شوان عەباس بەدری
لە دوای یەک مانگ لە خۆپیشاندانەکانی وڵاتی بەنگلادیش و ڕاگەیاندنی بایکۆتی سەرتاسەری لەو وڵاتە دژ بە سەرکەوتنی شێخە حوسەینە لە هەڵبژاردنەکان و دانیشتنی لەسەر کورسی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەو وڵاتە، دواجار خۆپیشاندەران توانییان کۆتایی بە دەسەڵاتی 20 ساڵەی ئەو ژنە سەرۆک وەزیرانە بێنن و ناچاری بکەن بە هلیکۆپتەرێک کۆشکی سەرۆکایەتییەکەی بەرەو وڵاتی هیندستان جیبهیڵێت.
چیرۆکی خۆپیشاندانەکانی وڵاتی بەنگلادیش کە دواجار بەرەو تووندوتیژی و بایکۆتی سەرتاسەری پەلی هاویشت، لەمانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە دەستی پێکرد، واتە لە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لەو وڵاتە و خۆکاندید کردنی شێخە حوسەینە بۆ جاری چوارەم و بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکە لەلایەن حزبی بەنگلادیشی نیشتمانی کە گەورەترین حزبی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەیە، هەروەها گەراندنەوەی قبوڵکردنی تایبەت و پلەبەندی خوێندکاران بەمەبەستی وەرگرتنیان لە کارە حکومی و فەرمنگەکانی دەوڵەت پریشکێکی تری ئاگرەکەی خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە بوو.
بەتایبەتیش کە لە بەنگلادیش 18 ملیۆن گەنجی بێکار و دەرچووی زانکۆ هەیە و لە سەرتای مانگی تەمووز گروپی خوێندکارانی دژ بە جیاکاری لە دژی بڕیارەکانی حکومەتەکەی شێخە حوسەینە داوای خۆپیشاندان و بایکۆتی سەرتاسەرییان لە وڵات کرد و دواجار بە هۆی بەکارهێنانی هێزی مەرگبار لەلایەن پۆلیس و خوێندکارانی پاڵپشتی حکومەت، لە ماوەی خۆپیشاندانەکاندا زیاتر لە 300 خۆپیشاندەر کوژران و ئەمەش توورەیی خەڵکی بەرامبەر بە شێخە حوسەینە زیاتر کرد.
خۆپیشاندەران بە مەبەستی رووخاندنی دەسەڵاتی شێخە حوسەینە داوایان دەکرد هاووڵاتییان باج و پارەی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییەکان نەدەن و هەموو ئاڵۆگۆریکی دراو لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ ناوەوەو وە بە پێچەوانەوە ڕابگرن.
بۆ یەکەمین جار شێخە حوسەینە لە ساڵی 1996 توانی لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و تا ساڵی 2001 حوکمی بەنگلادیش بکات، هەروەها دواتر لە ساڵی 2009 تا ڕووخاندنی دەسەڵاتەکەی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە لە ساڵی 2024 لەسەر کورسی حوکمی وڵاتەکە مایەوە و سەردەمی حوکمرانییەکەی بە ماوە درێژترین سەردەمی حوکمرانی سەرۆک وەزیرانێک لە جیهاندا دەناسرێت.
بە پێی ڕاپۆرتە ناوخۆییەکانی وڵاتی بەنگلادیش لە سەردەمی شێخە حوسەینە ئازادی و دیموکراسی پاشەکشەیەکی زۆری کردبوو و بە ئاگر و ئاسن حوکمی وڵاتەکەی دەکرد، ئەم ژنە حوکمرانەی وڵاتی بەنگلادیش کە کچی موجیب ئەلرەحمان دامەزرێنەر و یەکەمین سەرۆکی ئەو وڵاتەیە، دواجارلە پێنجی ئابی 2024 کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هێنراو لەبەر تووندووتیژییەکانی لە ماوەی حوکمرانییەکەی، جۆزێف بۆریل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا داوای ڵێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی و بەدواداچوونی کرد بۆ سەردەمی حوکمرانی و قوربانیانی حوکمرانییەکەی.
جێی ئاماژەیە وڵاتی بەنگلادیش لە ساڵی 1972 سەربەخۆیی خۆی لە پاکستان وەرگرت و لە دوای وەگرتنی سەربەخۆییش وڵاتەکە چەندین ئاڵۆزی و گرژی جۆراوجۆری بە خۆیەوە بینی، بۆ نموونە لە ساڵی 1972 پارتی چەپی بەنگلادیشی بە مەبەستی دامەزراندنی سیستمێکی مارکسی لە دژی حکومەتەکەی شێخ موجیب ئەلرەحمان چەکییان هەڵگرت و دواتر بە تووندترین شێوە سەرکووتکران، هەروەها برسێتییەکەی ساڵی 1974 ی بەنگلادیش کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی 70 هەزار هاووڵاتیی ئەو ووڵاتە یەکێکی ترە لە نەهامەتییەکانی بەنگلادیش، هەر لەو ساڵەشدا شێخ موجیب ئەلرەحمان بە بڕیارێک هەموو پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی وڵاتەکەی قەدەغە کرد، تا لە ساڵی 1975 ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی بە تانک دەستییانگرت بەسەر کۆشکی سەرۆکایەتی ووڵاتەکە و موجیب ئەلرەحمان و سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەیان جگە لە دوو کچەکەی کە لەو سەردەمە بە سەردانێک لە ئەڵمانیای رۆژئاوا بوون کووشت.
هەروەها هەڵگەڕانە سەربازییەکەی زیا ئەلرەحمان لاپەرەیەکی مێژوویی تر لە ناو دەفتەری ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی بەنگلادیش پێک دهێنێت، زیا لە ساڵی 1975 تا 1981 دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری لەو ووڵاتە چەسپاند و دواتر لە ساڵی 1981 بە پیلانێک تیرۆر کرا.
با بزانین لە دوای ئەم هەموو قەیران و ڕووداوانەی کە لە ڕابردوو و لە ئێستا بەرۆکی بەنگلادیشی گرتووە، لە داهاتوو چ بابەتگەلێکی تر لەناو دەفتەری مێژووی ئەو ووڵاتە دەنووسرێتەوە و پێشهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بەرەو کوێی دەبات؟