سودانی لەگەڵ ھەریەک لە (یەکگرتووی ئیسلامی و نەوەی نوێ و ڕەوتی ھەڵوێست) لە شاری سلێمانی.

 بە ھەر پێوەرێک بێت کە خوێندنەوە بۆ ئەم جۆرە کۆبوونەوانە دەکرێت دەبێت گومان بکەین ھەگبەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق زۆر شتی تیابووە  وا حزب حزب لە دەرگایان دەدات و لەگەڵیان کۆدەبێتەوە؟ پێش ئەوەی باس لە ھەگبەکەی (سودانی) بکەین دەبێت بڵێین ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لەم جۆرە خاڵی باش و خراب لە خۆ ھەڵدەگرێت، باش بۆ سودانی و خرابیش بۆ ھەرێمی کوردستان.

شایانی باسە،  سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەو سەردانەی بۆ ھەرێمی کوردستان چاکی کرد کە ئەو تەقلیدەی شکاند کە دەبێت ھەر پارتی و یەکێتی لەو جۆرە دیدارانە ببینرێن، ئەوەویان خاڵی پۆزەتیڤ بوو بۆ (موحەممەد شێاع سودانی)، نیگەتیڤیش بوو بۆ ھەرێم لەوەی جارێکی دیکە پەرتەوازەیی ناو ماڵی کوردی نیشانی بەغدا درایەوە، بەوەی کەس ئامادە نییە لەسەر سفرەی ئەوانی دیکە دابنیشێت، بۆیە ئەوە سودانیە ھاتووە وای نیشان بدات دەبێتە فریادڕەسی یەکگرتنی ھێزە کوردستانیەکان بە تایبەت لەسەر پرسی پێکھێنانی کابینەی (10)یەمینی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.

ھەموو زانیاریەکان باس لەوە دەکەن کە سودانی جگە لە پیرۆزبایی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ھیچی دیکەی لە ھەگبەکەی دانەبووە، ھەر بۆیەشە وەڵامی باوەڕ پێکەری بۆ چارەسەری پرسی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم نەدایەوە، ئەوە نەبێت کە لە چەند شوێنێک گووتبووی:" انشاللە بەو زووانە چارەسەر دەبێ"

شایانی باسە، لە ئێستادا (موحەممەد شیاع سودانی)، لە لایەن بەشێک لە کوتلە شیعەکان بە تایبەت لە لایەن نوری مالکی دژایەتی زۆری دەکرێت، ھەر ئەوەش وایکرد کە ئەو سەردانە بۆ ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدات بۆ ئەوەی لە ئایندەدا پشتیوانی بەشێک لە ھیزە کوردستانییەکان بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

دیوە شاراوەکەی کۆبوونەوەکانی سودانی ئەوانە بوون کە لەگەڵ بارزانیەکان بە تایبەت ئەوەی لە نێوان ھەردوو سەرۆک حکومەت باسیان لێوەکراوە لە بابەتی (نەوت، قەیرانی مووچە، سەرژمیڕی گشتی لە عێراق)، ھەموومان دەزانین دوو خاڵی یەکەم بوونەتە گرێکوێرە کردنەوەیان زۆری خایاند، بەڵام لەوان مەترسیدارتر بابەتی سەرژمێریە، کە چەند ڕۆژیکی کەمی ماوە بۆ ئەنجامدانی کە دەبوو لەسەرجەم کۆبوونەوەکان باس لەوە بکرێت دەبێت حکومەتی بەغدا نیگەرانیەکانی خەڵکی کوردستان بە تایبەت لە ناوچەکانی سنووری ماددەی 140 لەبەرچاو بگرێت، کە ھیچ ئاماژەیەک بۆ باسکردن لەو پرسە نەبیسترا.

دواجار دەڵێین، ھەرێمی کوردستان کە ناتوانێت دەرفەتەکان بقۆزێتەوە بەشی زۆری بەرپرسیاریەتییەکە دەکەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان، بۆیەشە ھەمیشە دەستی لە بنی ھەمبانەکە گیر دەبێت، ئەمجارەیان لەوش خرابتر بوو چونکە لە ئەساسدا ھەگبەکەی سودانی ھیچی تێدانەبوو ھەر بۆیەشە واش گەڕایەوە.


;