به‌شی یه‌كه‌م/
هاوپه‌یمانی چه‌پ له فه‌ره‌نسا، ( هاوپه‌یمانی نوێی میللی) له هه‌ڵبژاردنی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانی فه‌رنسا (ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی)، سه‌ركه‌وتنێكی مێژوویی به‌رچاوی دژبه ڕاستڕه‌وه‌كان به‌ده‌سهێنا. ئه‌م سه‌ركه‌وتنه به شێوازی جۆراجۆر شیكردنه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی بۆ كرا، به جۆرێك له هه‌ندی شیكردنه‌وه‌دا به سه‌ركه‌وتنی سه‌رجه‌م ڕه‌وتی چه‌پ له ئه‌وروپا و جیهان دانرا و، ته‌نانه‌ت به ده‌ستپێكی قۆناغێكی نوێ بۆ نوێبوونه‌وه‌ی چه‌پ له جیهاندا ژمێردرا. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه له هه‌ندێ شیكردنه‌وه‌دا به بابه‌تێكی ئاسایی دوور له گۆڕینی ته‌رازوی هێز نێوان چه‌پ و ڕاستدا ئاماژهیپێكرا، وا باسكرا كه له قورسایی ڕاستهڕهوهكان و گه‌شه‌كردنی به‌رده‌وامیان له گۆڕه‌پانی سیاسیی فه‌ره‌نسا و سه‌رجه‌م ئه‌وروپای كه‌منه‌كردۆته‌وه.
گومان له‌وه‌دا نییه، كه سه‌رجه‌م لێكۆڵینه‌وه‌كان سه‌باره‌ت به هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م بابه‌ته له میتۆد و ئاراسته‌ی بیركردنه‌وه‌ی لایه‌نی لێكۆڵهوهر نێوان ئه‌وپه‌ڕی چه‌پ تا ئه‌و په‌ڕی ڕاست جیاناكرێته‌وه.
بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاكامه‌كانی دوا هه‌ڵبژاردن له فه‌ره‌نسا، له چوراچێوه‌ی خسته‌ڕووی كۆمه‌ڵێك پرسیار سه‌باره‌ت به ڕه‌وشی سیاسی گشتی له جیهان و وانه‌كانی سه‌ركه‌وتنی چه‌پ له‌و وڵاته بۆ چه‌پی جیهان و چه‌پی كوردستان و، هه‌وڵدان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كان، باس له دوا هه‌ڵبژاردنی فه‌ره‌نسا و ڕه‌وشی چه‌پ ده‌كه‌م.
پرسیاری یه‌كه‌م/ ئایا ئه‌و هۆكارانه چین، كه بوونه‌ته هۆی بوژانه‌وه و سه‌ركه‌وتنی ڕاستڕه‌وه‌كان له زۆربه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له ده‌وڵه‌تانی یه‌كێتی ئه‌وروپا؟
له‌و هڵامدا، هۆكاره‌كان له‌م خاڵانه‌دا ده‌بینمه‌وه:
1ـ شكستی سیاسه‌تی تایبه‌ت به ڕاگواستن و وه‌رگرتنی په‌ناهه‌نده و، مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیان و كاركردن بۆ گونجاندانیان له‌گه‌ڵ كه‌لتور و ریتمی ژیانی كۆمه‌ڵگا نوێكان، كه په‌نایان بۆ ههێناوه و، ئه‌مه‌ش دڵه‌ڕاوكێ و ناڕه‌زایی ده‌نگده‌ری له‌و وڵاتانه‌دا درووستكردوه به‌و ڕاده‌یه‌ی، كه هۆكاری كێشه و گرفته بابهتییهكان، له‌وانه بێكاری و گرانی، كه په‌یوه‌ندی به سیاسه‌ت گشتییه‌كانی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه له بواری سیاسی و ئابوورییه‌وه هه‌یه، بۆ بوون و زیادبوونی په‌ناهه‌نده له‌و وڵاتانه‌دا بگه‌ڕێننه‌وه.
2ـ هه‌ژموونی ئۆلیگارشی ده‌سه‌ڵاتدار و ئاراسته‌كانی نیولیبرالیزم و سه‌قامگیربوونی تێڕوانینی زاڵبوون و به‌رده‌وابوونی تاكه جه‌مسه‌ری به جۆرێك ڕاده‌ی به‌رزی پۆپۆلیستی به‌كاردێت به‌و مه‌به‌سته‌ی نیولیبرالیزم و تاكهجهمسهری تاكه بژارده له‌به‌رده‌م ڕای گشتی و پهنتایی گشتی كۆمه‌ڵكادا بێت.
3ـ زیادبوونی كاری تیرۆریستی له ئه‌وروپا، به‌تایبه‌تی گرۆپه تیرۆریسته ئیسلامییه‌كان و مه‌ترسییه‌كان له‌سه‌ر ئاسایشی گشتی، كه له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه به ڕه‌چه‌ڵه‌ك له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وروپاوه هاتوون ئه‌نجامده‌درێن، هۆكارێكه بۆ ئاراسته‌بوونی ده‌نگده‌ر به‌ره‌و حزبه ڕاستڕه‌وه‌كان، كه جه‌خت له‌سه‌ر توندكردنی ڕێوشیوێنهكانی پاراستنی ئاسایش ده‌كه‌ن.
4ـ بێهوده‌یی خه‌ڵك سه‌باره‌ت به ڕۆڵی حزبه كلاسیك و نه‌ریتییه‌كانی ژیانی سیاسی و هه‌ستكردن، كه سیاسه‌تی ئه‌و حزبانه هیچ ئاسۆیه‌كی كراوه‌ی بۆ چاره‌سه‌ركردنی دووبارهوونهوهی قه‌یرانه سیاسی و ئابووییهكان نییه و، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه ده‌نگده‌ر به‌دوای جیگره‌وه‌ی سیاسی نوێ بگه‌ڕێت.
5ـ لێكه‌وته‌كانی جیهانگیری و دڵهڕاوێكیی ناوه‌ندێكی فراوان به هۆی مه‌ترسییه‌كانیان له‌سه‌ر شوناس و كه‌لتوری نیشتمانی، هۆكارێكه بۆ درووستبوونی خولیا و ئاراسته‌ی پارێزگاری و پشتگیریكردنی خه‌ڵك بۆ ئه‌و حزب و لایه‌نانه‌ی، كه جه‌خت له‌سه‌ر شوناسی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه و پاراستنی سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌یی به بازنه‌یه‌كی داخراو ده‌كه‌نه‌وه.
6ـ هه‌ڵوێستی نه‌رێنی خه‌ڵك له‌مه‌ڕ بیرۆكه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا و، هه‌ستكردن به كارانه‌بوونی دامه‌زراوه‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروبا هۆكارێكه بۆ پشتگیری ئه‌و حزبه ڕاستڕه‌وانه‌ی، كه بانگه‌شه و كار بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕۆڵ و هه‌ژموون و كارتێكردنی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌سه‌ر سیاسه‌تی ناوخۆیی ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام له یه‌كێتی ئه‌وروپا، ده‌كه‌ن.
پرسیاری دووه‌م/ ئایا هۆكاره‌كانی پاشه‌كشه‌كردنی چه‌پ چین؟
1ـ بوونی ناكۆكی هزری نێوان لایه‌نه چه‌په‌كان و زاڵبوونی ئه‌م بابه‌ته له‌سه‌ر ئه‌ركه هه‌نووكه‌ییه‌كان، كه ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكه‌وه هه‌یه و ئاكامه‌كه‌شی به له‌تبوونی هێزی چه‌پ كۆتایی هاتووه.
2ـ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و جیاوازی و ناكۆكییه هزرییانه له‌سه‌ر ڕێنهكهوتن ده‌رباره‌ی بابه‌تی گرنگی ناوخۆی و نێوده‌وڵه‌تی. هه‌ر بۆ نموونه هه‌ڵوێست سه‌باره‌ت به شه‌ڕ له ئۆكرانیا.
3ـ كه‌مه‌ی به‌دواداچوون بۆ بابه‌تی ریزبه‌ندی چینایه‌تی نوێ له كۆمه‌ڵگا و بایه‌خدان به بزافه كۆمه‌ڵایه‌تییه نوێكان و توێژینه‌وه له‌م بواره‌دا، به‌تایبه‌تی دیارده‌ی زیادبوونی په‌راوێزخراوه‌كان و، نه‌بوونی هاوسه‌نگی نێوان خستنه‌ڕووی داواكاری ئه‌و توێژه نوێیانه و هێزی كارگه‌ر له‌لایه‌ك و ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه په‌یوه‌ندییان به ژینگه و شوناس و كه‌لتوره‌وه هه‌یه له لاكه‌ی دیكه‌وه و، ئه‌مه‌ش كاریكردۆته سه‌ر لاوازكردنی پێگه‌ی چه‌پ له‌و ناوه‌نده چینایه‌تییانه‌ی، كه ده‌پێ خۆیان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له گوتاری ڕۆژانه‌ی چه‌پدا بدۆزنه‌وه.
4ـ شكستی گوتاری چه‌پ له ساڵانی ڕابووردوودا له خستنه‌ڕووی جێگره‌وه و ئه‌لته‌رناتیفی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتوری، كه چاره‌سه‌ری واقیعیانه بۆ كێشه‌كانی خه‌ڵك له بهرنامهیهگی گشتگیر بخاته‌ڕوو.
5ـ خۆگونجاندنی به‌شێكی لایه‌نه چه‌په‌كان له‌گه‌ڵ گوتارێك و پرۆژه‌یه‌كی سیاسی حوكمرانی گشتی، كه له پرۆسه‌ی لایه‌نه نیولیبرالیزمهكان و هه‌ڵوێسته‌كانیان جیاناكرێته‌وه و ئه‌مه‌ش كاریكرده سه‌ر شوناسی تایبه‌تی چه‌پ و هه‌ڵوێسته‌كانی.
6ـ زاڵبوون نه‌ریت و ڕه‌وشتی سیستمی سیاسی سه‌رمایه‌داری به‌سه‌ر چه‌پدا و كاركردنیان له كاتی حوكمرانیدا وه‌ك هه‌ر حزبێكی تقلیدی سیستمی سه‌رمایه‌داری و، دزه‌كردنی دیارده دزێوه‌كانی ئه‌و ڕژێمه بۆ نێو كار و ڕه‌فتاری چه‌پ و، تێوه‌گلانی هه‌ندێك له‌و هێزانه له كه‌یسه‌كانی گه‌نده‌ڵی و خراپی ئیداره‌دانی كاری حوكمرانی.
7ـ توانای هێزی ڕاستڕه‌و له پاراستنی بوون له ده‌سه‌ڵاتدا و، به‌كارهێنانی كاریگه‌رانه‌ی شێوازه‌كانی په‌یوه‌ندی هاوچه‌رخ و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و گوتاری پۆپۆلیستی له درووستكردنی ژینگه‌یه‌كی دژ به هزری چه‌پ.
پرسیاری سێیه‌م: ده‌رئه‌نجامی شیكردنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م هۆكارانه‌ی له وه‌ڵامی پرسیاری یه‌كه‌م و دووه‌مدا خرانهِوو به وابه‌ستی به ڕه‌وشی سیاسی و باسكردنی كرۆكی گرفته‌كان و ڕێگای چاره‌سه‌ر، چیمان پێده‌ڵێت؟
وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره چه‌ندین بابه‌ت و ئاسته‌نگ ده‌خاته به‌رده‌م هێزی چه‌پ و، ئایندهی ئه‌م هێزه‌ش به‌نده به وه‌ڵامدانه‌وه‌ی نوێ بۆ ئه‌م بابه‌تانه له چوارچێوه‌ی داهێنانێكی تیۆریی پشتبه‌ستوو به خوێندنه‌وه‌یكی نوێ، كه توانای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره نوێ و ئاڵۆزه‌كانی واقیعی گۆڕاو له سه‌ر هه‌ردوو ئاستی نیشتمانی و نێونه‌ته‌وه‌ییدا، بێت.