حوکمدانی قەرەقووشییانەی سەرانی کورد لە باکور و تورکیا، بە پلەی یەکەم جۆرێکە لە تۆڵەسەندنەوە لە دنیای ڕۆژئاوا لەپای هاوکاریکردنی کورد بۆ لەگۆڕنانی مەترسیدارترین دەستە و تاقمی سەدە، بۆیە بێ مرووەتییەکی گەورە دەبێت ئەگەر وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرامبەر بە بارمتەگرتنی سیاسەتمەدارانی کورد بێدەنگ بن.
هەروەها کاتی ئەوە هاتووە حزب و لایەنەکانی هەموو پارچەکانی وڵاتیش جۆرێک لە زمان و دەربڕێن بدۆزنەوە بۆ سەرکۆنەکردنی ئەو بڕیارانە بەو پێیەی ئەو هەنگاوە تەگەرە بۆ هەر هەوڵێکی بە ئاشتی چارەسەکردنی پرسی کورد دەخووڵقێنێت.
ئەمەش بەسەرهاتی "ئەکرادی لەعین":
"ئەکرادی لەعین"
لە کاتێکدا والیی بەغدا نەیتوانی هێرشی سەربازی بۆ سەر میری سۆران ئەنجام بدات، ڕەشید پاشای والیی سیواس لە بەهاری ساڵی 1835دا هێرشی کردە سەر دەڤەری گارزان کە زۆرینەی دانیشتووانی کوردی ئێزیدی بوون. سەرانی عەشیرەتی ئۆمەریانی ناوچەی ماردین لە نامەیەکدا کە لە 12/8/1835 بۆ میری ڕەواندووزیان نووسیوە، پێیان ڕاگەیاندووە ڕەشید پاشا دەستی بەسەر دەڤەری گارزان و ئێزدخاندا گرتووە، ژمارەیەکی زۆر سەربازی ناونووس کردووە، هاتووەتە دیاربەکر و ئەگەر بگاتە دەوروبەری ماردین، لەوانەیە سەرۆك عەشیرەتەکان هەڵوێست بگۆڕن.
ڕەشید پاشا لە ڕاپۆرتی 1/11/1835دا ئەم زانیارییانە سەبارەت بە شەڕەکانی گارزان دەخاتە ڕوو:
"کاتێك لەسەر فەرموودەی ‘’معلوم العالی’’ لای گارزانەوە گەڕامەوە، ‘’ئەکرادی لەعین’’ کە بە ‘’قەومی چیا’’ ناو دەبرێن، دیسان ملی ڕێی یاخیبوونیان گرتەبەر. بە ئامانجی ئامۆژگاریکردن و گوێبادانیان، سێ هەزار ئەسپسوار لەلایەن بەندە سەعادەتی ئەمین پاشای موتەسەلیمی مووش و نزیکەی چوار هەزار سەربازی ئولوفەلی و بێ ئولفەی پیادە و ئەسسپسواریش لەلایەن دیاربەکرەوە دامەزرێندران.
ئەو سەربازە ئاماژە بۆ کراوانە لە دوو قوڵەوە پەلاماری قەومی باسکراویان دا. چەند جارێك شەڕ و پێکادان ڕووی دا و بە هێرشکردن بۆ سەر دوو-سێ گوند چەند کوشتار و قڕکردنێك ئەنجام دران و دەست گیرا بەسەر گوندەکانی تەختاییدا. لەبەرئەوەی قەومی ئاماژە بۆ کراو داوای گیان پاراستنیان کرد، پەنایان برد بۆ ناوچەکانی خۆیان و لەبەرئەوەی ناوچەکە شاخاوییە، بارمتەیان لێ گیراوە و "ڕای’’ دراوە و لەم کاتەدا بەو جۆرە کۆتایی بە کێشەکە هێندراوە."
----
ئولوفە: موچەی سەربازانی بەکرێگیراو لە سوپای عوسمانیدا.
ڕای: ئەم وشەیە بۆ پەسەندکردنی داوای لێبووردن بەکار هێندراوە.
سەرچاوە: کورد و ڕاپەڕینەکانی لە بەڵگەنامەکانی ئەرشیڤی عوسمانیدا (١٨١٧-١٨٦٧)، سینان ھاکان، و. لە تورکییەوە: بەکر شوانی. لە چاپکراوەکانی ئەکادیمیای کوردی، ھەولێر ٢٠١٢