Apora Logo

پێکهاتەکان و فۆرمێکی نوێی بەشداریکردنی سیاسی

پێکهاتەکان و فۆرمێکی نوێی بەشداریکردنی سیاسی
سۆزان حەمە تاتەسۆزان حەمە تاتە

سۆزان حەمەتاتە

24/2/2024


کێشەی پێکهاتەکان کەوا ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی قووڵترکردەوە، دەکرا نەگاتە ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵی بیکاتە دەرفەت و لە دژی هەرێمی کوردستان بەکاریبهێنێتەوە، بەپێچەوانەوە ئەو کێشەیە دەکرا لە گفتوگۆ و رێککەوتنی نێوان پارتی- یەکێتی و نوێنەری پێکهاتەکاندا بڕیاری لەبارەوە وەربگیرایە.

 

لێرەدا سێ لایەنی هەیە:


یەکەم: جەوهەری کێشەکە، بەشێک لە نوێنەر و حزب و رێکخراوی پێکهاتەکان خۆیان بوون، کە بێ لایەنانە سیاسەتیان نەکرد و نەشیان توانی ببنە نوێنەری راستەقینەی پێکهاتەکەی خۆیان.


دووەم: پارتی دیموکراتی کوردستان خراپ مامەڵەی لەگەڵ واقیعی پێکهاتەکان کرد، راست و چەپ بۆ سوودی خۆی بەکاریهێنان، ئەوەش ئەو خاڵە سەرەکییە بوو کە زۆرینەی هێزەکانی لە دژی بوونی ئەو 11 کورسییە بەکارهێنا و سەرەنجام سفر بەدەست لێی چوونە دەرەوە.


سێیەم: سکاڵاکەی یەکێتی بۆ کەمکردنەوەی کورسییەکان نەبوو، بەڵکو بۆ دوو مەبەست بوو، یەکەمیان ئەو ١١ کورسییە بەسەر ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا دابەشبکرێت، دووەمیشیان لەو رێگەیەوە پێکهاتەکان لە بندەستی پارتی بهێنرێتە دەرەوە، بەڵام بەهۆی پەرتەوازەیی و رێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتییەوە، دادگای فیدراڵی سوودی لەو ناکۆکییە وەرگرت‌و 11 کورسی پێکهاتەکانی بەیەکجاری لابرد.


بڕیارەکە لەڕووی سیاسییەوە بۆ ناوبانگی هەرێمی کوردستان باش نییە، چونکە یەکێک لە هەرە لایەنە بەهێزەکانی هەرێمی کوردستان ئەو تایبەتمەندییانە بوو بە پێکهاتەکان درابوو، لەگەڵ ئەوەشدا هۆکاری سەرەکی نەمانی کورسییەکانیان خۆیان بوون، بەو پێیەی نەیانتوانی نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان بکەن و بوونە دەمڕاستی خەڵکی دیکە، ئەوەش لە جێبەجێکردنی ئەرکی خۆیان و نوێنەرایەتییە راستەقینەکەیان دووری خستنەوە.


بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی تانەی لێ نادرێ، ئەوە بووە ئەمری واقیع و پێویستە هەموو هێزەکانی هەرێمی کوردستان پێوەی پابەندبن، بەڵام دەکرێت بەشێوازی دیکە، بەتایبەت لە بەشداریی حکومەت لەسەر ئاستی وەزارەت و فەرمانگەکان و هەر دامەزراوەیەکی دیکە قەرەبوویان بۆ بکرێتەوە، هەروەها رێگەی دیکە ئەوەیە هێزەکانی هەرێمی کوردستان زەمینەسازی بکەن بۆ ئەوەی پێکهاتەکان لە رێگەی لیستی سەربەخۆی خۆیانەوە یان هاوپەیمانێتیکردن لەگەڵیان نوێنەری خۆیان بگەیەننە پەرلەمانی کوردستان لە هەڵبژاردنی داهاتوو.

دەکرێ پێکهاتەکان لەسەر ئاستی سیاسەتکردن، بەشداریی سیاسی و هەڵبژاردنەکان، دروستکردنی هاوپەیمانێتی و چۆنێتی خزمەتکردن بە پێکهایەکانیان لەمەودوا جیاوازتر سیاسەت بکەن و نەبنە پاشکۆی سیاسی هیچ پارت و دەوڵەت و هێزێکی سیاسی.


;