(ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی) سه‌رۆكی پارتی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رست (MHP) له (1 تشرینی یه‌كه‌می 2024) له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی وه‌رزی نوێی په‌رله‌مانی توركیا، له هه‌نگاوێكی چاوه‌ڕواننه‌كراودا ته‌وقه‌ی له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی كورد كرد. رۆژانی دواتریش هه‌ر به‌م هه‌نگاوه نه‌وه‌ستا، به‌ڵكو داوای كرد سه‌رۆكی زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (په،كه،كه) بچێته په‌رله‌مان تا داوای چهكدادانانی ئه‌ندامانی حزبه‌كه‌ی بكات.
بۆچی له‌م ساته‌وه‌خته‌دا باخچه‌لی ده‌ستپێشخه‌ری ده‌كات؟
له دوای ساڵی (2020) دا، هاوپه‌یمانی ده‌سه‌ڵاتدار له نێوان پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (AKP) و پارتی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رست (MHP) به‌رفراوانترین و توندترین هه‌ڵمه‌تیان ده‌ستپێكرد بۆ كۆتاییهێنان به بزوتنه‌وه‌ی چه‌كداری كورد له باكووری كوردستان، به به‌كارهێنانی هه‌موو شێوازێكی جه‌نگی ره‌وا و ناڕه‌وا. هه‌ر چه‌نده بزوتنه‌وه‌ی كوردی گوزری گه‌وره‌ی به‌ركه‌وت و تووشی داكشانێكی چه‌ندایه‌تی هات، به‌ڵام له ئه‌نجامی كۆتاییدا ده‌وڵه‌تی توركیا نه‌گه‌یشته ئامانجه‌كانی، ئه‌مه‌ش جۆرێك له بێچاره‌یی له‌ناو هاوپه‌یمانی ناوبراودا دروست كرد.
ئه‌مڕۆ توركیا گیرۆده‌ی گۆشه‌گیری نێوده‌وڵه‌تی بۆته‌وه، به‌ده‌ست چه‌ندین قه‌یرانی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی ده‌ناڵێنێت، چونكه زۆرینه‌ی وزه‌ی خۆی بۆ جه‌نگی دژ به كورد ته‌رخان كردووه. توركیا چه‌ندین هاوپه‌یمانی دیپلۆماسی و ئابووری دژ به یه‌كی پێكهێناوه. بۆ ئه‌وه‌ی خۆی بكاته هێزێكی ناوچه‌یی و ركابه‌ری ئـ‌ێران بكات، پێگه‌ی خۆی له جه‌نگی غه‌زه و لوبنان زیاتر بكات و بتوانێ له یه‌ك كاتدا پشتگیری بۆ فه‌ڵه‌ستین رابگه‌ینێت و په‌یوه‌ندیه‌كانیشی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل نه‌پچڕێنێت، له رووی عورفی هاوپه‌یمانیه‌تیدا خۆی خستۆته نێوان به‌رداشی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانی له‌گه‌ڵ روسیا و هاوپه‌یمانیدا!
به‌هۆی شكستهێنانی پڕۆژه‌ی له‌ناوبردنی بزوتنه‌وه‌ی كورد (باڵه سه‌ربازیه‌كه‌ی)، خۆ له‌سه‌رپێگرتنی (به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر) و به‌رده‌وامی تا ئه‌م ساته، هه‌روه‌ها به‌هۆی پێشهاته‌كانی جه‌نگی نێوان ئیسرائیل – ئێران و ئه‌گه‌ری گۆڕینی نه‌خشه‌ی جوگرافی و سیاسی له‌ناوچه‌كه‌دا وه‌كو (بنیامین نه‌تانیاهۆ) ئاماژه‌ی پێكردووه و زیندووكردنی پڕۆژه‌ی ئه‌مریكی (رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره یان نوێ) به فۆڕمێكی دیكه، توركیا سه‌رقاڵه به بونیادنانی هاوپه‌یمانی له‌ناوچه‌كه، به‌بێ ئه‌وه‌ی گۆڕانكاری له سیاسه‌ت و ئه‌جندا ناوخۆیی و ده‌ره‌كیه‌كانی بكات.
توركیا رێگا مهحاڵهكانیش تاقیده‌كاته‌وه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، هانا بردن بۆ هه‌ردوو سه‌رۆكی روسی و میسڕی و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، هه‌روه‌ها هه‌وڵه بێوچانه‌كانی (ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان) سه‌ركۆماری توركیا بۆ كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ (به‌شار ئه‌سه‌د) سه‌ركۆماری سوریا كه دوو ساڵه به‌رده‌وامه و هه‌موو نه‌ریته دیپلۆماسیه‌كانی به‌زاندووه، بۆ هه‌ماهه‌نگی له پێناو پاراستن و رزگار كردنی ده‌سه‌ڵاته پهڕپووتهكهی! دوای بێ ئه‌نجامبوونی له هه‌موو ئه‌وانه‌ی باسمان كرد، له پێناو رزگاركردنی ده‌سه‌ڵات و سیسته‌مه‌كی جگه له گه‌ڕانه‌وه بۆ كارتی كورد هیچ رێگایه‌كی دیكه له به‌رده‌م نه‌ماوه.
ناوه‌ڕۆكی ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ی (باخچه‌لی)؟
باخچه‌لی (هاوپه‌یمانی هه‌ر دژه كورد و توندڕه‌وی حكوومه‌تی ئه‌ردۆغان) به شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو له په‌رله‌مانی توركیا ، به ته‌وقه‌كردن له‌گه‌ڵ هاوسه‌رۆك و په‌رله‌مانتارانی (پارتی یه‌كسانی و دیموكراتی گه‌لان/ DEM) ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ی راگه‌یاند، رۆژانی دواتریش به گوتاره سنوور به‌زێن و تابو شكێنه‌كه‌ی به‌رده‌وام بوو. له رۆژی (22 تشرینی یه‌كه‌می 2024) باخچه‌لی بۆ په‌رله‌مانتارانی پارته‌كه‌ی كه تیایدا داوا ده‌كات (ئۆ،جا،لان) بێته په‌رله‌مان و له به‌رده‌م په‌رله‌مانتارانی DEM رایبگهینێت كه تیرۆر كۆتایی پێهاتووه و پارتهكهشهی بڵاوه‌ی پێكراوه! به‌م شێوه‌یه (ئۆ،جا،لان) ده‌توانێ سوود له (یاسای مافی هیوا) ببینێت و دواتریش ئازاد بكرێت!
ئامانج له‌م ده‌ستپێشخه‌ریه چیه؟
له ساتی یه‌كه‌میندا كه گوێبیستی قسه‌كانی (باخچه‌لی) ده‌بین، وه‌كو ئه‌وه دیاره كه حكوومه‌تی توركیا لۆژیكی نهیتخوازی دژه كوردی گۆڕیووه و نیاز پاكی خۆی نیشانده‌دات بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد به رێگای ئاشتیانه. هاوكات له‌گه‌ڵ قسه‌كانی باخچه‌لیدا رێگا به كه‌سوكاری (ئۆ،جا،لان) ده‌درێت بچنه دوورگه‌ی (ئیمرالی) و چاویان به ناوبراو بكه‌وێت. به‌ڵام دوای وچانێك كه گوتار و شێوازی ده‌ربڕینه‌كه‌ی شرۆڤه ده‌كرێت، ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه هیچ گۆڕانكاریه‌ك به‌سه‌ر لۆژیك و دونیابینی ده‌وڵه‌تی توركیادا نه‌هاتووه، چونكه هێشتا كێشه‌ی كورد وه‌كو تیرۆر پێناسه ده‌كرێت و داوای په‌شیمانی و خۆ راده‌ستكردنه‌وه له سه‌رانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه ده‌كرێت، ده‌وڵه‌ت به‌بێ گۆڕینی هیچ بڕگه‌یه‌كی ده‌ستوور كه ده‌ستوورێكی سه‌ربازیه و له‌گه‌ل كوده‌تای (12 ئه‌یلولی 1980) نووسراوه‌ته‌وه، داوای په‌شیمانبوونه‌وه‌ی كورد ده‌كات. له‌م سۆنگه‌یه‌وه ئامانجه‌كه‌ی ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی به‌م شێوه‌یه پۆڵین ده‌كرێت:
- توركیا ده‌یه‌وێت به رای گشتی جیهان و به تایبه‌تی ئه‌وروپی بڵێت كه ئه‌و خوازیاره به رێگای ئاشتیانه پرسی كورد چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام تیرۆریستان خۆیان راده‌ستی سیسته‌می دادپه‌روه‌ری وڵات ناكه‌ن!
- ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه هه‌وڵێكه، بۆ لێكترازاندنی بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كورد و شه‌قامی كوردی، به به‌ڵێنی (ئاشتیه‌كی فشۆڵ و بێ بنه‌مای یاسایی و ده‌ستووری) ده‌وڵه‌ت هه‌وڵده‌دات ناكۆكی له نێوان لایه‌نگر و باڵه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی كوردی دروست بكات. ئه‌مه‌شیان جۆرێكه له جه‌نگی ده‌روونی كه ده‌وڵه‌تی توركیا پێی ده‌ناسرێت و له رابردوودا له سایه‌ی ئه‌م جه‌نگه چه‌ندین ده‌ستكه‌وتی بۆ خۆی بردووه و كوردیشی تووشی چه‌ندین شكست كردووه.
- هه‌روه‌ها ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ی باخچه‌لی هه‌وڵێكه بۆ رێگا گرتن له ده‌ستێوه‌ردانی جیهانی رۆژئاوا و ئیسرائیل له ناوچه‌كه‌دا، نه‌وه‌كو ئه‌م دزوانه كێشه‌ی كورد وه‌كو كارتێك به‌كاربێنن و سه‌رله‌نوێ ناوچه‌كه‌ی پێ دیزاین بكه‌نه‌وه.
دوای ئه‌وه‌ی ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه، نه‌یتوانی بگاته مه‌رامه‌كانی، ئه‌مجاره ده‌وڵه‌ت و فیگوڕه‌كانی به هه‌مان نه‌زمی جاران، هاتنه‌وه مه‌یدان و دووباره سیاسه‌تی فشار، ته‌نگپێهه‌ڵچنین و ترساندن په‌یڕه‌و ده‌كه‌نه‌وه. دانانه‌وه‌ی قه‌یوم له‌سه‌ر شاره‌وانیه‌كانی (ئهسهنیوردی ئیستانبۆڵ، ماردین، باتمان و خه‌لفه‌تی) نموونه‌ی ئه‌م سیاسه‌ته‌ی سه‌ره‌وه‌یه. ده‌وڵه‌ت له‌م سیاسه‌ته په‌یامێكی بۆ كورد هه‌یه:
یان ئه‌وه‌تا به‌و فۆڕمه چاره‌سه‌ریه‌ی (له بنه‌مادا قوڵكردنه‌وه‌ی بـێچارهییه) كه ده‌یخه‌ینه‌ڕوو، رازی ده‌بن یان ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ی چه‌ندین ساڵه ده‌ستمان پێكردووه له كوشتن، بڕین، گرتن و ئه‌شكه‌نجه‌دان به‌رده‌وام ده‌بێت. پێشبینی ده‌كه‌م تا مانگه‌كانی به‌هاری ساڵی داهاتوو، سیاسه‌تی دانانه‌وه‌ی قه‌یوم درێژه‌ی هه‌بێت، گۆشه‌گیری له‌سه‌ر (ئۆ،جا،لان) به‌رده‌وام بێت. تا ئه‌و كاته‌ش ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا ده‌ستبه‌كار ده‌بێت، ئه‌و كاتیش ده‌وڵه‌تی توركیا سیاسه‌ته‌كانی خۆی به گوێره‌ی ئاراسته‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌كی و ناوچه‌یی (دۆناڵد تره‌مپ) دیزاین ده‌كاته‌وه!