بەرشە و بیلباو... دوو دیوی یەک دراو!
بەکر شوانی
لەم وەرزەدا ژمارەیەکی زۆر یاری نایابی تۆپی پێ هەیە و ئەگەر مرۆڤ سەرقاڵ نەبێت و کاتی هەبێت، زۆربەیان شایەنی بەدیارەوە دانیشتن و تەماشاکردنن. بەڵام وازیی هەندێک لە یانەکانی ئیسپانیا، ڕاستتر بڵێم هەرێمە نائیسپانەکانی ئیسپانیا، هی ئەوە نین وەرزشدۆستان لە دەستیان بدەن. بۆیە شەوی پێنجشەمە لەسەر هەینیی ڕابردوو بەدیار گەمەی نێوان هەردوو یانەی ئەتلەتیک بیلباوی باسک-ئیسپانی و شالکەی ئەڵمانییەوە دانیشتم کە لە چوارچێوەی چارەکی کۆتایی خوولی یانەکانی ئەوروپادا بەڕێوەچوو. بیلباو دەکەوێتە سنووری هەرێمی ئۆتۆنۆمیی باسکی ئیسپانیاوە و ئەتلەتیک بیلباویش یانەی ئەو شارە جوان و پڕ لە پیشەسازییەی کەناری ئۆقیانووسە لە باکوری ئیسپانیا. باسکەکان لەبەرئەوەی بەدرێژایی مێژوو بەرگریییان لە وڵاتی خۆیان کردووە، لە سەرچاوەکانی ڕۆما و عەرەبی ئەندەلوسدا وەک "گەلی مایەی سەرئێشە" ئاماژەیان بۆ دەکرێت. بەڕاستی لە یاریی ئاماژە بۆ کراویشدا مایەی سەرئێشە بوون بۆ شالکە و ئەوە بوو 4 بە 2 بردیانەوە.
مێژووی وەرزش لە بیلباو دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم و لەسەر دەستی ئەو بەریتانییانە گەشەی کرد کە لەوێ لە بواری بازرگانی و پیشەسازیی کەشتیدا کاریان دەکرد. کۆمەڵێک قوتابی باسکیش پاش تەواوکردنی خوێندن و گەڕانەوەیان لە بەریتانیا، ساڵی 1901 بناخەی یانەی ئەتلەتیک بیلباوی ئێستایان دامەزراند. بە ئەتلەتیک بیلباوەوە پێنج یانەی هەرێمی باسک لە خوولی ئیسپانیادا یاری دەکەن. بەڵام بیلباو لە هەموویان جیاوازترە، چونکە ئەم لە سەداسەد پشت بە یاریزانانی باسک دەبەستێت. هەروەها تەنیا مانگێک پاش مردنی فرانکۆی دیکتاتۆری ئیسپانیا، واتا لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 1975دا لە وازییەکی نێوان ئەتلەتیک بیلباو و ریال سوسیداددا بۆ یەکەم جار ئاڵای هەرێمی باسک لە یاریگە بەرز کرایەوە و لەو مێژووە بەدواوە لە سەرانسەری هەرێمی باسک دەشەکێتەوە. لێرەوە دەتوانین بڵێین ئەگەر وەرزش، بەتایبەتیش وەرزشی تۆپی پێ بۆ گەلانی خاوەن دەوڵەت و ئاڵا تەنیا وەرزش و بەرزکردنەوەی ناوی وڵات و نەتەوە بێت، ئەوا بۆ باسک و کەتەلۆنیا گەیەنەری پەیامێکی زۆر لەوە گەورەترە و دەکەوێتە خانەی هەوڵدانەوە بۆ بەدەستهێنانی شانازی و شکۆ بۆ خاک و نەتەوەی دابەشکراویان. هەر بۆیە ناوەندە وەرزشییەکانی مەدرید، ئەتلەتیک بیلباو و بەرشە بە نەتەوەپەرست و دەماگیر و دوو دیوی هەمان دراو ناودەبەن. بەڵام باسک و کەتەلانییەکان خۆیان بەشێوەیەکی تر بۆ مەسەلەکە دەڕوانن و وەرزش بە ئاوێنەیەک بۆ پێشاندانی خۆیان وەک باسک و کەتەلان بەکاردەهێنن. گرنگیش ئەوەیە مرۆڤ لە نیگای گەلانی بێ دەوڵەت و ژێردەستەوە بۆ مژارەکان بڕوانێت، نەک لە کڵاوڕۆژنەی خۆسەپێنەر و داگیرکەرانەوە.