ئەگەر مرۆڤ خۆی تەرخانبکات بۆ وەڵامی ئەو هەموو نائاوەزیەی بەرپرسانی کوردستان، دەبێت تەمەنی نوح داوا بکات، ئەوانەی کەدەڵێن پارەو موچە چیەو خەڵک لەبرسا نەمردوە، هەریەکەو بای هەزار ساڵ گەندەڵی و دزی و فزیان کردووەو هەرچی نەشێ کردویانە بۆئەوەی بۆ دە نەوەی داهاتوشیان بخۆن وبڕێن و بخەون، ئەوان ئاگایان لەوپاکەوانە نیە کە موچەکەی نەبێ دەبێ دەست پانبکاتەوە، ئاگایان لەوهەموو دەرچووەدانەمەزراوەی زانکۆو پەیمانگایانە نیە، کەڕوویان نایەت داوای هاوکاری لەدایک و باوکیشیان بکەن، ئەوان لەبری ئۆتۆمبیلی دوامۆدێل فڕۆکەو لەبری جادەی پڕتاسەو کەندو لەند جادەی تایبەت و کارەبای فول و زانکۆی تایبەت و لەماڵەکانیاندا مەلاوانگەو هۆڵی وەرزش و ساوناو باڕو، سینەماو هەرچی دەڵێی هەیانەو دێن باسی ئازادی بێ نان بۆ خەڵک دەکەن، وەک ئەوەی خەڵک نەزانێ سی و سێ ساڵە ئەوان چی دەبەن و چی دەدزن، ئەوان ڕۆژگارێ ئەو تەحین و دۆشاوەشیان دەدزی کەهاوپەیمانان بۆ خەڵکیان دەهێنا، ئەو کاوجۆیەشیان دەخوارد، کەڕێکخراوێک بەخێر بۆ گوندە وێرانەکانی دەنارد، ئازادی ڕووت بەبێ قوت درۆیەکی گەورەیە، بڕۆن سەیری خوان و گیرفانی هەژارەکان بکەن، نەک خوان و گیرفانی خۆتان.
باسی ئازادی بۆ برسی قسەی قۆڕ زیاتر نیە، نەخۆش و بەلەنگازو پێ پارەو دەربەدەر چی لەو ئازادیە بکەن کەتۆ بەویستی خۆت چوار چێوەت بۆ کێشاوەو تەنها لەوێدا قەبوڵی دەکەی کەتۆ گەورەو سەردار بیت و هیچ قسەیەک لەقسەتا نەکرێت، تۆ پێت وایە ئێمە لەنرخی ئازادیە ساختەکەی تۆ ناگەین.
ئێمە ئێستا تاریکی دەخوێنینەوە، دەزانین لەم سەردەمەداو لەنێو تاریکیەکی نوتەکدا چی دەگوزەرێ و کێن حاکمە نهێنیەکانی نێو ئەو تاریکیە،ئێمە ئیتر خەڵکانی بێ ئاگاو کزۆڵە نین، دەزانین هەر ئێستا لەمۆسکۆ پۆتن بیر لەچی دەکاتەوە، لات وایە ناتوانین خەیاڵی خۆێنین و خۆڵاوی تۆ بخوێنینەوە، ئازادیەکەی تۆ لەوێدا دادەخرێت کە جیاواز لەبینینی تۆ شتەکان ببینین، ئازادیەکەی تۆ دەتەوێ ئێمەی پێ فری بدەی ماڵە باجێنەی دەستی خۆتەو هیچی تر.
خەڵک پێویستی بەقوت و موچەیە دواتر ئازادی ڕاستینە، ئازادی بئ کۆت و بەندی دەسەڵات، ماخوداش نانی نەخستوەتە پێش ئازادیەوە، وەک چۆن ئێمەش دەڵێین نان و ئازادی،کەمێک لەبەهەشتەکەی خۆت وەرە دەرەوەو سەیر ئەو دۆزەخە بکە کەبەناوی ئازادیەوە بۆ خەڵکت چێ کردوە.