Apora Logo

هەژماری من و دەوڵەتی کوردی

هەژماری من و دەوڵەتی کوردی
سۆزان حەمە تاتەسۆزان حەمە تاتە

سۆزان حەمە تاتە

17/3/2024


سیاسەتی هەڵە لەدوای هەڵەی هەرێمی کوردستان و بیرکردنەوەی شۆڤێنیانەی دەسەڵاتدارانی عیراق، هۆکاری بێهیوایی خەڵکی کوردستانن، ئێمە کە شۆڕشمان کرد هەموو هیوایەکمان بە رزگاری و ئازادی بوو، کە بەهۆی راپەڕینەوە بەشێکی خەونەکانمان بەدیهات و بوونە حەقیقەت، هەر لە ساڵەکانی یەکەمەوە براکان شەڕی ناوخۆیان هەڵگیرساند، دەستیان چووە خوێنی یەکتر، دۆستەکانمان ئەو چاوەڕوانییانەی لە ئێمەیان هەبوو، ئاستی کەمی کرد، ئیتر وردە وردە ئازارەکان زیادیان کرد و برینەکان کولانەوە، بووینە مایەی گاڵتەجاڕی دوژمنەکانمان.

 

سیاسەتی هەڵە دەرەنجامی هەڵە دەدات بەدەستەوە، دوای ٣٣ ساڵی لە حوکمی خۆماڵی، هێشتا خاوەن دامەزراوەی دەوڵەتی نین، گەندەڵیی بەشی زۆری ژیانی حوکمداریمانی داگیرکردووە، بێکاری زۆر بووە، مووچە نییە، خەونی گەورەمان دروستکردنی دەوڵەتی گەورەی کوردستانی بوو، کەچی بەهۆی گرتنەبەری سایسەتی هەڵەوە وا گەڕاوینەتەوە خاڵی سفر.

 

مووچە کە سادەترین مافی هاوڵاتییانە وا بووەتە گرێ کوێرەی نێوان هەرێم و بەغدا، دوای ریفراندۆم زۆر پاشەکشەمان کرد، کەچی وا بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بەهۆی پرسی مووچەوە خەریکە هەرێمی کوردستان کۆتایی پی دەهێنێت، ئەگەر سیاسەتێکی ژیرانە نەگیرێتەبەر دوور نییە بڕیار لەدوای بڕیار بەرانبەر کوردستان دەربکەن، ئیتر خەونی گەورەی کوردستانیان لەبار ببرێت و دوژمنان زیاتر پێمان پێ بکەنن.

 

ئێمە کە خەونی دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانمان هەبوو، وا ئێستا کەوتووینەتە بەردەم ئەوەی هەژماری بانکی رافیدەینمان هەبێت یان "هەژماری من"ی یەکێک لە بانکەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو گەڕانەوە و بچووکبوونەوەی خەونە لەگەڵ ئەوەی جێبەجێکردنی سیاسەتی راستەقینەی شۆڤێنیانەی عەرەبە بەرانبەر بە کورد، هاوکات دەرەنجامی سیاسەتی حوکمڕنانەی هەرێمی کوردستانیشە کە هیوایەکیان بۆ خەڵک نەهێشتووەتەوە.

راستکردنەوەی هەڵەکان ستراتیژی نیشتمانی و چاکسازیی ورد و تەبایی نێوان هێزەکانی کوردستانی دەوێت، دوورگری و تۆمەت بەخشینەوەی نێوان هێزەکانی هەرێمی کوردستان نابێتە دەرفەتی چارەسەر، با لەم بارودۆخەدا بەرژەوەندیی کوردستان بخرێتە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانەوە، بۆ ئەوەی خەونی گەورەی نەتەوە نەبێتە قوربانی ملهوڕی و سیاسەتی حزبیانە و سەد ساڵ نەگەڕێینە دواوە.

;