لە شوباتی ١٩٦٩ەوە کاتێ ئەلپ ئەرسلان تورکێش پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی(MHP) دروست کرد، بنەماکانی تورکچێتی پەڕگیر و دوژمنکارانە بەرامبەر ئەوی دی بوون بە سیمبولی ئەو حیزبە و ناسیۆنالیزمی تورکی. کەس بە قەد تورکێش و میراتگرەکەی دەوڵەت باخچەلی، کە لە دوای مردنی تورکیش لە ساڵی ١٩٩٧ەوە بوو بە ڕابەر و سەرۆکی گشتیی ئەم حیزبە، دوژمنایەتی کورد و مافە ڕەواکانی ئەم گەلەی نەکردووە، نەک هەر لە تورکیا بەڵکو لە هەموو بەشەکانی کوردستان و بگرە لە دونیاش. لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا باخچەلی لەم سیاسەتەی لانەداوە و تا پێی کرابێت پەلاماری کوردی داوە. باسکردنی پاشخانی فکری و سیاسی ئەم پیاوە گرنگە بۆ لێکدانەوەی وتەکانی و تێگەیشتنی ئەو بارودۆخە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییە نێوخۆییە و ئاڵۆزییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەی ئەم وتانەیان لێ کەوتووەتەوە. تەنها لە ڕێگەی تێگەیشتنی ئەو بارودۆخە نێوخۆیی و هەرێمە و ڕیسک و مەترسییەکانیانەوە دەتوانین لەم پەیام و وتارانەی باخچەلی و ئەردۆگان و هەموو پارتە سیاسییەکانی تورکیا تێبگەین.
لێرەدا پرسیارێکی گرنگ خۆی دەسەپێنێت: بۆ دەبێت کەسێکی وەک باخچەلی بەو پاشخانەوە ئەم قسانە بکات؟. ئایە ئەم گوتارە ناکۆکە لەگەڵ دروشم و بنەماکانی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی و سەرۆکەکەی نابێتە مایەی زیانی سیاسی گەورە بۆیان؟. هەر لە ئێستاوە پارتی خاس(ئیی پارتی) هەوڵی ئەوە دەدات لایەنگرانی پارتەکەی باخچەلی بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و خۆی بکات بە نوێنەری ڕاستەقینەی ئەو گوتارە سیاسییەی نزیکەی شەست ساڵە پەیڕەو دەکرێت؟. باخچەلی هەست بەو مەترسییە دەکات و پاکانەکەی ئەوەیە ئەو لە پێناوی گەل و نیشتماندا هەرچی پێویست بێت دەیکات، ئەوانە بۆ ئەو لە سەرەوەی حیزب و ناو و ناوبانگی خۆیەوە دێن. لە دونیای سیاسەتدا هەموو شتێک ڕێی تێدەچێت و بەدوور نازانرێت کە ئەردۆگان بیەوێت بەم کارە کارتی باخچەلی وەک ناسیۆنالیستێکی توندڕەو بسووتێنێت و جارێکی دیکە نەتەوانێت توندڕەوانی تورک لە دژی خۆی و پارتەکەی بورووژێنێ.
ئەم هەڵویستەی باخچەلی لە ئەنجامی پرۆسەیەکی هەنگاو لە دوای هەنگاوەوە نەهاتووە، بەڵکو لە پڕ و لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا لەو پەڕی تورکچێتی توندڕەو و پەلاماردەرەوە هاتووەتە سەر ئەوەی داوای پێکەوە ژیانی هەزار ساڵەی کورد و تورک بکات. ئەوە بوو لە یەکی ئوکتۆبەر تەوقەی لە گەڵ پەڕلەمەنتارانی دەم پارتیدا کرد و ٣ ئوکتۆبەر ئەردۆگان لە ماڵەکەی خۆی سەردانی کرد و هەر لەو ڕۆژەشدا ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆ بووەوە و بارودۆخی سیاسی تورکیا و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد و دانیشتنی داخراویش لە گەڵ پارتە تورکییەکاندا کرا. وا دیارە لە ئەنجامی ئەو زنجیرە کۆبوونەوانەدا ئەم پرسە هاتووتە کایەوە. میدیای تورکی باس لەوەش دەکات کە باخچەلی ڕاپۆرتێکی هەمەلایەنەی بۆ ئامادە کراوە سەبارەت بە شەڕی چل ساڵەی دەوڵەتی تورک و پارتی کرێکارانی کوردستان و لەوێدا بە وردی زیانەکانی تورکیا لەسەر ئاستی ئابووری و مرۆیی بە هۆی ئەو شەڕەوە خراونەتە ڕوو. دەمێکە بۆچوونێک لە تورکیا لە ئارادایە کە دەڵێت تەنها بە ناسیۆنالیستانی توندڕەوی تورک دۆزی کورد لەو وڵاتە چارەسەر دەکرێت، وا ئێستاش باخچەلی هەوڵی ئەوە دەدات. ئەمە بەو واتایە دێت کە تا ئەوان هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بە کورد و دۆزەکەی نەگۆڕن کەس ناوێرێت دەستیان بۆ ببات.
بە پێچەوانەی زۆر لێکدانەوەی گەشبینانەی کوردەوە کە پێیان وایە تورکیا لە لاوازییەوە ئەم هەنگاوەی ناوە،کاربەدەستانی تورک وای لێکدەدەنەوە کە درۆن و چەک و تێکنۆڵۆجیای نوێ دەرفەتی جموجووڵی گەریڵاکان و بگرە ئەندامان و سەرکردەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانیان سنووردار کردووە و ئێستا هەلێکی لە بارە بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن دەستبەرداری چەک بن و ڕێگای سیاسەت بگرنە بەر.
گوتارەکان و لێکدانەوەکانی بەرپرسان و میدیای تورکیا هەوڵی ئەوەش دەدەن لایەنی بەرامبەر بکەن چەند بەرەیەکەوە: ئیمرالی، قەندیل، دەم پارتی و سەلاحەدین دەمیرتاش. لێرەدا زۆر گرنگە کورد یەک دەنگ بێ، نەک تەنها ئەو لایەنانە، بەڵکو هەموو گروپ و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان و میدیا و ئەکادیمییانی کوردی باکوور لەیەک بەرەدا کۆ بکرێنەوە بۆ ئەوەی بتوانن نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی داخوازییەکانی گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان بکەن.
گرنگیی ئەم هەنگاوە لەوەدایە کە تەنها پڕۆژەی دەوڵەت باخچەلی نییە، بەڵکو پڕۆژەی دەوڵەتی تورکیایە و ئەردۆگان بە توندی پاڵپشتی لێ دەکات. ئەوەی بیستوومانە کوردانی باکووریش دڵخۆشن بەم پێشهاتە و هیوای ئەوە دەخوازن ئاشتی بەرقەرا بێ و ئارامی و خۆشگوزەرانی ڕوو لە ناوچەکانیان بکەن. هەروەها هەموو پارت و ڕێکخراوە گرنگەکانی وەک جەهەپە و دەم پارتی و پارتەکەی داوود ئۆغڵو ...تاد پشتگیری لێ دەکەن و داوای هەنگاوی کۆنکرێت و ڕوون دەکەن لە چوارچیوەی دامەزراوە قانوونی و دەستوورییەکاندا. ڕۆژنامەنووسێکی تورک نووسیوێتی (لە کاتێکدا سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە خوێن دەکێشرێن، ئێمە دەمانەوێت بە گۆرانی ئاشتی بەرەی ناوخۆی خۆمان بەهێزتر بکەین!).
ئەمە دەرفەتێکی مێژووییە، بەڵام بەربەست و ڕیسکی گەورەشی لە بەردەمیدایە.