Apora Logo

هەولێر لە دوای بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی

هەولێر لە دوای بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی
هەندرێن شێخ راغبهەندرێن شێخ راغب

هەندرێن شێخ راغب

24/2/2024


(خوێنەری بەرێز مەبەستم لە هەولێر واتە قەوارەی هەرێمی كوردستان و پایتەختەكەیەتی وەك ناوەندی سیاسی كوردی عێراق).

هەولێر لەبەردەم چوار فشاری سەخت دایە، توركیا لەچەند روویەكەوە بەردەوام فشار لەهەولێر دەكات، یەكەمیان دابڕینی هەولێرە لەوەی كاریگەری لەسەر باكوری كوردستان هەبێت، دووەم دابڕینی پەیوەندی پەكەكەو هەولێرو بە شەڕدان و ئاژاوە نانەوە لەنێوانیان واتە نەبونی پەیوەندی بزوتنەوەی رزگاری نیشتمانی باكورو هەولێر. سێیەم دابڕینی هەولێر لەبەرەی شیعەی عێراق و دەوڵەتی ئێران. چوارەم بە پاشكۆ كردنی ئابوری هەولێر لەبەرامبەر ئابوری توركیا. پێنجەم دابڕینی هەولێر لە رۆژئاوای كوردستان و دروست كردنی دوژمنایەتی نێوان پەیەدەو یەپەگەو هەولێر. شەشەم فشاركردن لەهەولێر سەبارەت بە ئیدارەدانی كەركوك و لەبەرچاوگرتنی خواستی ستراتیژی توركیا لە كەركوك. توركیا هەموو ئەم دۆسیانەی سەركەوتوانە بەرامبەر هەولێر جێبەجێكردوە.

فشاری دووەم ئێرانە، ئێران لە چەند لایەكەوە فشار لە هەولێر دەكات، یەكەم ئێران نایەوێت هەولێر لە توركیا نزیك بێت، دووەم ئێران نایەوێت هەولێر لە ئەمریكاو ئەوروپاو بەرەی رۆژئاوا نزیك بێت، سێیەم هەولێر نابێت دژی هیچ بڕیارو سیاسەتی حوكمی شیعەكانی عێراق بێت، چوارەم دەبێت هەولێر لەبەرەی مقاوەمەی ئیسلامی نزیك بێت و رێگر نەبێت لە فراوانخوازی و چالاكیەكانیان. پێنجەم دەبێت هەولێر بەئاشكرا دژی ئیسرائیل بێت و تەرەف بێت. شەشەم نابێت هەولێر هیچ جۆرە پەیوەندیەكی لەگەڵ رۆژهەڵاتی كوردستان هەبێت. حەوتەم دابڕینی هەولێر لە پەیوەندیەكانی لەگەڵ تەواوی حزب و بزاڤی چەكداری و سیاسی رۆژهەڵاتی كوردستان و دروستكردنی دوژمنایەتی لەنێوانیان. هەشتەم رێگری نەكردن لە هیچ چالاكیەكی بازرگانی وئابوری ئێران و گوێ نەدان بە گەمارۆكانی سەرئێران. نۆیەم رێگری نەكردن لە هێڵی كەمەرەیی شیعە بەتایبەت لە دوزخورماتوو، كەركوك، شەنگال...هتد. 

فشاری سێیەم، دەوڵەتی عێراقە، عێراق بەدوو ئاراستە فشار لەهەرێم دەكات،ئاراستەی سیاسی و ئاراستەی ئابوری(بیرمان نەچێت موچەخۆرو مامۆستاو فەرمانبەر لەگەڵ ئاراستەی ئابوری بەغدان و داوای مافەكانیان لە بەغدا دەكەن و متمانەیان بە حوكمڕانانی هەرێم نیە). لەهەمان كاتدا لەناو فشارەكانی بەغدا خواست و بڕیارەكانی ئێران هەیە،وە عەقڵیەتی شۆڤێنیەت و عروبەچیەتی و مەركەزیەت و پاشگەزبوونەوە لەدەستورو مافەكانی گەلی كوردیش لای بەغدا وجودی هەیە، سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری عێراق راشكاوانە گوتی باوەڕی بە هەرێمی دیكەو فیدڕاڵی نیە. یەكەم عێراق دەیەوێت ئابوری كوردستان پەك بخات و تێكەڵی بەغدای بكاتەوە. دووەم: هەڵبژاردن وسیستەمی سیاسی وپەرلەمان لەچوارچێوەی ئۆتۆنۆمیەكی مەعقول جێگیر بكات. سێیەم: گەڕانەوەی سوپای عێراق بۆ سنورەكان و ناوچە ستراتیژیەكانی هەرێمی كوردستان.چوارەم: بەردەوامی دان بە دوو ئیدارەیی و دوو هەرێمی لەنێوان هەولێرو سلێمانی. پێنجەم: لاوازكردنی هەرێم بەجۆرێك بیكاتەوە ئیدارەی موحافەزات. شەشەم: زاڵ بونی گوتاری عێراقچیەتی بەسەر كوردستانی. حەوتەم: كۆتایی هێنان بە پەیوەندییە هەرێمیەكانی كوردو كردنەوەی بەغدا بە سەنتەر. هەشتەم: كۆتایی هێنان بە گرنگیپێدانی نێودەوڵەتی بە كوردو بە محەلی كردنەوەیەكی بچوكی كێشەی كورد لە ناوخۆی عێراق. نۆیەم: بەردەوامی دان بە لاوازكردنی كورد بەجۆرێك كە بتوانن ئاسان هەمواری دەستور بكەنەوەو لە كورد نەترسن. دەیەم: كۆتایی هێنان بە هەیمەنەی كورد لە دروستكردنی دامەزراوەكانی ناو بەغداو جۆری دانانی كابینەو حكومەت و ئیدارە. یازدەیەم: بەستنەوەی سیستەمی هەرێمی كوردستان بە سیستەمی بەغدا، واتە نابێت هەرێمی كوردستان بیروباوەڕێكی جیاوازی سیاسی هەبێت كە عێراق پێی رازی نەبێت. زۆر شتی تر هەیە...

فشاری چوارەم ناوخۆی ماڵی كورد خۆیەتی..هەولێر لەناوخۆیدا دابەش وپڕلەناكۆكیە. فشارەكانی ناوخۆ لەهەر سێ فشارەكانی تر مەترسیدارترن بۆ كورد. ئەوەی وایكرد دادگای فیدڕاڵی بڕیارەكان بەمجۆرە لەسەر هەرێمی كوردستان بدات، هۆكارەكەی فشاری ناوخۆییە، ئەوەی لە بەغدا روو دەدات ناكۆكی كوردی-كوردییە نەك كوردی عەرەبی، بەڵام سپۆنسەرەكەو براوەی یەكەم بەغداو حكومەتی ناوەندە بە موبارەكەی دەوڵەتانی ئیقلیمی. چونكە ئەوەی لە دادگای فیدڕاڵی سكاڵای تۆماركردووە لەسەر كێشەكانی ناوخۆی هەرێم، هێزو لایەن و كەسایەتیە كوردەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستانن. كە كورسی كۆتاكان نەما، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن نەما، یاسای هەڵبژاردن نەما، وە مەسەلەی موچە بەمجۆرە بڕیاری لێ درا، هەموی لەسەر سكاڵای ناوخۆی كوردی بووە، كورد نەیتوانی لەهەولێر ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بنێت:

-نەیتوانی لەرێگای پەرلەمانی كوردستان، یاسای هەڵبژاردن و كۆتاكان و پێكهاتەكان و جۆری بازنەكانی هەڵبژاردن یەكلایی بكاتەوە.

-ئەنجومەنی دادوەری كوردستان، هیچ رۆڵی نەبینی لە چۆنیەتی یەكلاییكردنەوەی دۆخی یاسایی و سیستەمی ناوخۆی هەرێم.

-حكومەتی هەرێمی كوردستان، نەیتوانیوە دۆخی موچەو بودجەو داهات و خەرجیەكانی بەجۆرێك ئاراستە بكات، كە رای گشتی بەمجۆرە هانا نەبات بۆ بایكۆت و تۆماركردنی سكاڵای لە بەغدا. 

بۆیە ئەوەی وایكردووە بەغدا بەمجۆرە بڕیار بدات، شكستی پرۆسەی سیاسی ناوخۆیی هەرێمی كوردستانە. تۆ لە هەولێرو سلێمانی خەریكی شەڕە حیزب و شەڕە گەڕەك بیت و هیچ پلانێكی ستراتیژی نیشتمانیت نەبێت، كۆ دەنگی كوردستانیت نەبێت، خاوەنی چەترێكی ئازادی رادەربڕین و دیموكراسی گونجاو نەبیت، هەڵبژاردن ئەنجام نەدەی، دەزگا نیشتمانیەكانت شەرعیەتیان نوێ نەكەیتەوە لەرێگای دیموكراسی و دەنگدان، هێزی نیشتمانی دروست نەكەیت و پێشمەرگەت بەسەر دەیان ناونیشاندا دابەشكردووە،دەیان ناكۆكی تر..بێگومان هەرئەوەی لێ چاوەڕێ دەكرێت كە بەغداو ئێران و توركیا بێن ببنە حەكەم و ئەوان بڕیارت بۆ بدەن. ئێستاش باشترین چارەسەر ئەوەیە:

-دەستورێكی مەدەنی هاوچەرخ بۆ هەرێمی كوردستان دابنێن.

-داهات و خەرجی وا شەفاف بكەن متمانەی تەواوی هاوڵاتیان بگەڕێنێتەوە.

-دیموكراسی بن و لەكاتی خۆی هەڵبژاردن ئەنجام بدەن و دۆڕان و براوەی هەڵبژاردن قبوڵ بكەن.

-هێزێكی نیشتمانی كوردستانی دروست بكەن.

-ناكۆكی هەرە قوڵی خۆتان لە هەولێرو سلێمانی چارەسەر بكەن.

-پێكەوە لە بەغدا لەرێگای فراكسیۆن و پۆست و پلەكانتان خزمەتێكی نیشتمانی و كوردستانی بكەن.

-لەكەركوك و موسڵ و دیالەو سەلاحەدین پێكەوەبن بۆ كورد، نەك شەڕە كوتلەو حزب و گەڕەك.

-پێكەوە ئەجێندایەكی تازەی ئیقلیمی دابڕێژن، كورد هەمووی پێكەوە، هەوڵ بدەن قسەی تازەو نیشتمانی و ستراتیژی لەگەڵ دەوڵەتانی هەرێمی بكەن، ئەم دابەشكارییە خاڵی لاوازی هەرێمە، نەك هێز.

-بگەڕێنەوە بۆ ئازادی و را دەربڕین و دیموكراسی. من دەمێكە گوتومە بۆ كوردستان دیموكراسی لە بۆمبی ئەتۆمی بەهێزترە.

-بەهیچ شێوەیەك هیچ جۆرە قسەو گوفتارو هاشتاگێك دژی هیچ پێكهاتەو نەتەوەو گروپێك و كۆتایەك بەكارمەهێنن، ئێمە خۆمان مەزڵوم و چەوساوەین، نابێت گوتاری شۆڤێنی و رەگەزپەرستی لەناومان گەشە بكات. 

ئەگەر بڕیارە كیانێكی نیشتمانی دروست بكەین، خاوەنی هێزو توانایەكی سیاسی دروست و سەركەوتوو بین، پێویستە هەنگاوی ستراتیژی بنێین. ئەگینا بڕیارەكانی داهاتووی دادگای فیدڕاڵی زۆر لەوە حەدی ترن بەرامبەر هەرێم.

;