Apora Logo

شەری غەززەو کوژرانی نەسرولڵا چیمان پێ دەڵێ؟

شەری غەززەو کوژرانی نەسرولڵا چیمان پێ دەڵێ؟
گۆران جەلالگۆران جەلال

شەری غەززەو کوژرانی نەسرولڵا چیمان پێ دەڵێ؟

16/10/2024

شەری غەززەو کوژرانی نەسرولڵا چیمان پێ دەڵێ؟

 ساڵێک بەسەر هێرشی رێکخراوی ئیسلامی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل تێپەڕێ، ئەو شەڕە چۆن بوو، کێ کردی و کێ ئەندازیاری بوو بۆ کرا و ئامانج و مەبەست لێی چی بوو پرسیار گەلێکن لێکدانەوەی جیاوازیان بۆ دەکرێ، بەڵام گومانێک لەوەدا نییە بەوەی ئەو هێرشە دەرگای جەهەنەمی بە رووی غەززە و هەموو فەلەستین و لوبنان و ناوچەکە و دنیا کردەوە.

 لەرۆژانی یەکەمی هێرشەکە ئیسرائیلێکی شکستخواردوو و بێ دەسەڵات‌ و حەماسێکی تۆکمەو سەرکەووتوو دەبیندرا، بەشیوەیەک ئەو هێرشە بە شکاندنی شکۆ و هێزی سەربازی دەوڵەتی ئیسرائیل وەسف کرا، لەبەرامبەردا حەماس‌و هاوپەمانەکانی لەبەرەی مقاوەمەی ئیسلامی و پشتیوانەکانیان تەپلی سەرکەوتن و نوقلانەی نەمانی جوولەکەو ئیسرائیلیان دەبەخشیەوە، بەڵام چاودێرانی سیاسی بڕوای تەواویان هەبوو کە ئەمە سەرەتای شەرێکی بێ ئامان خوێناوی دەبێت، هەروەها هەندێک سەرچاوە بە پلانێکی نێودەوڵەتیان دەزانێ کە نیاز لێی پەلکێش کردنی حەماس و حزبوڵلا و کۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ ناو شەرێکی توند و دوور مەودا، لەسەرەتا لێکدانەوەی دووەم پەسند نەدەکرا، چونکە ئاراستەی شەرەکەو هاوکێشەکان وا دەرنەدەکەوتن، بەڵام لەگەل درێژە بوونەوەی شەرەکەو ئاوەژوو بوونەوەی هاوکێشەکان و ئەو لێکەوتانەی بە دوایدا هاتن، بە تایبەتیش لە کاردانەوەی توندی ئیسرائیل و بە کارهێنانی تازەترین تەکنەلۆژیای سەربازی و شیوازی نوێی بەرێوەبردنی شەرو بەکارهێنانی سیاسەتی کێوماڵی سەرتاسەری ناوچەکانی بن دەستی حەماس و حزبەڵلا و بە ئامانج گرتنی یەکە بە یەکەی سەرکردە باڵاکانی بەرەی مقاوەی ئیسلامی کە لە ئیسماعیل هەنیەوە دەستی پێکرد تا گەیشتە حەسەن نەسروڵلا و کۆمەڵێک لە سەرکردەی بەرەی مقاوەمەو پەڕینەوەی شەر بۆ ناو خاکی لوبنان، خەریکە لێکدانەوەی دووەم لە راستی نزیک دەکاتەوە، بەپێی لێکدانەوەکان، بە بەکار هێنانی تەکنەلۆژیای زیرەک و بە ئامانج گرتنی بەرپرسان و کوشنتی نەسروڵلا هەموو یاساکانی باوی شەری تەقلیدی گۆڕاو دەرئەنجام و لێکەوتەی تازەو مەترسیدار هاتۆتە گۆڕەپانی شەر کە لەهەموویان گرنگتر ئەوەیە لەمەودوا ئیسرائیل بە بارودۆخی پێش شەرو بوونی هێزی چەکداری وەک حەماس و حزبوللای لوبنانی رازی نابێت، هەروەها هەر رێککەوتنێک بکرێت بە مەرج و لەبەرژەوەندی ئیسرائیل دەبێت.

ئێستا بەتەواوی شەرەکە پەڕیوەتەوە لوبنان و کۆماری ئیسلامی ئیران بەشدارە لە شەرەکە بە تایبەیش لە دوای هێرشە مووشەکیەکەی بۆ سەر ئیسرائیل، هەروەها لێدوان و هەرەشەکانی سوپای ئیسرائیل بە گرتنی تەواوی ناوچەکانی بن دەستی حزبولڵا کە دەکاتە بەشێکی زۆری خاکی لوبنان ئالۆزییەکانی زیاتر کردووە، خۆ ئەگەر ئیسرائیل لە تۆڵەی مووشەکبارانەکەی ئیران هێرش بکاتەوە سەر ئێران کە زۆربەی چاودێران دووپاتی ئەو کارە دەکەنەوە، ئەوا گۆمەکە هێندەی دیکە دەشلەقێ کە داهاتووی ناوچەکە لەگەڵ دەیان ئەگەری مەترسیدار رووبەروو دەکاتەوە.

رەنگە پێشبینی کردن بۆ ئەنجامی شەرەکە لێکدانەوەی جیاواز هەڵبگرێ، بەڵام شەرەکە تەواو بێت سەرکەوتوو و دۆڕاو هەر کێ بێت یان شەرەکە بەردەوامیش بێت ناوچەکە وەک خۆی نامێنێ، بەتایبەتی لە فەلەستین و لوبنان و نەخشەی هاوسەنگی و هێز لە سووریا، عیراق، ئیران، یەمەن و چەندین وڵاتی تر گۆڕانی بەسەر دادێت، پرسیاری هەرە جدی ئەوەیە ئەی کوردستان بە گشتی و هەرێم بە تایبەتی لە کوێی ئەو هاوکێشانە دایە؟ ئایە پروشکی شەرەکەی بەر دەکەوێ یان نا؟ ئایا دەوڵەتی عیراق چۆن لەگەڵ ئەو پرسە رێ دەکات؟ بەتایبەتی کە چەندین گروپی حەشدی شەعبی ئێستا وەک خۆیان دەڵێن لەبەرەی مقاوەمەن راستەوخۆ بەشدارن لەشەر، ئایە ئیران چۆن لەگەڵ ئەو پێشهاتانە دەست و پەنجە نەرم دەکات؟ هەروەها سووریا چۆن سەیری رۆژئاوا دەکات ئایە لەگەڵ ئەمڕی واقعی پەیەدە و قەسەدە هەل دەکات؟ لەوسەرەوەش ئەی تورکیا لە چ برگەیەکی ئەو هاوکێشەیە جێ دەگرێ؟ چونکە لە بیرمان نەچێ تورکیا بە ئاشکرا پاڵپشتی خۆی بۆ بەرەی مقاوەمە راگەیاندووە، پرسیارگەلێکی زۆر هەن، لە هەموویان گرنگرتر ئێمەی کوردستانیان چۆن دۆخەکە هەڵدەسەنگێنین و ئایە هیچ ئامادەباشی و مشوورخۆریەکمان بۆ دوخەکە هەیە؟ بەداخەوە بێدەنگی و خۆ نابان کردنێک لەو بابەتە هەیە، ئەگەر ئەوەها بڕوات بارەکە بەهەر لایەکدا بکەوێت خەڵکی کوردستان تێیدا سوودمەند نابن، رەنگە زیانیشمان بەرکەوێ.

لە کۆتاییدا ناوچەکە لەبەردەم گۆڕان و وەرچەرخانێکی مەترسیدار دایە، پێویستە هەمووان بە هەندەوە و عاقلمەندا لێکدانەوەی ئەگەرەکان بکەن، بەهەر شیوەیەک بێت کارێک بکەین ئەگەر دۆخەکە بە سوودی خەڵکی کوردستایش تەواو نەبوو بە لە زیان بە دوور بێت.

;