هەرێمی کوردستان لەبەردەم پڕۆسەی هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی سەختدایە. نەخشەی دابەشبوونی هێزەکان، نادڵنیایی و بێ متمانەیی دەنگدەر، غیابی گوتارێکی سیاسی روون؛ تادێت وێنەکە لێڵتر دەکەن! لەم کورتە سەرنجەدا، بەمەبستمە قسە لەسەر گوتاری سیاسی ئەو هێزانە بکەم کە وەک ئۆپۆزسیۆن خۆیان ئامادە دەکەن.
خوردبوونەوە و پارچەپارچەیی ناو هێزەکان، ناونیشانی ئەم قۆناغەی ژیانی سیاسی و حزبایەتیە لە هەرێمی کوردستان. بانگەشەکارانی ئۆپۆزسیۆن، لە سێ مۆدێلی سیاسیدا خۆیان نمایش دەکەن، نەک گوتار!
مۆدێلی یەکەم؛ خاوەن رێبازێکی پۆپۆلیستی مناڵانەیە، پشتی بەستووە بە قسەی سۆزداریی و زمانی شەڕانگێزیی بۆ بردنەوەی دەنگی خەڵکی بێ هیوا! خاوەن دیدگا و بەرنامەیەکی قوڵ و درێژخایەن نیە بۆ سیاسەت و حوکمڕانی.
مۆدێلی دووەم؛ پاسیڤ و بە بۆڵەبۆڵە. بووەتە رێبازێکی رەخنەگرانەی پاسیڤ. کێشەی ئەو مۆدێلە ئەوەیە، سیحری رەخنەی بەتاڵ کردۆتەوە. ناشرینییەکانی حوکمڕانی کردووە بە رۆتین لەلای خەڵک. ئەم مۆدێلە نائومێدی زیاتر دەبەخشێتەوە، شکست دەهێنێ لە پێشکەشکردنی بەدیلێکی بەهێزی حوکمڕانی یان ئیلهامبەخشی گۆڕانکاریی!
مۆدێلی سێهەم؛ بەشێک بووە لە فەرمانڕەوایی، لە سیستەمی (حیزبۆکرات) ی هەرێمی کوردستاندا، لە چەقی دەسەڵاتەوە گەیشتۆتە پەراوێز، پاشان ئۆپۆزسیۆن. ئەم مۆدێلە لەڕووی سیمبولیتیکییەوە، هێشتا نمایشی قودرەت و دەسەڵات دەکات، کار بە گوتارێکی توندی رەتکردنەوە و (هەڕەشەئامێز) دەکات. مۆدێلی نمایشی دەسەڵات و قودرەتە، بۆ بەرگریکردن لە خەڵک، وەک ئۆپۆزسیۆن. کێشەی ئەم مۆدێلە؛ نەبوونی گوتاری سیاسی روون، غیابی دیدگا و لەهەمووشی گرنگتر، بێمتمانەیی خەڵکە لەبەرامبەریدا! تەحەددای ئەم مۆدێلە، خۆتەکاندنە لە تەپوتۆزی ئەو دەسەڵاتەی کە پێشتر لەدەستیدا بووە و لەدەستی داوە!
ئەنجام؛ هەرسێ مۆدێلەکە، ئاماژەن بۆ دۆخێکی سەخت و بان-واقعی، لە هەرێمی کوردستاندا. دابڕانێک و بۆشاییەکی گەورە لەنێوان خەڵک و پڕۆسە سیاسییەکە هەیە، خوردبوونەوەیەکی توند لەنێوان پێکهاتە و قەوارە سیاسییەکاندا هەیە. هەر گروپێک لەو سێ مۆدێلەی سەرەوە، تەنها خزمەت بە بازنەیەکی دیاریکراو دەکەن! هیچیان نەیانتوانیوە بگەن بە ئاستی تێگەیشتن و باسکردن لە پێداویستییە هەمەچەشن و پەرەسەندووەکانی دەنگدەر. لە نەبوونی دیدگایەکی یەکگرتوو، یان لێکتێگەیشتن؛ کەسیان ناتوانن سەرکردایەتی گۆڕانکاریی بکەن!
خوردبوونەوەی سیاسی نێوان هێزەکان، مەترسی چەقبەستوویی سیاسی لە هەرێمدا زیاتر دەکات. پەنابردن بۆ زمانی (شەڕانگێزیی، رەخنەگرتنێکی بەردەوام و بێ ئامانج، گوتاری سۆزداریی و بزواندنی خەڵک)، هەرێمی کوردستان ناکەن بە خاوەنی ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز، وریا و لەسەر پێ وەستاو! سیاسەت بە تەنها ناتوانێ پشت بە مۆدێلێکی نمایشی ببەستێ، دەبێ بگۆڕدرێ بۆ گوتار، گوتاریش بۆ بەرنامە و دیدگا. دیمەنی ئێستای هەرێمی کوردستان؛ بە مانشێتێکی گەورە: نائومێدی و سەرلێشێوانە!