ڕۆژی 8ی ئابی 1976 یەکەمین ڕاگەیەندراوی بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان بڵاوکراەیەوە، دواتر ئەم بۆنەیە کرا بە ڕۆژی دامەزراندنی (بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان)، ئەگەرچی مێژووی بزووتنەوە دەگەڕێتەوە بۆ چەند مانگێک بەر لە (1976/8/8) بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان، ڕێکخرواێکی سیاسیی کوردستانی بوو، واقیعی کارەساتباری دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول وەک زەرورەتێکی ئەوسای بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان ھێنایە مەیدانی تێکۆشانی سیاسیی و دواتریش ڕۆڵی سەرکی بینی بۆ جۆشدانەوەی خەباتی چەکداری و سەرھەڵدانەوەی شۆڕش بە شێوازێکی نوێوە لە بواری سیاسیی و ڕێكخراوەیی و پیشمەرگایەتییەوە، ھەربۆیەشە دەتوانین بڵێین بزووتنەوەی سۆسیالیست لە پاڵ کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان کە دواتر ھەردوو لا لەگەڵ هێلی گشتی بەیەکەوە چوونە ناو نیمچە بەرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بووە ھەوێن و داینەمۆی جۆشدانی شۆڕشی نوێ لە ساڵی 1976، ئەم ئامادەگیەی بزووتنەوەی سۆسیالیست، کۆتای ھێنا بە نا ئومێدی سەردەمی نسکۆ و وەڵامێکیش بوو بۆ ڕژێمی بەعس کە تووشی غروری سەربازیی و سیاسیی بووبوو.
فیداکاری بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان لەوەوە دەردەکەوێت کە لە دەستپێکی شۆڕشەوە پۆڵێک سەرکردەی بوونە قوربانی ڕێبازی کوردایەتی، دواتریش ڕابەر و دامەزرێنەری بزووتنەوەکە شەھید سەیدا ساڵح یوسفی شەهید بوو، کە بە پیلانێکی نەخشە بۆ داڕێژراو لەناو شاری بەغدا لە 1981/6/25تیرۆرکرا. جگە لە ڕووداوی تیرۆری شەھید سەیدا، مخابن لە شەڕی نەگریسی ناوخۆ بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان دوو لە سەرکردە ھەرە بەتواناکانی دیکەی بە ناحەق لە 1978شەھیدکران ئەوانیش شەھیدان (عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید سەعید)، بە شەھیدبوونی ئەم دوو سەرکردە بە ئەزموونە لە کارەساتی ھەکاری و شەھیدبوونی سەیدای ڕابەری بزووتنەوەی سۆسیالست و شەهیدان (سەعدی گچكە و کاردۆ گەڵاڵی و عەلی ھەژار و تاهیری عەلی والی) خەسارەتێكی گەورە بەر بزووتنەوە كەوت و قەرەبوو نەكرایەوە وەزەحمەت کەوت و دوای ئەمانیش پۆڵێک شەھیدی دیکەی سەرکردە و کادیر و فەرماندی شەھیدبوون، لە نموونەی شەھیدان (ملازم ئەنوەر مەجید سوڵتان، ملازم جەمال ئەحمەد، مامۆستا غەفور ئاغجەلەرەیی، حەمید باتاسی، حوسێن دۆشکە، ئەحمەد فەتحوڵا، رووف مستەفا، سەید سەلیم، شینەی بۆڵی، ئەحمەدخان، عەبدوڵا بەرەکەیی، جەزا شەریف، یاسین قادر، جەلال عزەدین، جەعفەر ئەسود، بەختیار سەعید، سەید عەبدوڵا نەبی بۆڵی، مەحمود سەید، خدر حاجی عەلی، حەوێز ئیبراھیم، ئەبوبەکر سێکانیانی، حوسێن خدر میرزا، خدر سۆفی مەلا، عەبدوڵڵا بەرەکەیی، حوسێن رەسول، جەوھەر سەعید، ئازاد توفیق، غفور ژاژەڵەیی، خدر حاجی عەلی، سەلام ئەحمەد، خدر سۆفی مەلا، عوسمان شەفیق، تۆفیق مەحمود...ھتد). ھەرەھا شەھیدانی داستانی (دەشتێو، دوکان ، شارستێن، قوڵەبەرازە، شیوپیران، باوزێ ، لەگەڵ شەھیدانی کارەساتی ھەکاری) جێگای ئاماژەیە کە بزووتنەوەیەک لە دەستپێکی دامەزراندنیەوە بە تەنیا لە سێ ساڵ ئەم پۆلە شەھیدەی پێشکەشی خاکی کوردستان بکات دەبێت وەک قوتابخانەی فیداکاری سەیر بکرێت.
مخابن ئەم بزووتنەوەیە بە ھۆی ناکۆکیە سیاسەکانی ئەوسای نێو بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان و ئەو کەلێنە گەورەیەی لە سەرکردایەتییەکەی درووستبوو، ھەر زوو ڕووبەڕووی ترازان و پاشەکشێ بوویەوە و ئەو ئامانجەی بۆی دامەزاربوو کە بریتی بوو لە درووستکردنی ھێلی سێیەم لە نێوان دوو لایەنی تەقلیدی جەلالی و مەلایی نەھاتەدی. بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان دوای ترازانی لە نێو نیمچە بەرەیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵی 1979 شکست دوای شکست ڕووبەڕووی بووەوە، ئەوانەشی کە لە ئێستادا شانازی بەو مێژووە دەکەن بریتییە لەو وەفایەی کە لە نێو ڕێبوارانی قوتابخانەی بزووتنەوەی سۆسیالیست ماوە. لە ئێستادا کە 48 ساڵ بەسەر دامەزراندنی بزووتنەوەی سۆسیالستی کوردستان تێدەپەڕێت، ھەرێمی کوردستان لە ھەر کاتێک زیاتر پێویستی بە ھێلی سێیەم ھەیە، زۆر لایەنی دیکە دوای نەمانی بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان ھەوڵیاندا بۆ کارکردن بە ئاڕاستەی درووستکردنی ئەو ئاڕاستەیە سیاسییە کە جیابێت لە دوو لایەنە تەقلیدیەکە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، ئەوانەشی کە لەسەر میراتی بزووتنەوەی سۆسیالیست سیاسەت دەکەن بەشێکیان نامۆن بەو مێژووە و بەشەکەی دیکەشی یان توانەتەوە لە نێو حزبەکانی دیکە (پارتی، یەکێتی)، ئەوانەشی کە پەرۆشی ئەو مێژووەیانە دەبێت باشتر خۆیان لەم مێژوو و قوربانیانی بزووتنەوەکە بە خاوەن بکەن.