Apora Logo

هەرێمی کوردستان پێویستی بە چ پەرلەمانێک هەیە؟

	هەرێمی کوردستان پێویستی بە چ پەرلەمانێک هەیە؟
گۆران جەلالگۆران جەلال

گۆران جەلال

5/8/2024


ئەرێ هەرێمی کوردستان پەرلەمانی بۆچییە؟ یان چەندین ساڵە پەرلەمان چی بۆ خەڵک کردووە؟ یان پەرلەمان تەنها بۆ دروستکردنی ژمارەیەکی دیکەی مووچەخۆری پڵە باڵایە؟ یان ئایە پەرلەمان بەرۆڵی دەستووری‌و یاسایی خۆی لە یاسادانان‌و چاودێرکردنی دەسەڵاتە تەنفیزیەکان هەڵساوە؟ هەموو ئەو پرسیارە سەرنج راکێش واقعیانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی خوولەکانی پەرلەمان لە شەقامی کوردی بەزەقی سەرهەڵدەداو دووبارە دەبێتەوە، دیارە هەموو هاوڵاتیانی کوردستان مافی خۆیانە سەرزەنشتی ئەوانە بکەن کە لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن تارادەی دڕۆی گەورە بەڵێن و پەیمان بە دەنگەدەران دەدەن و کەمترینیان جێبەجێدەکەن، خۆ ئەگەر پەرلەمانتارانی کوردستان کەمترین ئەو قسانەی لە هەڵمەتی هەڵبژاردن دەیکەن بیکەنە کردار بە دڵنیاییەوە دەتوانن رۆڵی زۆر ئەرێنی لە پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان بگێڕن، بە داخاوە جگە لە تاق‌و تەرایان نەبێ ئەوانی دی کەمترین رۆلیان لەو ئەرکەکەی خۆیان دیوە و راستگۆ نەبوون بەرامبەر بەڵینەکانی خۆیان.

گۆمانی تێدا نییە لە هەر سیستمێکی سیاسی ئەگەر پەرلەمانەکەی کاراو چاڵاک بوو بە دڵنییایەوە پرۆسە سیاسیەکەشی باشترو یاساییانەتر بەرێوە دەچێ، پێچەوانەکەشی هەر راستە، لێرەدا رۆلی دەنگدەر بەتەواوی کاریگەری دەبێ، دەشبێ هەموو دەنگدەرێک گرنگی بە کوالیتی پەرلەمان‌و لێهاتوویی‌و دڵسۆزی‌و نیشتمان پەروەری و پاشخانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و فکری سیاسی کاندیدەکان بدات، هەروەها نەکەوێتە ژێر کاریگەری پرۆپاگندەی پڕ دڕۆی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن، چونکە ئەزموونی چەندین خوولی رابردووی پەرلەمانی کوردستان‌و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەشی ئەوەندە راستێ ناراستی ئەو قسانەی بۆ دەرخستووین.

زیادەرۆیی نیە ئەگەر بڵێین کە باری ناجۆرو خراپی ئێستای کوردستان هەم لە باری سیاسی هەمیش لە باری ئابووری و حزبایەتی ئۆباڵەکەی دەکەوێتە ئەستۆی پەرلەمان بە تایبەتیش لەم خوولانەی کۆتایی، چونکە ئەگەر پەرلەمان هی حزب بوو هی خەڵک نەبوو، کەواتە دەزگایەکی نیشتمانی نییە، خۆ ئەگەر ئەندامێتی پەرلەمان بۆ خزمەت‌ و بەکارهێنانی تواناکان بۆ باشترکردنی ژیانی هاوڵاتیان نەبوو، بۆ چارەسەری تەنگژەو گرفتی وڵات نەبوو، ئەگەر بۆ چەسپاندنی یاسا و چاودێرکردنی چونیەتی بەڕێوەچوونی کاری دەزگا تەنفیزیەکان نەبوو، ئەگەر بۆ داکۆکیکردن لە دیموکراسی ئازادی تاک‌و گشتی نەبوو، ئەگەر بۆ چەندین ئەگەری دیکەی لەو شیوەیە نەبوو، ئەوا بوون و نەبوونی شتێک لەبیرکردنەوەی تاکەکان ناگۆڕێ مشتێک ناخاتە سەر خەرمانەی پێشکەوتنی وڵات، ئەو کات هەموو کەسێک مافی خۆیەتی بەشداری پرۆسەی دەنگدان نەکات چونکە دەزانێ شتێک بۆ کۆی بەها نیشتمانیەکان زیاد ناکات، یان هەر لە بنەرەتدا پرۆسەی هەڵبژاردن بە کارێکی زیاد بزانێ‌ و بەکەم سەیری بکات.

هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سیاسی نائاسایی‌و هەستیار تێدەپەڕێ، لەلایەنی دەرەکی بە کۆمەڵێک هاوکێشەی سیاسی، سەربازی و ئابووری گەماڕۆ دراوە، ئیقلیمێکی ناحاز لەسەر سنوورەکانیەتی، عیراق بەناوی دەستوورو دادگای فیدڕالی مەرجەکانی خۆی بەسەریدا دەسەپێنێ، سەرباری هەموو ئەوانەو لەوانەش مەترسیدار تر دۆخێکی ناوەخۆیی ناکۆک و لێوانلێو لە کێشەی هەیە، ئایندەی سیاسی مەترسی لەسەرە، ئاراستەی سیاسی هیزو لایەنە سیاسیەکان بە تایبەتیش لە نێوان پارتی و یەکێتیی جیاواز پێک ناکۆکە، دوو زۆنی تۆخ ترە بووە، کێشەی ئابووری هەوکی گرتووە، ژیان‌و گوزەران بەتایبەتیش مووچە بە زەحمەتی دابین دەکرێ، .....هتد.

لەم دۆخە ناهەموارو و پڕ کێشەیەدا بڕیارە هەرێمی کوردستان لە مانگی ئۆکتۆبەر هەڵبژاردنی خوولێکی دیکەی پەرلەمان ئەنجام بدات، باسی چۆنیەتی هەڵبژاردن و ئەو چەلەحانێە ناکەم کە هەڵبژاردن چۆن و بۆچی دواکەوت و گەیشتە ئێستا، چونکە ئەمە بابەتێکی دیکەیە، بەڵام پرسیاری جدی ئەوەیە، ئەمجارە چ پەرلەمانێک دەتوانێ لەم دۆخەدا پارسەنگی لاسەنگی باری سیاسی هەرێم راست بکاتەوە؟ دەبێ چ جۆرە هەلبژاردن‌و چ جۆرە کاندیدێکمان هەبێت،؟ هەروەها دەبێ ئێمەی دەنگدەر چۆن دەنگ بدەین؟ دەنگەکانمان بەکێ بدەین؟، هەمان سیناریوکانی رابردوو دووبارە بکەینەوە هاش و هوشی کاندید بماهەژێنێ و برین کۆلاندنەوەو تەخوینکردنی یەکتر بکەینە سەرمەشقی بیرکردنەوە، یان بەرژەوەندی نیشتمان و تێپەڕاندنی دۆخەکە بریاردەرمان بێت و لەوانە بگەڕیین کە خەمی خاک و خەڵکیانە.

لە کۆتاییدا دەنگدان هێندەی مافێکی دەستبەرکراوی دەستووریە، دە هێندە بەرپرسیارێتیە، چونکە هاوڵاتی ناراستەوخۆ بەشدار دەبێ لە چاک‌و خراپی ئەو کاندیدەی دەنگی پێدەدا، بۆیە وا باشە ئەمجارە دە جار بیبکەینەوە ئەوسا دەنگمان بخینە ناو سندوقەکان، هەلەی چەند جارە دووبارە نەکەینەوە گرنگی تەواو بە کۆاڵیتی‌ و لێهاتووی و نیشتمان پەروەری کاندیدەکان بدەین، تاکو لە رێگای پەرلەمان و بەتوانایی پەرلەمانتار بە مانا سیاسیەکەی پەرلەمان هەبێت و ئەرکی تەواوی خۆی لەیاسادانان جیبەجێ بکات و چاودێرێکی چاو نەترسی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بێت، بە کورتی‌و بە کوردی بەراستی پەرلەمان بێت. 


;