ڕاگەیاندن بەسەرجەم کەناڵەکانیەوە بە سۆشیال میدیاشەوە، بەسەرچاوەیەکی گرنگ و سەرەکی پەروەردەکردن و هۆشیاری کۆمەڵایەتی دادەنرێن، بەڵام مخابن لەو هەرێمەی ئێمە کە تائێستا بە ئامانجی خۆی نەگەیشتوە دەپرسین ئایا شایستەی ئەوەیە بەو دەردە ببردرێت و لەشکرێک لە میدیای جۆراوجۆری قین لەدڵی بارگاویکراو بە عەقڵیەتی دۆگمای حزبی، دووژمن بە نیشتیمان و خزمەت بەبێگانە، هەرچی لەدەستیان دێت ژەهر دەرخواردی هاونیشتیمانیانیان بدەن !؟
لێرەدا ڕایدەگەینین کەوا ڕشتنی ژەهری کوشندە لەلایەن میدیاو سۆشیال میدیاوە خۆی لە بڵاوکردنەوەی زانیاری بەردەوامی نادروست و هەڵە و چەواشەکاری بێ بنەما دەبینێتەوە، بەجۆرێک پەیامەکانیان لە هەموو ئاداب و ئەخلاقیاتێکی تەندروست دەردەچن و پابەندی هیچ بنەمایەی ئیتیکی پیشییانەی ئامانجدار بە پەروەردەکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگا ناگرێتەوە.
لە ماوەی چەند ساڵی حکومڕانی حزبەکانی دەسەڵاتدار لەهەرێمی کوردستان، لەگەڵ هەرپێشهات و گۆڕانکاریەکی سیاسی یا لەگەڵ ئامادەکاری و دەسپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا، بەردەوام لەپاڵیدا هەڵمەتی (ژەهردەرخۆر)ی خەڵکیان کردۆتە پیشەیان و هەرچی وشە و ڕستەی چەمکی نەشیاوی دوور لە ڕەوشتی کۆمەڵایەتی هەیە کە شایستەی گووتن نین، خستویتیانە ناو ئەدەبیاتی پەیام و تێکستەکانی ناو کەناڵ و میدیاکانیانەوە، هێندە زێدەڕۆیی لەسەرکراوە و چەندبارە بۆتەوە، ئاکارەکە بەشێوەیەک تەشەنەی کردوە، دەتوانین بڵێین وەکو نەریتێکی نەخوازراو جێی خۆی کردۆتەوە، جێگای داخە بەشێک لە کەناڵەکانی دەرەوەی جووت حزبیش بەهەمان پەتا ئاڵوودە بوونەو خوویان پێیانەوە گرتووە، وەكو ئەوەوابێت ئەوە ڕێگا ڕاستەکە بێت لاساییان کردوونەتەوە ، کە ئەمەیان هێندەی دیکە دۆخەکەی مەرتسیدارتر کردۆتەوە.
کردەوە دزێوەکانش بەم شێوانە ئەنجام دەدرێن:
١-هەڵبژاردنی ناونیشان و ناوەڕکی بابەت و ریپۆرتاژ وهەواڵ و سەردێروبندێرەکانیان سەرنجی خەڵک بەلاڕێدا دەبەن، بەجۆرێک چەواشە دەکرێن تائاستی ئەوەی بابەتە گرنگ و سەرەکیەکانی ژیانگوزاری وەک کێشەی( ئاو ، کارەبا ، مووچە، نەوت ، نیشتەجێبوون ، هەلی کار و ناوچە جێناکۆکەکان....هتد) لەبیر خەڵك ببەنەوە.
٢- لەئەگەری خستنەڕووی هەر پرسێک لە کێشە چارەنووسازەکانی تایبەت بە خەڵكیشەوە، ئەوان تائاستی ئەوەی کە بەرژەوەندیەکانیان پارێزراوە، تەنها ئەو ڕووە نمایش و پەخش دەکەن کە خۆیان مەبەستیانە، بە درۆی ڕتووشکراو و درووشمی قەبەی لەچەشنی بەرژەوەندی باڵای خاک و وڵات و ئاسایشی نیشتییمانی هێندەی دیکە پرسەکان بەلاڕێدا دەبرێن.
٣- هەمیشە پەیامە ناڕاست و نالۆژیکیەکانیان بەبەردەوامی دووبارەو چەندبارە دەکەنەوە، تاوەکو لە زهنی خەڵک بچەسپێنن کە ئەوەی ئەوان نمایشی دەکەن ڕاستیەکی یەقینە.
٤- زۆربەی جار زمانێکی تایبەتی هەڕەشەئامێز و مەترسیدار لە پەیامەکانیان بەکاردەهێنن تاوەکو مۆتەکەیەک لەلای خەڵكی دروست بکەن و جورئەت نەکەن زانیاری زیاتر بەدەستبگەیەنن.
٥- لەپێناو پاساوهێنانەوە بۆ پرسە ناڕەواکانیان، بەردەوام لەم بۆنانە چەندین کەسایەتی دیاریکراوهەن لەبەرنامە جۆراوجۆرەکان و چاوپێکەوتن و لێدوانەکاندا دەیانخەنەڕوو، ئەوانیش بێ گوێدانە ئیتیکی سیاسی و ئادابی کۆمەڵایەتی لەغەیری بەرژەوەندی تایبەتی حزبەکانیان بترازێت حساب بۆ هیچیەك لە دۆخی سایکۆلۆژی خەڵک و ئابووری بازاڕو و بوارەکانی دیکە ناكەن، هەرچی قسەی نەگوتراوو نەشیاوە ریزبەندی دەکەن، بەدراسەکردنی ئەو مێژووەی کە ئەزموونیان کردووە، جێی داخە ژمارەیەک لەو وشە و دەستەواژانە بوونەتە ئیدیۆم و لەسەر زاران دەگوترێنەوە.
٦- بەکارهێنانی وێنەو وێنەڤیدیۆی چەواشەکارانە، کە بەمەبەستی ئامانجێکی دیاریکراوی حزب بەجۆرێک لەجۆرەکان مۆنتاژ دەکرێن تەنهاو تەنها مەبەستیان شکاندنەوەی لایەن و کەسی بەناونەیاریانە، ئەوەشیان یەکێکی دیکەیە لە ئاکارە ناڕەواکانی مرۆڤایەتی و دووریشە لە هەموو بەها جوانەکانی پێکوەژیان و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی.