Apora Logo

خوێن لەناو عورفی سیاسیدا ، کووشتنی هەنییە بە نموونە

خوێن لەناو عورفی سیاسیدا ، کووشتنی هەنییە بە نموونە
شوان عەباس بەدریشوان عەباس بەدری

ئاپۆڕانیوز

31/7/2024

خوێن لەناو عورفی سیاسیدا، خوێنی هەنییە بە نموونە


نووسینی : شوان عەباس بەدری


زۆر جار لەدوای کووشتنی کەسایەتییەکی سیاسی یا ناسراوی وڵاتێک لەلایەن وڵاتێکی ترەوە گوێمان لە تۆڵەکردنەوەی خوێنی دەبێت و گەرهاتوو وڵاتی تۆڵەسێن زلهێزێکی ناوچەیی یان جیهانی بێت، ئەوا وڵاتانی ناوچەکە و جیهان هەموو بەپەلە دەکەونە کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری بۆ زانینی چۆنییەتی تۆڵەکردنەوەکە.

گەر هاتوو دوو وڵاتە ناکۆکەکە یەکێکیان وڵاتێکی زلهێزی ناوچەیی و ئەوی تریش جیهانی بێت، ئەوا مەترسییەکان بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی زیاتر دەبێت، هەروەک گرژی و ئاڵۆزی و هەڕەشەکانی ئێران و ئەمریکا لە دوای کووشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لەلایەک و لە لایەکی تریشەوە هەڕەشە دانەبڕاوەکانی ئێران لە ئێسرائیل لەدوای کووشتنی ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی ئێران و مووشەکبارانکردنی بەشێکی باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە سوریا.

دیارە لەدوای ئەو کووشتن و مووشەکبارانەش ئێران بە 300 درۆن و مووشەک هێرشی کردەسەر ئیسرائیل و پێش ئەوەش لە دوای کووشتنی قاسم سولەیمانی هەر ئەو وڵاتە بنکەی ئاسمانی عەین ئەلئەسەدی هێزەکانی ئەمریکای لە عیراق بۆردومان کرد.

لە ڕاستیدا خۆی مووشەکبارانکردنەکەی ئیسرائیل و بنکەی عەین ئەلئەسەد لەلایەن ئێرانەوە هەرچەندە گەر بە ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختەش بووبێت، هیچ لە گرنگی تۆڵەکەی ئێران کەمناکاتەوەو ناوی ئەو وڵاتە وەک تاکە وڵاتی کیشوەری ئاسیا کە هەردوو زلهێزە ناوچەیی و جیهانییەکە واتە ئیسرائیل و هێزەکانی ئەمریکای بۆردومانکردووە لەناو تۆماری مێژووی گرژی و ئالەنگارییەکانی ناوچەکە و جیهاندا تۆمارکرد.

وەک دیارە لە ئێستا جەنگی غەززە و ئۆکرانیا و هەڕەشەکانی ڕوسیا و وڵاتانی ئەوروپی لەیەکتری و لوبنان و هەڕەشەکانی چین بۆ سەر دورگەی تایوان و جەنگی ناوخۆیی سودان( هەرچەندە جەنگی سودان وەک پێویست لەلایەن میدیای کوردییەوە گرنگی پێنادرێت) جیهانیان بەرەو پێشهاتێکی تاریک و نەزانراو پەلکێش کردووە و لە ئێستادا مەترسی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی زۆر زیاتر و نزیکترە وەک لە ڕابردوودا، بەڵام سەڕەڕای هەموو ئەم مەترسیانە، جیهان بە هەواڵێکی ئاگراوی بەئاگاهاتەوە کە ئەویش کووشتنی ئیسماعیل هەنییە سکرتێری مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی بوو لە تارانی پایەتەختی ئێران.

خۆی لە خۆیدا ئەم پێشهاتە چەند ڕەهەندێکی جیاواز لەخۆ دەگرێت کە هەر ڕەهەندێکییان یەک لە یەک مەترسیدارترن و ڕەنگە دواجار ڕێخۆشکەر بن لە هەڵگیرسانی جەنگێکی ناوچەیی بێکۆتایی، بە تایبەتیش گەر بە وردی لە مێژووی سیاسی و سەربازی ئێران بڕوانین، تێدەگەین ئەم وڵاتە هەمیشە لە تۆڵەکردنەوە و چاوشکاندنی بەرامبەر دەستێکی باڵای هەبووە و زۆرجار لە پلانەکانی سەرکەوتوو بووە.

گەر بێتوو خوێندنەوەیەک بۆ کووشتنەکەی هەنییە بکەین ئەوا تێدەگەین، ئیسرائیل بە کووشتنی هەنییە، زیاتر ڕق ئەستووری بزووتنەوەی حەماس و هاوپەیمانە ناوخۆیی و ناوچەییەکانی بۆ تۆڵە ئەستوورتر کرد، ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر تارانی پایەتەختی ئێران ڕاستەوخۆ جەنگی لە دژی ئەو وڵاتە ڕاگەیاند، بەڕاستەوخۆ ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی هێنایە سەر خەتی ئاگر و ڕووبەڕووبوونەوە بەتایبەتیش لووید ئەستۆن وەزیری بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بە هەموو توانایەوە بەرگری لە ئیسرائیل دەکات و دەیپارێزێت، دیارە ئەمریکاش واتە هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی ناتۆ، بە واتایەکی تر لە ئێستادا هەموو جیهان لە سەر هێڵی ڕووبەڕووبوونەوە وەستاون و چاوەڕێی کاردانەوەی ئێران و هاوپەیمانەکان و ملیشیاکانی ئەو وەڵاتە دەکەن کە لەلایەن ئەو وڵاتەوە بەڕێوەدەبرێن.

دیارە تۆڵەی خوێن لە عورفی سیاسی وڵاتاندا، تۆڵەکردنەوەیەکە کە تەنها خۆی لە چەمکی تۆڵە نابینێتەوە، بەڵکو لەناو عورف و فەرهەنگی سیاسیدا، تۆڵەکە دەچێته چوارچێوەی گەڕانەوەی هەیبەتی دەوڵەت و پێگە و ناوی وڵات لەناو وڵاتانی دراوسێ و جیهان و دڵگەرم کردنی دانیشتوانی وڵات بە توانا و بەهێزی حکومەت و سیستمی سیاسی وڵاتەکەیان و ناچارکردنی وڵاتی هێرشبەر بە خۆبەدوورگرتنی لە هەر هێرشێک لە داهاتوودا کە بەنیاز بێت بیکاتە سەر وڵاتەکەی تر.

هەرچەنده هێشتا زووە بۆ باسی تۆڵە و چۆنییەتی تۆڵەسەندنەوەی خوێنی ئیسماعیل هەنییه، بەڵام وتەیەکی عەلی خامنەئی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە دوای تیرۆرکردنەکەی هەنییە کە ڕایگەیاند، خوێنی بەفیرۆ ناچێت، ئەوەمان پێدەڵێت کە ئێران هەروا بە ئاسانی لە هێرشەکەی ئیسرائیل خۆش نابێت و بۆ گەڕانەوەی هەیبەت و شکۆی لەناو وڵاتانی دراوسێ و جیهان، چەند ڕێگەیەکی جیاواز دەگرێتە بەر کە ئاسانترین ڕێگەی بریتییە لە بەکارهێنانی هەموو هێز و توانایەکی ملیشیاکانی هاوپەیمانی هەر لوبنان و سوریاوە بیگرە تا دەگاتە عیراق و یەمەن و ژمارەیەک وڵاتی تری ناوچەیی و جیهان.

نابێ ئەوەشمان بیربچێت کە ڕەنگە ئیسرائیل ئەم چالاکییەی وەک کارتێکی فشار و بەمەستی چاوترسێنکردنی فەرماندە سەربازییەکانی بزووتنەوەی حەماس بەکار هێنابێت تا بەوجۆرە لە دانووستانەکانی ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان نەرمییەک بنوێنن، بە تایبەتیش لە دوای یانزە مانگ لە بۆردومانی بەردەوامی کەرتی غەززە و ناوچەکانی تری ژێر دەسەڵاتی بزووتنەوەی حەماس و کووشتن و بریندارکردنی هەزاران هاووڵاتیی فەڵەستینی، ئیسرائیل نەیتوانیوە بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنێکی ئەوتۆ بەدەست بهێنێت، بەڵام ڕەنگە ئەمجارە ئیسرائیل کەوتبێتە تەڵەیەکەوە کە خۆی بە دەستی خۆی دایناوەو سەرلەبەری خوێندنەوەکانی بۆ ڕووداو و پێشهاتەکانی دوای کووشتنی ئیسماعیل هەنییە و تۆڵەکردنەوەی خوێنەکەی هەڵە دەرچێت و زیانەکانی بۆ ئەو وڵاتە لە سوودەکانی زیاتر بێت، بەتایبەتیش کە بزووتنەوەی حەماس بزووتنەوەکی هەرەمی نییە کە بە کەوتنی پایەیەکی گشت پایەکانی تریش بەدوایدا بروخێن، هەروەها وەک باسمان کرد ئێرانیش وڵاتێکی ئەوەندە هەڵەشە و سەرەرۆ نییە کە خۆی بخاتە ناو ئاگرێکەوە دەرچوون لێی زەحمەت بێت، مێژوو پێمان ئەڵێ لەناو عورفی سیاسی ئێراندا تۆڵەی خوێن تۆڵەیەکی لەسەرخۆ و دارێژراوە و لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا نەبێت، هەرگیز ئەو وڵاتە خۆی نەکردووە بەخاوەنی تۆڵەکەو بەڵکوو لە ڕێی بەکرێگیرا و چەکدار و لایەنە هاوپەیمانەکانی لە وڵاتێکی تر و لەکاتی خۆیدا گورزی خۆی وەشاندووە، بیریشمان نەچێت سیاسییەکانی ئێران لە پشوودرێژیدا ناوبانگێکی جیهانیان هەیە و لە سیاسەتی دیپلۆماسییەتی فستقیش دەستێکی باڵا !

;