لای من وەك كوردێك ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا تاوانباری جەنگە، چونكە كۆمەڵكوژی ژن و منداڵی كوردی عەفرینی كردووەو بەردەوامە لە كوشتنی هاوڵاتی مەدەنی. بەڵام بابەتەكەی من لێرەدا شتێكی ترە. كە ئامانجم قسەكردنە لەسەر یەكێك لە گرنگترین پرسەكانی ناو هەناوی دەوڵەتی توركیا، ئەویش ئەنجام دانی هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا بوو لە 31/3/2024 . لای من گرنگترین بابەتی ئەم هەڵبژاردنە وتارەكەی ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بوو لە دوای هەڵبژاردنەكان، هەرچەندە جارێكی تر هێرشی كردەوە سەر كورد، بەڵام لەسەر هەڵبژاردنەكان قسەكانی تایبەت بوون. كاتێك راشكاوانە شكستی هەڵبژاردن، دۆڕانی هەڵبژاردن، ئەنجامی هەڵبژاردنی قبوڵ كرد. كەسی تۆمەتبار نەكرد، هەڕەشەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە نەكرد، رێزی لە خۆی و توركیاو دەنگدەرانی توركیا گرت، گوتی ئێمە هەڵەكانی خۆمان راست دەكەینەوە بۆ داهاتوو. رێز لە دەنگدەرانی توركیا دەگرین. وە گوتی توركیاو گەلی توركیا سەركەوتن, دیموكراسی سەركەوت. ئەمەش هێزی گەورەی ناو هەناوی دەوڵەتی توركیایە كاتێك ئەنجامی هەڵبژاردن قبوڵ دەكەن. وە ئەردۆغان گوتی كەللةڕەقی لەگەڵ ئیرادەی میللەتەكەمان ناكەین.
لەتوركیای نەژاد پەرست، بۆ ناو هەناوی دەوڵەت و قەوارەكەیان دوای ئەم هەموو ململانێیە، كەچی ئەنجامی هەڵبژاردن قبوڵ دەكەن و بەیەكەوە نیشتمان دەپارێزن. بۆیە لەم تاقیكردنەوە دیموكراسیە كەس شكست خواردوو نیە، راستە دۆڕان و براوەی هەڵبژاردن هەیە. بەڵام لە دیموكراسی دەوڵەت و قەوارەو گەل براوەیە. كاتێكیش گەل براوە بوو. مانای وایە هەموو هێزەكانی براوەن.
ئومێد دەكەم ئەنجامی هەڵبژاردنەكان رێگایەكی دیموكراسی بۆ كێشەی كورد لە توركیا بكاتەوەو ئەزمونی بردنەوەی كوردیش لەم هەڵبژاردنە خزمەت بە ئاشتی و دیموكراسی توركیا بكات. وە پەنجەرەیەكی تازە لەسەر كورد و كێشە رەواكەی بكاتەوە. چۆن ئەردۆغان قسەی باشی بۆ تورك كرد. بۆ كوردیش هەنگاوی باش بنێت. چی دیكە بە چەك و ئۆپەراسیۆن و جەنگ مامەڵە لەگەڵ پرسی كورد نەكات. ئەوەی كە توركیا دەباتە پێشەوە دیموكراسی و ئاشتی و چارەسەری سیاسی كێشەی كوردە. ئەردۆغان ئەوەی بە دیموكراسی بردیەوە بە جەنگ دەیدۆڕێنێت؟؟.