Apora Logo

بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیی چیمان پێدەڵێت!؟

بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیی چیمان پێدەڵێت!؟
کامران مەنتککامران مەنتک

د. کامران مەنتک

24/2/2024

بەرلەهەموو شتێك دەبێت خەلكی كوردستان ئەو راستییە بزانێت، كە دادگای فیدڕاڵیش وەك زۆربەی دامودەزگاكانی تری ئێراق لەسەر بنەمای دابەشكاری حیزبی دامەزراوە، واتە ئەو كەسانەی ئەو دادگایە بەڕێوەدەبەن، بەهۆی پسپۆڕی وشارەزاییانەوە ئەو پۆستانەیان وەرنەگرتووە، بەڵكو لەلایەن هێزە جیاوازەكانی شیعەو كوردو سوننەوە دانراون، كەواتە ئەوانە بێدەستی خۆیان دەبێت ئەو سیاسەتانە جێبەجێبكەن، كە داوایان لێدەكرێت، دوا لێدوانی سەرۆكی دادگای فیدراڵیش دەربارەی دروستكردنی هەرێمی تر لە ئێراق ئەو راستییە بە تەواوی دەسەلمێنێت، كاتیك گوتی هەرێمی كوردستان وەك واقعێك دروست بووە ناكرێت هەرێمی تر دروست بكرێت، دیارە مەبەستی لە هەرێمی سوننە بوو، لەبەرئەوەی دەبێتە هۆی پارچەبوونی ئێراق، هاوكات ئاماژەی بەوە كرد، ئەو قۆناغەی دەستوری تیا نوسراوەتەوە ئێستا گۆراوەو دەرفەتی دروستكردنی هیچ هەرێمێكی تر لە ئێراقدا نەماوە، ئەوەی ئەلف وبێی یاسا شارەزا بێت بە ئاسانی هەست بەوە دەكات، كە سەرچاوەی ئەو بیركردنەوەیە ناسیونالێتیكی توندڕەوانەیەو مەرامی سەرەكی بە مەركەزكردنەوەی ئێراقە!.

 

هیچ دادگایەكی بێلایەن ناتوانێت باسی گۆڕانكارییە سیاسیەكان بكات وئاماژە بەوە بكات، كە ئەو دۆخەی دەستوری تیا نوسراوەتەوە لەگەڵ ئێستا جیاوازە، لەسەر هەر دادوەرێكی پیشەیی واپێویستە مامەڵە لەگەڵ ئەو دەقە یاساییانە بكات، كە ئێستا لەبەردەستە، یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەوەی لەبەردەست وبەرچاوە دەكات، نەك لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییە سیاسیانەی، كە ئەگەری روودانیان هەیە یاخود نیانە، بەواتایەكی لەگەل رای كەسی خۆدی دادوەرەكە خۆی(القانون یتعامل مع الڤواهر ولیس مع النیات)، لەو روانگەیە ئەگەر تاكی كوردی پێی وابێت دادگا بێلایەنەو لەبەرچاوی رەشی ئەوان هەندێك بڕیاردەدات، ئەوە دەبێت لەوە دڵنیا بێت بەرلەهەموو كەسێك خۆی فریو دەدات!.


ئەو بڕیارانەی لەم دواییە دادگای فیدڕاڵی دەریكرد، راستە داوای بەشێك لە خەڵكی كوردستانی دەربارەی مووچە بەجێهێنا، كە بەداخەوە ئێستا بۆتە بابەتی سەرەكی خەڵكی كوردستان ولەروانگەی مووچەوە سەیری دۆخی خۆیان و وڵاتەكەیان، كە ئەمەش جێگەی داخەو بەرپرسی یەكەم لەم دۆخە ئابوری ودەروونیە ئەوحیزبە دەسەڵاتدارانەن، كە دۆخی خەڵكی كوردستانیان بەم رۆژە گەیاند، هاوكات ئەو شەڕە دەروونی میدیاییەیە، كە دوژمنانی كورد، بەداخەوە لەرێگە میدیایە كوردییەكانەوە دژی كۆمەڵگەی كوردی دەیكەن، جا ئەمە لە نەزانی بێت یاخود لەزۆرزانی.


دادگای فیدڕاڵی لەكاتێكدا كەوتۆتە كار، كەئەو هێزانەی كوردستان هیچ هیوایەكیان بۆ تاكی كورد نەهێشتۆتەوە، ئەوان دەزگا شەرعییەكانی هەرێم، وەك پەرلەمان وئەنجومەنی پارێزگاكان كۆمسیۆنی هەڵبژاردیان خستە تابوتەوە وئێستاش دادگای فیدڕاڵی بزمارەكە لە تابوتەكە دەدات، رەنگ بێت لێرەدا خەڵكێك بڵێت، كە ئەو دەزگایانە خۆیان لەرێگەی ئەو حیزبانەوە لە پەل وپۆو چرووك كرابوون، مانیان یا نەمانیان ئێستا بۆ كۆمەڵگەی كوردی وەكو یەكە، تەنانەت زۆرینەی خەڵكی كوردستان پێیان وایە ئەو دەزگایانە جگە لەوەی ببوونە دەزگایەكی حیزبی رووت وزۆر ساویلكانەو نابەرپرسانە مامەڵەیان لەگەڵ دەكرا، ببوونە بارێكیش بەسەر خەڵكی كوردستان، بۆ نمونە دوا خولی پەرلەمان گەیاندرایە چ ئاستێك!.


ئەو دەمەتەقێ وبۆچوونانەی خەڵك راستییەكی ئێجگار زۆری تیایە، بەڵام هاوكات كورتبینیەك ترسناك لێدەخوێنریتەوە، گەلێك، كە ئەو هەموو قوربانیەی دابێت نابێت ئاست بیركردنەوەی گەیشتبێتە ئەو ئاستە، سەرباری ئەو شەڕە فرەڕەنگ وزۆرانە لەگەڵیدا دەكرێت، دەبێت خەڵكی كوردستان خودی ئەو دەزگایانەو ئەو حیزبانەی ئەو دەزگایانەیان بە خراپ بەكارهێناوە، لەیەكتر جیابكەنەوە، دەزگاكان دەزگای شەرعی و نیشتمانین ودەبوایە كورد خۆی بیر لە چاك كردنەوەیان بكاتەوە، نەك رێگە بە دوو حیزبی ستۆك بدات، هەركاتێك گومان بكەن لە هەڵبژاردن ئەگەری سەركەوتنیان كەمە، ئەوا یا سەرۆكی پەرلەمان شار بەدەر بكەن، یاخود ماوەی پەرلەمان هێندە درێژ بكەنەوە تا ئەو كاتەی دەرفەت دەدەنە دادگای فیدڕاڵی دوا بزماری لێبدات.


جێگەی داخە سەرباری ئەوەی هێزە ئێراقییەكان، خۆیان لە دۆخێكدا نین، ئێرەییان پێببردرێت، بەڵام لەژێر رۆشنایی ئەجێندایەكی هەرێمی، زۆر زیرەكانە گەمە لەسەر ململانێكانی هەرێم دەكەن، دیارە كەم زانی كورتبینی هێزە كوردییەكان وایكردووە بەغدا زۆر بەئاسانی بتوانێت یەكێكیان دژی ئەوە تریان بەكاربێنێت، دۆخەكە بەو ئاڕاستە سروشتییە دادەبات، كە ئێستا پیایدا تێدەپەڕێت.


سەرباری ئەو شكستە گەورانەی، ئەمڕۆ كورد لەباشوور دوچار هاتووە،، بەڵام دەكرێت ئەو شكستانە بكرێنە دەرفەتێك بۆئەوەی بەشێوەیەكی قووڵتر بیر لەستراتیژی نەتەوەیی خۆی بكاتەوە بەخۆیدا بچێتەوە، دەبێت رۆشنبیرە راستەقینەكان وخەمخۆرانی ئەم نیشتمانە هەتككراوە، رۆڵی زیاتر وكاریگەرتر بگێڕن لە كێشانی نەخشەیەكی تربۆ ئایندەی وڵاتەكەیان، بۆئەوەی بەلایەنی كەم ئەوەی دەتوانرێت رزگار بكرێت، رزگار بكرێت، جێگەی داخە گەیشتووینەتە قۆناغێك، كەبەهۆی ئەو سیاسەتە سەقەت وبەرژەوەندیخوازانەی حیزبە سەرەكی وتەنانەت بەناو ئۆپۆزسیۆنینیەكاش گرتیانە بەر، هەر ئەوەی لێ چاوەڕوان دەكراو ئەو ئەنجامەی لێ بەرهەم دەهات ولەماوەی بیست ساڵی رابردوودا دەیان وتارمان لەمبارەیوە نوسیوەو ئاماژەمان بەم مەترسییانە كردووە، بەڵام هێشتا دەرفەتێك ماوە، بۆئەوەی كورد بەیەكجاری بێ هیوا نەبێت، ئەگەرچی ئەوەی چاوەڕوان دەكرێت لە ئایندەیەكی نزیكدا رووبدات، رەنگ بێت كاریگەری لە بڕیارەكانی داگای فیدڕاڵی زۆر زیاتر بێت و زیانی گەورەتر بە هەریمی كوردستان بگەیەنرێت!

;