Apora Logo

بەس مووچە نا!

بەس مووچە نا!
بێکەس قادربێکەس قادر

بێکەس قادر

19/7/2024


دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003 دا، دەرگە بە ڕووی دامەزراندنی خەڵک کرایەوە لە دەزگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەزگە و فەرمانگەکان لە پێویستیی خۆیان پتریان تێخزێنرا، ئەمە لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە بە لێشاو خەڵک بە ناونیشانی جۆراوجۆر خانەنشینی بۆ کرا.

یەک: دامەزراندن و خانەنشینکردن ئامانجی ئابووری و خۆشگوزەرانی لە پشت نەبوو، جگە لە پێکهێنانی لەشکرێک لە خەڵکی حزبی.

دوو: لە دامەزراندندا، نەک هەر هیچ پێوەرێک ڕەچاو نەکرا، بەڵکو پێشێلی بنەماکانی کارگێڕی و پێوەرەکانی دڵسۆزی، ڕاژە، بڕوانامە، توانا و لێهاتوویی کرا.

سێ: لە بواری خانەنشینکردن، هەموو سنوورێک تێپەڕێندرا، بە ناونیشانی پێشمەرگەی دێرین، پێشمەرگە و غەیرە پێشمەرگە، خەڵکی ئاسایی و نائاسایی، تەنانەت جاش و باش پێکەوە خانەنشین کرا.

چوار : لیستی سەروەرانی گەل و نیشتمان پاک ڕانەگیرا و هەتا ئێستاش هەروا ماوەتەوە.

پێنج : لە دامەزراندن، لە خانەنشینکردنی سەربازی و لە لیستی سەروەران دا، نەک هەر بنەمای یەکسانی و عەدالەت پیادە نەکرا، بەڵکو سنووری (العدل والانصاف) تێپەڕێندرا.

شەش: بەهۆی درێژەدان بەو شێوازە حوکمڕانییە؛

- لە بری بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری، بەشی زۆری داهاتی گشتی بەهەدەر درا.

- کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، کرێکاری و کاسبکاریی فەرامۆش کرا، بەرهەمی خۆماڵی ماڵئاوایی کرد، ڕوو لە هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکی و ڕاکێشانی دەستی کاری بێگانە کرا.

- لە بواری سەربازی، هێزێکی سەربازی تۆکمەی نیشتمانی پێک نەهێنرا.

- لە سۆنگەی ئەم شێوازە کارگێڕییەدا، نا بەرانبەری چینایەتی زەق بووەوە.

حەوت: مووچە بوو بووە سەرچاوەی بژێوی بەشی زۆری هاوڵاتیان و بارێکی گران بەسەر حکومەتەوە.

هەشت: کاتێک بوودجە لە لایەن حکومەتی فیدراڵ ڕاگیرا، لەوە بگەڕێ کە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانی مووچە دابین بکات، بەڵام زەق زەق لێکەوتەکانی ئەم سیاسەتە دەرکەوت، کە هەم مووچەخۆر شایستەی خۆی وەرنەگرت و سەرچاوەی بژێوی لە دەستدا، هەم هەرێمی کوردستان لەگەڵ قەیرانی بەردەوامی دارایی و ئابووری ڕووبەڕوو بووەوە.

نۆ: ئەوکات و ئێستاش با بڵێین؛

- مووچەخۆری فیعلی و نا فیعلی.

- فەرمانبەری فیعلی و بندیوار.

- پۆلیسی فیعلی و بندیوار.

- پێشمەرگەی فیعلی و بندیوار.

- خانەنشینی شایستە و نا شایستە.

- کەسوکاری سەروەرانیش بە شەهیدی سەنگەر و غەیرە شەهیدەوە.

پێکەوە مووچە وەردەگرن.

لێرەدا بەدەر لە هەر ناکۆکییەکی دیکە؛

- ئایا ئەمە ڕاست و ڕەوایە!

- ئایا ئەمە ناحەقی نییە، لە بەرانبەر حەق، کەوا هەر بەردەوامی هەیە؟

- ئایا ئەمە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بێزاری و بێئومێدی نییە بە حکومەت، بە دامەزراوە، بە پڕۆسەی سیاسی و بە هەرێمی کوردستان؟

دە: بۆ ئەوەی هەرێمی هەرێمی کوردستان لە نێوەخۆدا سەقامگیر و بەهێز بێ، بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم وەکوو هەرێمێک لە عێراق، وەکوو هەرێمێک لە ئاستی ناوچەكە و نێودەوڵەتان بەهێز بێ و دەوری هەبێ پێویستە :

1. لە نێو عێراقدا، حکومەتی هەرێم سیستەماتیک و دەستووری بێ.

2. لەوە بگەڕێ لە عێراق چ دەگوزەرێ، هێزی چەکدار لەسەر چ بنەمایەک پێک دەهێنرێ، داهات چی لێ دێ، مووچە چۆن دەدرێ، ئەوان دەوڵەتن بە هەر شێوەیەک حوکمڕانی بکەن دەوڵەتەکە هەر دەمێنێ، بەڵام هەرێمی کوردستان مان و بەردەوامبوون و پێشکەوتن و بەهێزبوونی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا، بەندە بە پیادەکردنی یاسا و دەستوور و پێشخستنی سیستەم و چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و دادپەروەری لە حوکمڕانی دا.

3. ئەگەر ئامانج ئەوەیە هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی تۆکمە بێ، دەبێ حوکمڕانی لە ڕێگەی هەڵبژاردن لە خەڵکەوە بۆ خەڵک بێ، نەک لە حزبەوە بۆ حزب، دەبێ دەستاودەستکردنی دەسەڵات فەراهەم بکرێ.

4. دەبێ لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزی چەکدار بەپێی یاسا و سیستەم بێ، نەک هەر بۆ ڕازیکردنی حکومەتی فیدراڵ، بەڵکو لەبەر خۆی و بۆ خۆی پێویستە جێگەی بایەخ پێدان بێ.

5. دەبێ لە هەرێم، هێزە چەکدارەکان لە دەستی حزبەوە دەربهێنرێ.

6. دەبێ نیگەرانی و تێبینیەکانی دۆستەکان و وڵاتانی هاوپەیمان بەهەند وەربگیرێن، لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەرنگاربوونەوەی دیاردەی گەندەڵی و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و ڕوەشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان.

7. دەبێ لە مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، دەستوور پێوەرمان بێ، دەبێ مافە دەستورییەكان هێلی هاوبەش و خەتی سۆر بێ، دەبێ بەرژەوەندیی خەڵک و بەرژەوەندیی هەرێم لە سەرووی بەرژەوەندی دیکەوە بێ!

دە: لە ئاکامی نەبوونی ستراتیژێکی سیاسی هاوبەش لە هەرێم، نەبوونی نەخشەڕێگەیەک بۆ تێپه‌ڕاندنی قەیرانی سیاسی، نەبوونی سیاسەتێکی هاوبەش بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لە پێوەندییە ناوچەیی و ناودەوڵەتییەکان، نەبوونی پلان و بەرنامەیەکی هاوبەشی دروست بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و کێشە بەردەوامەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، لە ئاکامی لە دەستدانی کات و دەرفەتەکان، سەرەڕای کارتێکردنی فاکتەرەکانی دیکە، ڕەوشی هەرێمی کوردستان لە بازنەیەكی داخراودا دەخوولێتەوە.

بە تێگەیشتن لە ئاڵنگارییەکان و لە ڕاستییە بابەتییەکانی ئەم ڕەوشەی هەرێم و ئاڵۆزییەکانی ڕەوشی عێراق و ناوچەکە، ئەگەر خەڵک خاوەنداری لە خۆیی و لە مەسەلە ڕەواکەی نەکات، دەربازکردنی هەرێم لەو دۆخە ناهەموارەی کە هەتا ئێستا درێژەی هەیە، لە توانا و لە بەرنامەی حزبە دەسەڵاتدارەکان نییە!

;