Apora Logo

ھەولێر لۆت بمرم

ھەولێر لۆت بمرم
هیوا سەید سەلیمهیوا سەید سەلیم

ھیوا سەید سەلیم

17/8/2024


                                                   

 ھێشتان زیاتر لە یەک مانگی ماوە بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن پارتی و یەکێتی ھەولێر دەکەنەوە چەقی ململانێ تەقلیدیەکەی خۆیان. ئەوان ھەریەکە و بە جۆرێک باس لە خاوەنداریەتی ئەم شارە دەکەن، لایەنێک دەڵێت وەریدەگرینەوە و ئەوەی دیکەش بە خەونی دەبینێت و دەڵێت مەگەر لەسەر مەریخ وەریگرنەوە.

 ھەولێر لە ماوەی سی و دوو ساڵی حوکمڕانی ئەو دوو حزبە ڕکابەرە (پارتی- یەکێتی) زۆر جارە کراوەتە قوربانی ململانێی ئەم دوولایەنە، دەستپێک لە شەڕی نەگریسی ناوخۆ لە ساڵی 1994 دوو شارەکەی دیکەی ھەرێمی کوردستان (دھۆک و سلێمانی)، بۆ پارتی و یەکێتی یەکلابوونەوە، بەڵام دەبوو گولەی تۆپ و راجیماکان ڕوو لە ھەولێر بکەن، تا بزانرێت ھەولێر لەو شەڕەدا بەلای کێ یەکلادەکرێتەوە، لەو بارەیەوە ھەولێر کرایە مەیدانی شەڕێکی چەند ساڵەی پارتی و یەکێتی، بۆ بردنەوەی ئەم شەڕەش ھەموو پیرۆزیەکانی ھەولێر ژێرپێ خران.

  ئێستا دوای جارەگە سەدەیەک لە شەڕی ناوخۆ بە گەڕانەوە بۆ سیاسەتی چەوتی جاران وا جارێکی دیکە تای ھەڵبژاردن بەرۆکی لاشەی ھەولێری داماو دەگرێتەوە و شەڕە گەورەکەی ھەڵبژاردن لە مەیدانی ھەولێر دەستپێدەکاتەوە.

 ئاشکرایە ھەولێر لە کاتێکدا ئەو ھەڵایەی لەسەر درووست دەکرێت کە سێ یەکی دانیشتوانەکەی لە ھاوینی ئەمساڵ بەدەست بێ ئاوی ھاواری لێھەڵساوە، زستانەکەی بەشێکی ئاو بردویەتی، ژەھری پاڵاوگە نایاساییەکان خنکاندویەتی، دەستی کاری بیانی گەنجەکەی بێ کارکردووە، سیاسەتی بێ پلانی دەسەڵات ھەژموونی عەرەبی لەسەر موڵکی ھەولێریەکان زیاد و زیاتر کردووە.

 

 لە سایەی ئەم دەسەڵاتە ھەولێر وەک شارەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان بەسەر دوو چینی زەقی کۆمەڵگا دابەشکراوە. چینێکی دەوڵەمەندی نزیک لە دەسەڵات لە شارەکانی (ئینگلیزی وئەمریکی و ئیتاڵی و خەونەکان و ئەمپایەر و کواترۆ....ھتد) دەژیت، کە تەنانەت ناوی شارەکانیشیان کوردی نیە، ئەوان کێشەی ژیانیان نیە بگرە ( کارەبای بەردەوام، ئاوی دزراوی گەڕەکەکانی دیکە، سیکوریتیەکی بەھێزیان) ھەیە.

  چینکەی دیکەش چینە ھەژارەکەیە، کە زۆرینەی شار پێکدەھێنێت کەس نایەت باس لەوان بکات. دەبوو شەڕی پارتی و یەکێتی لەسەر ئەم چینە کەمینە بێت، چونکە سیاسەتی 32 ساڵەی حوکمڕانی ئەوان لە خزمەتی کەمینەی شارنیشین بووە نەک زۆرینەی مافخوراو.

  ھەولێر لۆت بمرم دەبێت کەسێک فرمێسکت بۆ ھەڵبژێرێت کە وەک زۆرینەی گەڕەکەکانی ھەولێر شەونخونی کردبێت بەدیار تۆڕۆمپای ئاو تا بزانێت چۆڕێک ئاوی بۆ دێت یان نا، یان بە بڕانی کارەبا( نیشتمانی- موەلیدە)، لە شیرینە خەو بە خەبەری ھێنابێت، نەک ئەوانەی ئاگایان لە حاڵی زۆرینەی شار نییە.

 

 

;