ئەمڕۆ 48 ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان تێدەپەڕێت، لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول بە ڕێبەرایەتی شەهید سەیدا ساڵح یوسفی، عەلی عەسکەری، دکتۆر خالید، عەلی هەژار، کاردۆ گەلالی و کاک ڕەسووڵ مامەند لەگەڵ پۆڵێک سەرکردە و فەرماندە دیکە ، بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان ،وەکوو ئیتجاهێکی سیاسی و فیکری نوێ، وەکوو پێویستییەکی بابەتی و مێژووکرد دامەزرا، وەکوو پێویستییە بابەتی و سەرەکییەکانی قۆناخەکە و بەرەنگاربوونەوەی ئالنگاریەکان و ڕەواندنەوەی تەمی بێئومێدی، دەستپێشخەر بووە لە هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێ دا.
نزیک بە نیو سەدە پێش ئێستا، کە بزووتنەوە دامەزرا، لە جێگەی بێئومێدی، هیوای بۆ تێکۆشان و بەرەنگاربوونەوە گەڕاندەوە، ڕێچکەکی سیاسی نوێی داهێنا، کە تا ئێستا تێکۆشەرەکانی بە شانازییەوە ئاوڕ لەو مێژووە پڕ لە سەروەری و قوربانیدانە دەدەنەوە، بە هەق بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان داینەمۆی هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێی کوردستانە و قوربانیدانی سەرکردە و پێشمەرگە و تێکۆشەرەکانی چ لە سەنگەری خەباتی چەکدارانە و چ لە خەباتی نێو جەرگەی شارەکاندا، گەواهی ئەو ڕاستییە حاشا هەڵنەگرەیە، لەو بۆنە مێژووییەدا، سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی بزووتنەوە، سڵاو بۆ هەستی بەرپرسیارێتی هەموو ئەو تێکۆشەرانەی لە دوای نسکۆ، شانیان دایە بەر ئەرکی شۆڕشگێڕانە و کوردانە، لێرەدا لەو ڕاستییە دوور ناکەومەوە کە مێژووی خەبات و تێکۆشانی بزووتنەوە نەک هەر فەرامۆش کراوە، بەڵکو لە سایەی دەسەڵاتی خۆماڵی کورد، غەدر لەو مێژووە کراوە، خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی بزوتنەوە، پێشمەرگە و تێکۆشەرانی ڕۆژانی سەختی مەیدانی خەبات و بەرەنگاربوونەوە مافی ئاسایی خۆیان پێ ڕەوا نەبینراوە.
هەر لەو بۆنەیەدا داوا لە هەموو تێکۆشەرانی بزووتنەوە دەکەم لە خەمی ئەو مێژووە بن و پێکەوە خاوەندارێتی لەو سەروەریانە بکەین و وەکوو ئەوەی ڕوویداوە، بۆ مێژوو بینووسینەوە.
لێرەدا جێگەی خۆیەتی جارێکی دیکەش جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە بکەمەوە کە حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان خۆی بە خاوەنی ئەو مێژووە و درێژە پێدەری ڕێچکەی سیاسی و ڕێبازی فیکری بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان دەزانێ.
لە یادی 48 ساڵەی ڕاگەیاندنی دا سڵاو لە گیانی پاک و بێگەردی هەموو شەهیدانی بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان، سڵاو لە گیانی رێبەری دامەزرێنەر شەهید سەیدا ساڵح یوسفی.
سڵاو لە گیانی پاکی هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان.