Apora Logo

پەرلەمان و پەرلەمانتاری ئایندە

پەرلەمان و پەرلەمانتاری ئایندە
هیوا سەید سەلیمهیوا سەید سەلیم

هیوا سەید سەلیم

17/3/2024


                                    

 ئەگەر لە لایەن حزبەکانی دەسەڵات دیسان کۆسپێک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان درووست نەکرێت، دەبێت لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ 2024، هەڵبژاردن بو خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، ئەو هەڵبژاردنەی کە جارێکی دیکە شەرعیەت دەداتەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان و کیانی سیاسی هەرێمی کوردستان لە بۆشایی گەرەترین دامەزراوەی یاسادانان دەرباز دەکات، کە سەرنجام متمانە دەدرێتەوە بە حکومەتێکی تازە کە لە ئێستادا بە هۆی ئەو بۆشاییەی لە سەرینی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لە نا دەستووری بوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، هەرێمی کوردستان لە لایەک پەرلەمانی نەماوە و لە لاکەی دیکەشی حکومەتی بۆتە حکومەتی کاربەڕێکەر.

 وێڕای ئەو مەترسیەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا،  ئەو هەنگاوانەی بۆ هەڵبژاردنەوەی پەرلەمانی کوردستان نراون بە ئاڕاستەی ئەوەن کە ئەمجارەیان هەڵبژاردن دوا ناخرێت، وە بەدەر لە خواستی هەندێک لایەن،  دەبێت هەڵبژاردن لەو وادەییە ئەنجام بدرێت کە بۆی دیاری کراوە، بۆ ئەم مەبەستەش تەواوی حزبەکان بە کەسانی سەربەخۆشەوە خەریکی دیاریکردنی بەربژێرەکانیانن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

 شایانی باسە، لە چەند خولی ڕابردوودا حزبەکان بەدەستی ئەنقەست شکۆی پەرلەمانی کوردستانیان شکاند، لە ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا، داخستنی دەرگای پەرلەمان، بردنی ناکۆکییە حزبییەکان بۆ ناو پەرلەمان، بێ کەفائەت کردنی پەرلەمانتار لە کاندیدکردنی کەسانی بێ ئەزموون و پێدانی پلەو پۆستی پێیان لە نێو پەرلەمان.

 بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی هەستیاری ئێستای ناوچەکە بە گشتی و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، دەبێت هەموو هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیە بن کە شکۆ و دەسەڵات بۆ پەرلەمانی کوردستان بگەڕێتەوە، تا ئەو دامەزراوە گرنگەی کوردستان کە بەرهەمی خوێن و تێکۆشانی خەڵکە لە ڕاپەڕینی ١٩٩١ وەک پەرلەمانی وڵاتان بکرێتە شوینی دەرکردنی یاسا و چاودێری کردنی کارەکانی حکومەت،  نەک مینبەرێک بێت شەڕی نادیموکراسی حزبەکا، کە دەرنجامەکەشی ئەوە بوو کە پەرلەمانی کوردستان لەبەرچاوی جەماوەر ناشیرین بکرێ و پەرلەمانتاری تەنیا لە چاوی مووچە و ئیمتیاز ببینرێت.

 ئاشکرایە کە لە ئێستادا بەغدا بە چەکی بەناو یاسا و دەستور شەڕی هەرێمی کوردستان دەکات، لێرەش لە هەرێمی کوردستان هەموو ئەو هەنگاوانەی لە ڕابردوو نراون کەوتۆتە خزمەتی ئەوەی کە بەغدا لەو شەڕەیدا لە بەرامبەری هەرێمی کوردستان براوە بێت،  ئەوەش وایکردووە مەترسی جدی بکەوێتە سەر بوون و مانەوەی هەرێمی کوردستان.

 بۆیە ئەنجامدانی هەڵبژرادنی پەرلەمانی کوردستان مەترسی لەبار بردنی کیانی هەرێمی کوردستان دەڕەوێنێتەوە، لێرەدا تێدەگەین بۆچی گرنگە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و خەڵکیش لەو پڕۆسەیە بەشداری بکات.

 ماوە بپرسین لەو دۆخە هەستیارەی کە هەرێمی کوردستانی تێکەوتووە ئایا حزبەکان کێ بۆ خولی تازەی پەرلەمان کاندید دەکەن؟

 بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخەی کە ئاماژەمان پێدا حەقە تەواوی حزبەکان و تەنانەت کەسایەتییە سەربەخۆکانیش،  کەسی بڕیار بەدەست و  شارەزا لە بواری یاسایی و سیاسی ببەنە پەرلەمان.  بەم کارەشیان هەم شکۆ و دەسەڵات بۆ پەرلەمانی کوردستان دەگەڕێتەوە هەمیش هەرێم دەبێت خاوەنی پەرلەمانێک کە بتوانێت لە ئاست ئەرکەکانی دابێت لە دەرکردنی یاسا و چاودێریکردنی کارەکانی حکومەت، کە لە ڕابردوودا ئەو ئەرکانەی وەک پێویست جێبەجێ نەکردووە.

 


;