بەهرۆز گەڵاڵی
ڕۆڵی بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان و کادرو پێشمەرگەو سەرکردەکانی لە شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا ،هەمیشە دیارو بەرچاوە و نکۆڵی لە كاریگەری ئەو مێژوە لەبزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان ناكرێت.
لەم ڕۆژانە ، 8/8/2024 بیرەوەری ٤٨ ساڵەی دامەزراندنی بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستانە، لەم یادەدا لام گرنگ بوو جگە لەپیرۆزبایی لەتەواوی کادرو سەرکردەو پێشمەرگەو شەهیدو فەرماندەکانی بزوتنەوە، وەك سەردێك باس لەڕۆڵ و كاریگەریەكانی بزوتنەوە بكەم و سەری ڕێزو نەوازش بۆ شەهیدەکان و خانەوادەكانیان ، سەرکردەو کادرو فەرماندە و پێشمەرگەکان، تا دەگاتە زیندانیانی سیاسی و بەساڵاچوان دادەنەوێنم.
مێژووی پڕسەروەری بزوتنەوە!
مێژووی پڕسەروەری بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان هەرگیز ون نابێت، چونکە مێژووی بزوتنەوە پڕە لە هەڵوێست و قوربانی و فیداکاری، وە ژمارەیەکی زۆری لە سەرکردەو کادرو فەرماندەو پێشمەرگەکانی ، لە پێناوی بیروباوەڕە پۆڵاینپتەوەکەی چونەتە بەرپەتی سێدارەوخاوەن هەڵوێستی نەبەزین بوون، سەر قافلەی ئەو شەهیدانەش ،شەهید کاردۆ گەڵاڵی وعەلی هەژار، بون کە لە سێدارەدران .عەلی عەسکەری و دکتۆر خالیدو حوسین بابەشێخ بون کە ڕەمیکران . شەهید سەعدی گچکەو نۆزدەهەڤاڵەکەی بون کە لەشەڕە بەناوبانگەکەی دەشتێودا لەدژی رژێم گیانیان فیدای خاکی پیرۆزی کوردستان کرد.
سەرباری ئەو مێژووە پرشكۆدارییە، زۆر جار بە داخەوەلێرەو لەوێ ، زوڵم لە بزوتنەوە دەکرێت ،وە بە ئەنقەستیش هەوڵی شێواندنی کاراکتەرەکانی و مێژووەکەی دەدرێت و پرۆپاگەندەی نابەجێ و ناڕاست لەسەر ڕەمزەکانیان ،بڵاوئەکرایەوە و هەوڵئەدرا گومان بکەوێتە سەر کە سایەتییان . بەڵام ئەوان بەخوێنی خۆیان سەلماندیان چەند تێکۆشەرو کوردپەروەرو پاکبوون .
ڕۆلی سەرکردەکانی بزوتنەوە!
لە کاتێکدا ئەو سەرکردانەی بزوتنەوە ،ڕۆڵێکی یەکجار گرنگیان هەبوو لە هەڵگیرساندنەوە و دەستپێکردنەوەی شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا .ئێستاش هەندێ بابا کەهیچ پەیوەندییەکیان بەمێژووی بزوتنەوەو چۆنیەتی دروستبونەکەیەوە نیە! کەچی دەیانەوێ بۆ بەرژەوەندی کەسی خۆیان ،هەوڵبدەن ئەومێژوە بکەنە هی خۆیان . لە کاتێکدا ئەوە کارێکی مەحالە و دڵنیام هیچ سەرکەوتونابن . چونکە کەس ئەوجۆرە کەسانەی قبولنیە…بە تایبەتیش تێکۆشەرە دێرینەکانی بزوتنەوە كە زۆربەی كادرەكانی ئەمرۆ لەناو ریزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا بەردەوامن لەخەباتكردن.
دوایی نسکۆی شۆڕشی ئەیلول ساڵی ١٩٧٥ بزوتنەوە ی سۆسیالیستی کوردستان لەو پێناوەدا دروستبو كە ئەو بۆشاییە پڕبكاتەوە.
بەهۆی ڕێکەوتننامە شومەکەی جەزائیر و نسكۆی شۆڕش بەدوایدا ،نائومێدی وبێزارییەکی زۆر باڵی بە سەر کوردستان کێشا، بێهیواییەکی زۆر لەناو خەڵكدا بڵاوبۆوە، ئا لەم کاتەدا ، کاک ڕەسول مامەندو عەلی عەسکەری و هەڤاڵەکانیان،بە ورەیەکی بەرزو پۆڵاینەوە ، هیوایەکی زۆریان بە خشیەوە بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بڕوایەکی زۆرشیان بە ئیرادەی خۆیان و خۆڕاگری میللەتەکەمان هەبوو،بۆ ئەم مەبەستەش کاک عەلی عەسکەری و ڕەسول مامەندو عەلی هەژارو کاردۆگەڵاڵی و دکتۆر خالیدو شەهید تایەر عەلی والی ومام عومەر دەبابەوسەعدی گچکەو مەلاناسیح وچەندین هەڤاڵی تریان لە مهابادو نە غەدە،ژمارەیەکی زۆر کۆبونەوەیەیان بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخە سیاسیەکە ئەنجامدا، هەروەها هەندێ لەو هەڤاڵانە کۆبونەوەیەکی گرنگیشیان لەماڵی عەزیز شەمزینی لە ٢٤-٤-١٩٧٥ لەنێوان ئەوان و هەندێ لە سەرکردەکانی تری ئەوکاتەی شۆڕشی ئەیلول لە ورمێ ئەنجامدا، دوای هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە، هەرلەسەرەتای دروسبونی پارتی و شۆڕشی ئەیلولەوە ، تا نسکۆی شۆڕشی ئەیلول .دوایی دراسەکردنێکی وردی بارودۆخی سیاسی لەڕووی ئابوری و کۆمەڵایەتی ودەرونی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیشەوە ،چونە ناو قۆناغێکی تری سیاسی بۆ کوردایەتی ،کە ئیتر گەیشتنە ئەو بڕوایەی ،مەیدانی تاکحزبی لە کوردستان نەماوە و تەواوبو .
سەردەمی حوکمڕانی تاکحزبی بەسەرچو!ئەنجام ئەو هەڤاڵانە ڕێبازێکی نوێیان دەستنیشان کرد.وە سەردەمی حوکمڕانی ،تاک حزبی لە کوردستان بەسەر چو .وەبیریان لە دروستکردنی ڕێکخراوێک کردەوە کە دور بێ لە ململانێی نێوان هەردوباڵەکەی مەکتەبی سیاسی نێوپارتی . گرنترین خاڵ کە لەم کۆبونەوانەشدا باسکراوە وبڕیاری لێدراوە:
یەکەم/ خەڵک هاندەن لە ئیران بگەڕێنەوە بۆ کوردستانی عیراق .
دوەم/ جارێکیتر لە کوردستانەوە پیا هەڵچنەوە و ڕێکخراوێکی تازە بۆ جۆش وخرۆشدانەوەی جەماوەرو خەڵکەکە دروستبکەنەوە.
سێیەم/ ئامادەکاری بۆ شۆڕشێکی تازە بکەنەوە.وە سەر لە نوێ شۆڕش دەست پێبکەنەوە.ئەوکاتی سەرکردەکانی کورد كەزۆربەیان بەناچاری هاتبونە ئیران .ئێمە ش لە نەغەدەبوین، بە حوکمی ئەوەی باوکم لە هێزی دەشتی هەولێر ،فەرماندەیەکی عەسکەری پێشمەرگایەتی بو .ئەوكاتە خەڵک وجەماوەر زۆر بێزاربوون . بە دوای شتێکی تازە دەگەڕان.دیارە بەشێكی زۆر لەکادری سیاسی وفەرماندەی سەربازی دیار لەناویاندا، مەلا بەهرام، مەلا حەمید ،سمكۆ عەلی، مام یاسین گەڵاڵی ،جەوهەر قەهار، ئەکرەم کوردە ،ئەوانە هەرزوو بۆچوونەكانی ئەوانیان پەسەند كرد كە لەئێرانەوە بگەڕێنەوە بۆ كوردستانی عێراق، دوای ماوەیەک گەڕاینەوە بۆ هەولێر، زۆری پێنەچو ! ڕژێم هەستی کرد خەریکە جموجۆلی سیاسی لە کوردستان دروستدەبێتەوە ،هەمووی بەخاوخێزانەوە بۆ ناوچەكەكانی خواروی عیراق بۆ دیوانیەو حلە و شارەکانی تری خواروی عیراق گواسترانەوە.
دورخستنەوە بۆ شارەكانی خواروی عێراق
دوای گەڕانەوەی ئەو سەرکردانە، کاک ڕەسول مامەندو کاردۆ گەڵاڵی ،خوێندکاری قانون بون وڕەوانەی بە غدا کران.کاک عەلی عەسکەری ، دکتۆر خالید،مام عومەر دەبابە،ملازم تایەر عەلی والی ،سەعدی گچکە،سەیدکاکەو زۆربەی کادیرو فەرماندەو سەرلقەکانی شۆڕشی ئەیلول ،بەتایبەتیش فەرماندەکانی هێزی دەشتی هەولێر و دهۆک ، کەرکوک و سلێمانی و گەرمیان وباڵەک و پشدەرو بیتوێن وهە لە بجەو هەموویان بۆ جنوبی عیراق نەفیکران و دورخرانەوە ، ئەم هەڵویستەی عێراق وایكرد بەپەلە بیر لەدۆخەكە بكرێتەوە، هەر چەندە هێشا بە تەواوی خۆیان ڕێکنەخستبو، بەڵام بەكردەوە دەستیانکرد بەجوڵە، بۆ ئەم مەبەستەش چەندجارێک لە شارەکانی جنوب و بەغداو هەولێرو سلێمانی ،لە نێوان خۆیاندا بۆ ئەم مەبەستە یەکتربینین و کۆبونەوەیان بە نهێنی ئەنجامدا،سەیدا سالح یوسفی، کە دوای نسکۆ هەر لە حاجی ئۆمەرانەوە گەڕابۆوە بەغدا.لیرەدا ئاماژە بە هەڵوێستێکی گرنگی سەید سالح یوسفی دەکەم کە لەکاتی نسکۆی شۆڕشی ئەیلول بە سەرکردایەتی ئەوکاتی پارتی وتبو .( ساڵی ١٩٧٤ پێموتن با شەڕدەستپێنەکەینەوە بە داخەوە بە قسەتان نەکردین و دەستتان پێکردەوە. ئێستا پێتان دەڵێم با شۆڕش بەردەوام بێت و کۆڵنەدەین ؟ کەچی لێناگەڕێن شۆڕش بەردەوام بکەین ) . چونکە ئەوکاتی خەڵکێکی زۆر ئامادەگییان تێدابو کە شۆڕشی ئەیلول بەردەوام بێت ، لە ناویاندا کاک عەلی عەسکەری ،کاک ڕەسول مامەند، مام عومەر دەبابە، کاک تاهیری عەلی والی، شەهيدعەلی هەژار،شەهيد دکتۆرخالید، شەهید سەعدی گچکە ،شەهید کاردۆ گه ڵاڵی ،مەلاناسیح و سەیدکاکەو چه ند هه ڤاڵێکی ترلەگەرمیان و کەرکوک لە ناویاندا مامۆستا محەمەد شاکەلی و نورەدین عەبدولرەحمان ،لە دواییشدا هەر ئەوانە بیرۆکەی دروستکردنی بزوتنەوەی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستانیان لە نێو خۆیاندا تاوتوێکرد .دواتریش لەسەر ڕاسپاردەكانی كۆبوونەوەكان ڕێككەوتن. سەرەنجام لە ٨-٨-١٩٧٦ بزوتنەوەی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان -یان دروست کرد، دوایش ناوەکەی بوە بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان،وەبەیاننامەیەكیان لەهەمو شارەکان بڵاوکردەوە و بەندەش شەرەفی ئەو ئەركەم بەركەوت، بەیانەكە سەدایەکی زۆر باشی هەبو لە ناو جەماوەر، ڕۆڵی بزوتنەوە لێرەوە بە جدی و چالاکانە دەرکەوت و دەستیپێکرد، کاک ڕەسول و بەشێکی ئەو سەرکردانەی ناومهێنان لە دەستەی دامەزرێنەری بزوتنەوەدابون .بێگومان دوای دروستبونی بزوتنەوە سەیدا سالح یوسفی کە بە ئەزمونترین کەس بولە ناویاندا بۆیە شەرەفی رابەرایەتیکردنی بزوتنەوەیان دا بە سەیدا سالح یوسفی و وەک ڕابەری بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان پەسەند یانكرد، ئەمە لەكاتێكدا بوو كە هێشتا كۆنفرانس نەبەسترابوو ،بۆیە هەندێك لەهەڤاڵان ڕۆڵی سکرتێرو مەكتەب سیاسی و سەركردایەتیان دەگێڕا.
قۆناغی خەباتی شاخ..
دواتر سەرکردەکانی بزوتنەوە پۆڵ پۆڵ چونەدەرەوەو گەیشتنەوە شاخوکێوەکانی کوردستان و دەستیانکردەوە بە خەبات و تێكۆشانی پێشمەرگایەتی، دەبێ بگوترێ سەرکردەکانی کۆمەڵەش لە ناو شارەکان و تەواوی کوردستان و بەغدا، بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە خەریکی کاروبارەکانیان بوون وئامادەکارییان بۆ دروستکردنەوەو بەرپاکردنەوەی شۆڕشی نوێ ئەنجام دەدا .دیارە یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش کە لەلایەن جەنابی مام جەلال ودەستەی دامەزرێنەرەوە لە سوریا دروست کرابو. دوای چونی مام عومەر دەبابە بۆ سوریا وبینینی جەنابی مامجەلال بە نهێنی ! مام عومەر بەمامی وتبو ئیمە لەناوەوە شتێکمان دروستکردوە .مام ئەو هەوالەی مام عومەری زۆر پێخۆشبوبوو.
بونی بزوتنەوە بە ئەندام لە ناو یەکێتی !
دوای ماوەیەک بزوتنەوە بوە ئەندام لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان . هەرچەندە لە سەرەتادا بیرۆکەی دروستکردنی ڕێکخراوێکی وەک بزوتنەوە بۆ ئەوە دروستکرا ،کە بزوتنەوە وەک خەتی سێیەم بمێنتەوەو دوربێت لە ململانێی كۆنی نێوان پارتی و باڵی مەکتەبی سیاسی پێشو ، بە جۆرێک کە بزوتنەوە سەربەخۆیی سیاسی خۆی بپارێزی و نەبێتە تەرەف لەم ململانێیەدا و خاوەن بیروباوەڕی سەربەخۆی خۆی بێت، هەربۆیە دوای هەنگاوی ، بونی بزوتنەوە بە ئەندام لە ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان ،ڕێکخستنەکانی ناوەوەی بزوتنەوە دژی ئەم هەنگاوە , قسەیان دەکردو وەستانەوە .هەرچەندە بزوتنەوە لە ناوخۆیدا بەشێكی گرنگی پێکهاتبو لە کادرە کۆنەکانی ئەو دوولایەنە ، جەلالیەکۆنەکان هەندێکیان بەڕونی بزوتنەوەیان دەبرد بەرەو مام جەلال و يەكيتى .کۆنە پارتیەکانیش دەیانویست هەوڵدەن سەربەخۆیی بزوتنەوەوخۆیان بپارێزن وگەر بۆیان بکرێ نە بەرەو یەکێتی بڕۆن وە نەبەرەو پارتی،وەلەگەڵ هەموو حزب و لایەنەکانی تری کوردستانیش پەیوەندییەکی دۆستانەو برایانەیان هەبێت.بەڵام دوایی چونی بزوتنەوە بۆ ناو یەکێتی, بوە ئەمری واقیع و بزوتنەوە بوە بەشێك لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و لەگەڵ کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان پێکەوە لەناو ڕیزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هێلی گشتی ،خەباتی خۆمان پەرە پێداو هەمومان ئۆتۆماتیکی بوینە ئەندامی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پێکەوە لە چوارچێوەی یەکێتی خەباتمان دەکرد و کۆمەڵەو بزوتنەوە بونە دوو ڕێکخراوی بنەڕەتی و کۆڵەگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کەزۆربەی فەرماندە ناودارو عەسکەریەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی ئەوکاتیش ،سەر بە بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان بون .
سەرکردایەتی ناوەوە!
دەبێ ئاماژە بەوەش بدەم کە سەرکردایەتی ناوەوەی کۆمەڵەو بزوتنەوە پەیوەنییان پێکەوە هەبو .تەنانەت مامۆستا محەمەد شاکەلی و کاک مەلا بەختیار لە ساڵی ١٩٧٧ لە سلێمانی پێکەوە گفتوگۆیان کردوەو کۆبونەتەوە، هەروەها لەبەغدادیش شەهید كاردۆ گەڵاڵی لەبزووتنەوەو ئەبو شەهاب لەكۆمەڵە لەسەر دۆخی كوردستان و پەیوەندیەكانی خۆیان گفتوگۆیان كردوەو جەختیان لەسەر هەماهەنگی رێكخستنەكانی هەردولا كردۆتەوە بەتایبەت رێكخستنەكانی ناو زانكۆكان بەگشتی، دیارە ئەوكاتە هەردوكیان كە خۆێندكاری زانكۆ بوون لەبەغداد لە حەیدەرخانە لە دوو ژوری بچوك نزیك یەكتر دەژیان… دوای دابەشکردنی لێپرسراویەتییەکان لە نێوان بزوتنەوەو کۆمەڵەو لە ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا .بێگومان جەنابی مامجەلالیش کرا بەسکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان .
بە داخەوە ئێستا وا باس ،دەکرێت وەک ئەوەی بزوتنەوەو کۆمەڵە هیچیان نەکردبێ … لە کاتێکدا ئەمە زوڵمێکی زۆر گەورەیە لە مێژووی بزوتنەوەو کۆمەڵە دەکرێت.
نزیکەوتنەوەی کۆمەڵەو بزوتنەوە لە یەکتری لە چوار چێوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دا، بوە هۆی ئەوەی ڕێکخستنەکانی بزوتنەوەو کۆمەڵە لە ناو شارەکان تا ڕادەیەکی باش ئاگامان لێک بێت.دیارە لە سەر ئەو هەنگاوە ی بزوتنەوە کە چوە ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان ! وەک لە پێشتر ئاماژەم پێدا .لە ناو بزوتنەوە تا دەهات ئەم دوو هەڵوێستە جیاوازە زیاتر پەرەی دەسەند و جۆرێک لە ململانێی توندی لە ناو بزوتنەوە دروست کرد،هەندێکەس لە ناوەوە، وە هەندێ کەسیش لە دەرەوە، پێیان باش بوو کە بزوتنەوە شانبەشانی کۆمەڵە بۆ تە ئەندام لە ناو ڕیزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەوانەش ئەم کەسایەتیانە بون کە پێشتر لەگەڵ جەنابی مام بون، هەندێکیش ،ئەم هەنگاوەیان پێ باش نەبو! کە کۆنە پارتیەکان و گەنجەتازەکان بون ،لە ناو شارەکان و ڕێکخستنەکانی ناوەوە زۆر سەرسەختانە ئەم هەنگاوەیان بە هەنگاویکی خراپ دادەنا.
دەنگی ناڕەزایی !
لەبیرمە ئەوکاتی هەڤاڵانی ناوەوە دەیانوت ئەم هەنگاوە هەڵەیە .بەڵام لەگەڵ ئەوەش بزوتنەوە لە ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان زۆر بەهێز بو .بۆ نمونە کاک عەلی عەسکەری ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوە وئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیش بو ، وەلێپرسراوی مەکتەبی عەسکەری یەکێتی نیشتمانی بو، كاك ڕەسول مامەند ئه ندامى مه كتەبى سياسى بزوتنەوەو ئەندامی مەکتەبی سیاسی يەكێتى نیشتمانی و لێپرسراوى دارايی و ڕێکخستن بو . کاک مولازم تایەر عەلی والی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکیتی بو وە ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەش بو ،دکتۆر خالید وسەعدی گچکە ، ئەندامی سەرکردایەتی و ئامر هەرێم بون .سەید کاکە ئامر هەرێم بو، ئەمانە هەمویان زۆر بەتوانا بون. وە لێپرسراویەتی گەورەشیان هەم لەناو یەکێتی ،وەهەمیش لە ناو بزوتنەوەدا هەبو… بۆیە بزوتنەوە ڕۆڵی زۆر گەورەی بینی، کەس نیە داستانی دەشتێوی نەبیستبێ !کە بەخوێنی شەهید سەعدی گچەکەو نۆزدە هەڤاڵی نەخشێنرا، کە هەمویان سەر بەبزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان بون . ئەوکاتی ئەم شەڕو داستانە گەورەیە دەنگی دایەوە .هەروەها شەهید غەفور ئاغجەلەری و شەهید ئەحمەد فەتحوللەو شەهید غەفور ژاژلەیش لەشەردا ،لە دژی رژێم شەهید بون.ماوەیەکی زۆر بزوتنەوە چالاکیە سیاسی و عەسکەریەکانی خۆی شانبەشانی کۆمەڵە لە چوارچێوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەنجامداو درێخی لەدەستوەشاندن لە ڕژێمی بەعس ودارو دەستەکانی نەدەکرد. بزوتنەوە ڕێکخراوێکی زۆر پتەو و پۆلاین بو ، ئێستاش کادیرەکانی بزوتنەوە لە ناو هەرحزبێکی سیاسیداکاربکەن ! خەڵکی زۆر پاک و خاوەن ئیرادەو باوەڕن .وەلەگەڵ مەبدەئو بیرباوەڕی خۆیان ڕاستگۆن .هەمیشە بۆ ڕێبازی ڕاستەقینەی کوردایەتی تێدەکۆشن .
دیارە بەندە باسی سیاسەتی گشتی بزوتنەوە ی ئەو سەردەم دەکەم ،بە تایبەتیش تەنیا باسی ئەو خەتەی بزوتنەوە دەکەم کە خۆم کاری ڕێکخستنم لەگەڵ هەڤاڵەکانمدا تیائەنجامداوە و لێیان ئاگادارم . ئەگەرنا بزوتنەوە لەتەواوی کوردستاندا ڕێکخستنی نهێنی خۆی بە فراوانی هەبو . وە بەتایبەتیش لە کەرکوک وبەغدادوخواروی عیراقیش ، هەڤالان ،حە مە ئەمین سەمین ، محەمەد فاتیح، عەبدولکەریم حەسەن . نیزامەدین گلی ، حەسەن عوسمان ، حەسەن ناسر، محەمەد عیزەدین . عەلی ئەکبەر فەیزوللە. هەمویان ئەندامی بزوتنەوە بون .بەڕاستی بزوتنەوە خاوەنی ڕێكخستنێکی زۆر پتەو بوو.
ئەو خەتەی کە بەندە کاری ڕێکخستنی نهێنیمان تیادا ئەنجامدەدا،هەندێکیانم بە هۆی شەهید کاردۆ گەڵاڵی و شەهید عەلی هەژارەوە لە ڕێکخستنەکانی هەولێری بزوتنەوە دەناسی و دورونزیک پێکەوە کارمان دەکرد لە ناویاندا :( شەهید کاردۆ گەڵاڵی ،شەهید عەلی هەژار، م. محەمەد شاکەلی ،مامۆستا سەعد ،فاروق جەمیل ، عەبدولرەحمانە ڕووتە، شەهید مامۆستا ئەمین ، عەبدولا ئیسماعیل ،عەلی رەسول . شەهید سەید سەلیم، سەلیم ئاغۆک ، مەلا بەهرام، مەلا حەمید، مام قادرشۆڕش.موحسین عوسمان ، کاک بە ڵێن عەبدوڵا.موحسین عەبدولڕەحمان (ڕێبوار)، ئەبوبەکر عومەر (دیار).بە داخەوە دوایی لە سێدارەدرا.
لەگەڵ هەندێ هەڤاڵی تریش لە نزیکەوە پێکەوە کارمان دەکرد لە ناویاندا :(م. کاوە . د. پەروەر . سمکۆ ئەنوەر .ئاسۆ حەسەن . کامەران قادر شۆڕش ، محەمەد ئەنوەر (دارا). ئیسماعیل عەبدولا. تاهیر عەبدوڵا.د. ناسیح (رێکار)،ئازاد کەریم . شەهیدان ئیدیس و کریکار. شەهید سەلاح ،شەهید سەلام ،غازی وعەلی پردەیی..عوبید مەجید ( عادل) .مەلا خدر ( قەندیل ).وەیسی سالح ،حەمەدەمین ڕەشی حاجی وسو ،وەدکتۆر محەمەد کایانی ،زۆر چالاکانە پێکەوە لە ڕێکخستنەکان لەئامادەیی هەولیری کوڕان ،ئامادەیی کوردستان وقوتابخانەکانی تر و زانکۆکان .وەهەندێ لە فەرمانگە حکومییەکان ،ئیشوکاری بزوتنەوەو قوتابیانمان دەکرد وچاڵاکانە لە فەرمانگەو دایەرەکان کاری ڕێکخستن وچالاکی حزبیمان بە وردی دەکرد. لە لایەکی تریش ئەوەندەی من ئاگاداربم کاک ئەحمەد فەقێ ڕەش ،ئەویش لەگەڵ هەڤالانی تر بۆ خواروی عێراق دورخرابۆوە، کە ئەندامی بزوتنەوە بو .وە ساڵی ١٩٧٨ لە گەل کاک شاخەوانی باڵەک پێکەوە خەتێکی تری ڕێکخستنی بزوتنەوە یان سەرپەرشتی دەکرد .کە بە داخەوە دوایی چەندین ساڵ لە خەباتی پێشمەرگایەتی ،ئەحمەد فەقێ ڕەشیان لە شنۆ بە زوڵم شەهیدکرد.
ململانێکانی ناو بزوتنەوەو کۆمەڵە !
دیارە ئەوکاتی لە ناو بزوتنەوە ململانيێ هەبوو ،بەهەمانشێوە لەناو کۆمەڵە، تەنانەت لەناو خودی یەکێتی نیشتمانی کوردستان خۆشیدا .ڕۆژ بەڕۆژ تادەهات ململانێکان گەرمتر دەبون، تەنانەت ئەم دژایەتیکردنەی یەکتری بەردەوام بو، بە تایبەتیش کە مەسەلەی ناردنی هێز بۆ بادینان هاتەگۆڕێ، لە سەر ئەمە کێشەی نیوان کۆمەڵە و بزوتنەوە توندتربو، تەنانەت لەسەرچونی بەشی زۆری سەرکردایەتی و پێشمەرگەی بزوتنەوە لە گەڵ کۆمەڵە بەناوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ مەسیرەی هەکاری، ناکۆکییەکی زۆری لێکەوتەوە ، بۆچونی سیاسی دژ بە یەکتری لێپەیدابو، بۆیە ململانێیەکی قول و تازەی خستە ناو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە لایەک ، وە لە لایەکی تریش ناکۆکیشی خستە نێو خودی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەش، بێگومان تەنزیماتی ناوەوەو ژمارەیەکیش لە سەرکردایەتی دەرەوە ،دژی ئەو هەنگاوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانبون کە بزوتنەوە هێزی خۆی بنێری بۆ هەکاری، به تايبەتی له ناوياندا كاك رەسول مامەند كه ئەندامى مه كتەبى سياسى يەكێتى بو له سەر بڕيارى ناردنى هێز بو هه كارى زۆر بە ئاشکرا دژی ئەو بڕیارە وەستایەوەو هەڵوێستی وەرگرت .
ئیستیقالەی کاک ڕەسول مامەند !
بڕیاری ناردنی هێز بۆ هەکاری ،وایکرد كاك ڕە سول مامەند به فه رمى له ئەندامى مه كتەبى سياسى يەكێتى وازهێنانى خۆی ڕابگه یەنێ و یەکسەر بە نوسین و بە فەرمی ئيستيقاله ى لەم پله حزبيەدا كردو بەتەواوی وازی لە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی هێنا. مێژوو شاهێدی ئەم هەنگاوەی کاک ڕەسول مامەندو هەڤاڵانی ڕێکخستنەکانی ناوەوەی بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستانە . بۆ پركردنەوەی شوێنەكەی كاك رەسوڵ مامەند ئەوكاتە كاك قادرعەزیز لەكۆبونەوەكانی مەكتەب سیاسی یەكێتی نوێنەرایەتی بزووتنەوەی دەكرد، بەڵێ دەبێ بیڵێم سەرکردایەتی ناوەوەی بزوتنەوە به هيچ شێوەيەك لە سەر چونی سەرکردەو پێشمەرگەکانی بزوتنەوە بۆ مەسیرەی هەکاری ڕەزامەند نەبون ، بەڵام هەندێ لە سەرکردایەتی بزوتنەوە لە دەرەوە ، ڕای پێچەوانەیان هەبوو ، وە بەداخەوە گوێیان نەدایە بیروڕاکانی سەرکردایەتی بزوتنەوە لە ناوەوە، بۆئەم مەبەستەش سەرکردایەتی بزوتنەوە لەناوەوە ،کۆبونەوەیەکی گەورەی ئەنجامداو تیایدا ،بیروڕای سەرکردایەتی ناوەوەی لەم بارەیەوە لە چوارچێوەی نامەیەکدا نوسی ،کە بەندە نامەکەم بۆ (سەنگەسەر) برد و تەسلیمی کاک حاجی برایم ڕۆستەمم کرد، کە بۆ هەڤاڵانی دەرەوەی بنێری کە کاک حاجی هێشتا لە ژیاندا ماوە. دیارە هێشتا قافلەکان بۆ بادینان و هەکاری نەکەوتبونە ڕێگا، برادەرانی دەرەوە گوێیان نەدایە ڕای کاک ڕەسول مامەندو هە ندێ لە هەڤاڵانی دەرەوەو ناوەڕۆکی نامەکەی سەرکردەکانی ناوەوە. دوای ئەو مشتومڕە زۆرە ،کەبە داخەوە هیچ سودێکی نەبو ،هەڤاڵانمان مەسیرەکە یان دەستپێکرد . لە ئەنجامدا بینیمان ئەوەی چاوەڕوانمان دەکرد ،بەداخەوە ڕویدا.بێگومان دوای کارەساتەکەی هەکاری ، هەندێ لە سەرکردەو پێشمەرگەکانی بزوتنەوە لە لایەن قیادەی مۆقەتەوە بە دیلی گیران و شەهید کران .لەوانەش شەهیدان عەلی عەسکەری و دکتۆر خالیدو حوسین بابە شێخ و چەند فەرماندەو پێشمەرگەی قارەمان کە بە ناحەق شەهیدوبریندارکران و بەشێکیشیان دیلکران و دوایی ئازادکران..
پاش کارەساتی هەکاری ، سەرکردایەتی و ڕێکخستنەکانی ناوەوەی بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان ،بەهێزتر داوایانکرد و دەیانوت بزوتنەوە پێویستە ئێستا لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بێتە دەرەوە وسەرکردایەتی ناوەوەی بزوتنەوە زیاتر سوربون لەسەر ڕاکانی خۆیان و لەگەڵ ئەوەبون کە بزوتنەوە بە تەواوەتی سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت، لەلایەكی ترەوەش لایەن وبەرپرس هەبوو ،ڕۆڵیان دەگێڕا لەپەلەكردن ،بۆ جیابوونەوەی بزووتنەوە لە یەكێتی نیشتمانی کوردستان .
ئاشکرایە زەربەی گەورەی کارەسات و شەڕی هەکاری بەسەرکردەکانی بزوتنەوەو پێشمەرگەکانی بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان کەوت .
جیابونەوەی بزوتنەوە لە یەکێتی !
لە ئەنجامدا ٢١-٣-١٩٧٩ کار گەیشتە سەر جیابونەوەی بزوتنەوە لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان . ئیتر دوای جیابونەوە ، کێشەکانی نێوان بزوتنەوەو یەکێتی نیشتمانی کوردستان ،پێی نایە قۆناغێکی زۆر تازە و ناخۆش بە جۆرێک کە کێشەکان زیاتر قوڵبونەوە، پاش شەهیدبونی ئەو هەموو سەرکردە گەورانەی بزوتنەوە، بۆشاییەکی گەورە دروستبو . دوای جیابونەوە سەرکردایەتی بزوتنەوە چونە گوندی گۆڕەشێر و لەوێ داوایان لە سەرکردایەتی ناوەوەی بزوتنەوە کرد کە عەلی هەژارو کاردۆ گەڵاڵی بڕۆنە دەرەوە . چونکە لە دەرەوە تەنیا کاک ڕەسول مامەندو قادر عەزیزو شەهید تایەرو مەلاناسیح وچەند هەڤاڵێکی تر مابون . برادەرانی دەرەوە زۆر ئیسراریان لەسەر دەرچونی عەلی هەژارو کاردۆ گەڵاڵی دەکرد ، بۆیە بڕیار درا کە عەلی هەژارو کاردۆ گەڵاڵی لە ٢٠-٤-١٩٧٩ بڕۆنە دەرەوەو ببنە پێشمەرگە.
گیرانی عەلی هەژارو کاردۆ گەڵاڵی !
ئەم دوو تێكۆشەرە خەریکی خۆ ئامادەکردنبون بۆ دەرچون و چونەدەرەوە ،کەچی بەداخەوە لە ڕۆژی ٩-٤-١٩٧٩ ڕژێم هەردوکیانی لە ناو دادگای هەولێرڕفاندو زیندانی وبێسەرو شوێنی کردن و دوای ٤ چوار ساڵ لە لێدان ئەشكەنجە دان ،ڕژێم هەردوکیانی ئیعدامکردو جەنازەکانیشیان نەداینەوە بەكەسوكاریان… بەبێ ئەوەی بچوکترین ئیعتیرافیش بکەن.بەندە شەرەفی ئەوەم هەبو کە لە نزیکەوە لەگەڵ کاک ڕەسولی سەرکردە لە پەیوەندی دابوم. لە ٢٠-٤-١٩٧٩ بە نهێنی بۆ ئیشوکاری ڕێکخستن چومە سەرکردایەتی لە گۆڕەشێر . هەر وەها بۆ هەمان مەبەست لە ٢٢-٥-١٩٧٩ دوبارە بە نهێنی چومەوە بۆ (گۆڕەشێر ) .بێگومان لە ڕێگای کاک حاجی برایم ڕۆستەم کە ئێستاش لە ژیاندا ماوە .هەروەها لە ڕێگای کاک مەحمود حەمەڕەشی سەنگەسەری ،کە بەداخەوە پێش چەندساڵێک ماڵئاوی لێکردین کە پیاوێکی زۆر ماندو دڵسۆز بو…
بزوتنەوە هەر لەدروسبونیەوە لە ٨-٨-١٩٧٦ تا کۆتایی ساڵی ١٩٧٩سێ گورزی گەورەی پێکەوت . یەکەم لە دەستدان و شەهیدبونی سەعدی گچکە و و نۆزدە پێشمەرگەی قارەمانیتر کە لە شەڕە مێژووییەکەی گوندی دەشتێو لەگەل کاک سەعدی شەهیدبون.دوەم کارەساتی هه کاری و لە دەست دانی ئەو هەمو سەرکردە گەورەیەی وەک عەلی عەسکەری و دکتۆر خالیدو حوسێن بابە شێخ و ئەم هەمو پێشمەرگەیەی کە شەهیدو بریندار بون . سێیەم گورزیشی لە ناوەوە پێکەوت .لە سێدارەدانی عەلی هەژارو کاردۆ گەڵاڵی بو، دواتریش تیرۆری سەیدا ساڵح یوسفی بوو كە ئەوکات بۆ تەنزیماتی ناوەوەی بزوتنەوە و سوسیالیست ،لە دەستدانی ئەو سەركردە قارەمانانە،نسکۆیەکی گەورەبو، كەناکرێ و نابێ مێژوی پڕسەروەری بزوتنەوە لە مێژوی شۆڕشی نوێدا نادیدە بگیرێت…
دوایی ئەم ڕوداوە تاڵانە لە هەشتاکان و نۆهەدەکان گۆڕانو گۆڕانکاری لە ناو پارتە کوردیەکان زۆر ڕویدا. لە ئەنجامی ئەم گۆڕانکاریانەی دونیاو کوردستانیش (بزووتنەوەو حزبی سۆسیالیست )لەئاشتبوونەوەی گشتی وتەحریم كردنی شەڕی ناوخۆ پێشەنگ بوون و ڕۆڵی گەورەیان بینی.
قۆناغی یەكگرتنەوە..
دیارە یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەر لەسەرەتاوە هێزێکی فرەمینبەربو، بەشێك لەجوانییەكانی ئەم هێزە پەیوەستە بەقبوڵ كردنی بەفرەیی و دیدی جیاواز، جەنابی مام جەلال ناوی نابوو چەپكە گوڵەكە.بەداخەوە ئەوەی ئێستا ئەیبینین پێچەوانەی ئەم بیروبۆچونانەیە کە لەگەل یەکێتی نیشتمانی لە ١٠-٢-١٩٩٣ یەکمانگرتەوە . هیوادارم لە داهاتودا یەكێتی زیاتر پەیڕەوی لە عەدالەتی کۆمەڵایەتی و بیروڕای جیاوازو دەربڕینی ئازاد و مافی مرۆڤ و مافی ئافرەت ،بكات و ئەم هەلە بکاتە فرستێك بۆكۆكردنەوەی هەموو ئەو هەڤاڵە دێرینانە، ئەمە ئەو ڕێگایەیە كە جەنابی مام جەلال كردبویە سیاسەتی چەپكە گوڵەكەو دەیفەرموو هەموومان بەیەکێتیەوە جوانین و كەسمان لێ زیاد نییە، بەدڵنیاییەوە ئەمەش جگە لەوەی وەفادارییە بۆ خوێنی شەهیدەكان، لەهەمانكاتیشدا دەستپێشخەرییەكی نەوعی وایە كە یەكێتی دەباتە قۆناغێكی باڵاتری سیاسی و ڕێكخراوەیی حزبی پێشكەوتوخوازییەوە.
جێگەی خۆیەتی بڵێم، كە مێژوی بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان و بیروباوەڕو پرینسیپەکانی هەر بە زیندویەتی دەمینێتەوە، ئێمەش بەدڵنیاییەوە وەفادار دەبین بەخوێنی شەهیدەكانمان و ماندوێتی هەڤاڵەكانمان و لێناگەڕێین ئەو مێژوە پڕلە سەروەری و فیداکارییە ،بفەوتیت و هەردەبێ بە زیندویەتی بمێنتەوە.چونكە بزوتنەوە خاوەنی ڕوبارێک خوێن و دنیایەك ماندوبوونە كە بوەتە مێژوو ،بەڵام مێژوویەكی زیندوو …