Apora Logo

پرسی ئەخلاق و سیاسەت: لەپەراوێزی پەیامە هاوخەمییەکەی دەمیرتاشدا

پرسی ئەخلاق و سیاسەت:  لەپەراوێزی پەیامە هاوخەمییەکەی دەمیرتاشدا
ئارام رەفعەتئارام رەفعەت

ئارام رەفعەت

2/8/2024

دەمیرتاش لەزیندانی داگیرکەرانەوە پەیامی سەرەخۆشی و هاوخەمی بۆ کوژرانی هەنییە دەنێرێت و پێ لەسەر دۆزە رەواکەی فەلەستینییەکان دادەگرێت.

پرسیارەکە ئەوەیە، ئەگەر دەمیرتاش یان هەر سەرکردەیەکی دیاری تەڤگەری باکور، لە وەزنی ئیسماعیل هەنییە، و ەبەهەمان شێوەی ئەو لەلایەن رژێمی ئەردۆغانەوە شەهید بکرایە، هەنییە یان سەرانی تری حەماس چ پەیامێکییان دەبوو...؟

پەیامی سەرەخۆشی و هاوخەمی بۆ گەلی ژێردەستەی کورد و پێداگرتن لەسەر دۆزە رەواکەی؟

یان....

پەیامی پیرۆزبایی و دەسخۆشی بۆ ئەردۆغان....؟

هەنییە و سەرانی حەماس لە عەفرین و سەرێکانی و گرێسپی تاقیکراونەتەوە و هاودڵی و ئیعجابی ئەوانمان بەرامبەر ئەردۆغان بینییوە و ئەگەر هەنییە نەکوژرایە رەنگبوو مانگی داهاتوو وەک پاڵەوانێک لە پەرلەمانی تورکەکان بەچەپڵەرێزانەوە پێشوازی بکرایە.

هەر ئەوەنا...

رژێمی خامنەئی لانی کەم هێندەی سەرجەم ئەو فەلەستینییانەی کە بەدەستی ئیسرائیل کوژراون، عاڕەبی سوننەیان لە سوریا کوشتووە، کە زۆرێکییان هاوفیرقەی ئیسماعیل هەنییە بوون.

بەڵام، هەنییە بەسەر دەرییایەک خوێنی سورییەکاندا باز دەدات و دەبێتە نزیکترین هاوپەیمانی رژێمەکەی خامنەئیی و تایبەتیترین دۆستی ئەو.

لێرەدا پرسیارە جدییەکە ئەوەیە، ئەخلاقی سیاسی دەمیرتاش یان پراگماتیک و

مەکیاڤێلییەتی هەنییە و سەرانی حەماس...؟

وردتر بڵێم، ئایا پێویستە سیاسەت بە ئەخلاقەوە ببەسترێتەوە، یان هاوشێوەی جیهانی سەردەم، لەوانەش سەرانی حەماس، پراگماتیکیانە و لەدەرەوەی کایەی ئەخلاقدا سیساەت بکەین...؟

بەواتایەکی تر،

ئایا کورد لەروانگەی ئیمانوێل کانت و جۆن راوڵز سیاسەت بکات و داکۆکی لە پرەنسیپە ئەخلاقی و دادپەروەرییەکان لە سیاسەتدا بکات، وەک سەلاحەدین دەمیرتاش دەیکات

یان...

کورد تێزەکانی ماکیاڤیلی و دەبێت سەرنجمان لەسەر دەسەڵات و پراکتیکییەت بێت نەک ڕەچاوکردنی ئەخلاقی، یان وەک کارل شمیت دەڵێت سیاسەت جیاکردنەوەی دۆست و دوژمنەڕەچاوکردنی ئەخلاقی لە مانەوە و دەسەڵاتی دەوڵەتدا لاوەکییە.

دوا پرسیار ئەوەیە...

ئەگەر پێمان وابێت ئێمە جیاوازترین و دۆزی ئێمە رەواترە و دەبێت ئێمە ئەخلاقییانە سیاسەت بکەین، ئایا لەم جیهانەدا کە لەسەر بەنماکانی ریاڵ-پۆلتیکدا دامەزراوە و براوە ئەوانەن کە وەک هێنری کیسینجەر بەرژەوەندییە ستراتیژی و نەتەوەییەکان دەخەنە سەرووی پێوانە ئەخلاقی و مۆراڵییەکان، کوردێکی لاکەوتەی ژێردەستەی بێ دەوڵەت دەتوانێت چ شتێک ئیزافەی ئەخلاقی سیاسی بکات؟

هەڵبەت لەوە گەڕێن کە دەتوانێت چ دەسکەوتێک لە ئەخلاقی سیاسی هەڵکڕێنێت.

 


;