Apora Logo

هەڵبژاردن ‌و عەلاف

هەڵبژاردن ‌و عەلاف
گۆران جەلالگۆران جەلال

گۆران جەلال

27/5/2024



  ئیدیۆمێکی کوردی هەیە دەڵێ، ڕبەو دار ڕبە لە دەستی خۆیەتی چۆنی بوێ وای دەپیوێ، دیارە ئەو ئیدیۆمە پەیوەندی بە ژماردنی پێوانەی گەنم‌و جۆ هەیە، چونکە لە کۆندا ڕبە پێوەری دەغڵ‌و دان بووە. وەختی خۆی کە دروێنە دەکرا بەروبووم دەگەیشتە سەر جۆخینان، ئەوانەی کڕیاری خەلەو خەرمان بوون پێیان دەگوترا عەلاف، لەگەڵ تەواو بوونی دروێنە دەگەیشتنە گوندان‌و دەستیان دەکرد بە کڕینی گەنم‌و جۆ، هەروەها کەسانێک هەبوون تایبەت بوون بە ژماردنی ڕبەکان، لەکاتی پڕکرنی ڕبەکە بە گەنم یان جۆ دارێکیان بە ڕبەکە دادەهێنا تاکو خشت بێ‌و ئەوجا ژمارەی ڕبەکان دیاریدەکرا، جالەو پێوانەیەدا زۆر جار بە تایبەتیش عەلافە فێڵزانەکان لە رێگای ئەوانەی کاری پێوانەکەیان دەکرد فێلیان لە جوتیارەکان دەکرد، فێلەکانیش لە کاتی پێوانکردن کە چەندین جار ژمارەیەکیان دووبارە دەکردوە، بۆ نموونە بە خێرایی چەند جارێک دەیانگوت(١١ یان ١٣) یان کاتێ دار ڕبەیان بە ڕبەکە دەهێنا گەنمەکەیان بەتەواوی خشت نەدەکرد، هەروەها بەردەوام ڕبەی کرین‌و فرۆشتنی عەلافەکان جیاواز بوو، هیچ کات بەو ڕبەی دەغل و دانیان پێ دەکڕی بە ڕبەیە نەیاندەفرۆشتەوە، دەرئەنجام کابرای عەلاف چەندین ڕبەی زیادی بەدزیەوە دەبردو جوتیاری بەستەزمانیش زەرەرمەند دەبوو. بە کورتی بەسێ رێگا فێلیان لە جوتیار دەکرد، لە کۆتایی جوتیارەکە بە ناچاری دەیگوت وەڵلا ڕبەو دار ڕبە لەدەست خۆی بوو خۆی‌و خوای خۆی.

 ئەوبابەتەی سەروە تەواو لەگەڵ مەسەلەی هەڵبژاردنی ئێستای هەرێمی کوردستان دەگونجێ، چونکە هەر لایەو دەیەوێ بە ڕبەی خۆی هەڵبژاردن بپیوێ، ڕبەو دار ڕبەکەش بداتە دەست ئەو کەسەی خۆی هێناویەتی مەعلانە لە پێوان، هەروەها هەر لایەو کرین فرۆشتن بەیەک ڕبە ناکات، لە هەمووشی کۆمیدی تر عەلافەکانی ئێمە هیچیان متمانەیان بە ڕبە پێوی ئەویتر نییە، چونکە بەباشی دەوری حاسلاتی خۆیانیان بەو ربانە کردووە، دەزانن کتۆیی دەستەگوڵی خۆیان لە رەوسەکان بدەن‌و پاشان بەکەیفی خۆیان دار ڕبەی لێبخشینن، هەر بۆیەشە تاکو رێکنەکەون لەسەر ڕبە پێوەکی باش زەحمەتە رەوسەی دەنگی خەڵک دەورکەنەوە.

  دۆخەکە بە جۆرەێکە کە دەبێ ئەگەر بۆ جارێکیش بێ باواز لەو بیرکردنەوە عەڵافخوازییە بهێنین‌و لە بەرژەوەندی گشتی و بۆ تێپەراندنی کێشەکان عایلانەو راستگۆیانە هەڵبژاردنێک لە پێناو نیشتمان‌ بکەین، ئەگەر بۆ جارێکیش بێ واز لە بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی بهێنین، هەم ڕبەکان بە راستی‌و بی فێل بژمێرین، هەمیش دار ڕبەکە بە خشتی بە ڕبەی دەنگی جەماوەر دابهێنین.


;