دوو سەردانی، دوو وەفدی، باڵای سەربازی توركیا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان. لەمساڵدا (2024) پەیوەندی هەیە بە دۆسیەی:
- پارێزگاری كەركوك.
- هێڵی شەمەندەفەری (عێراق - توركیا).
- بەشە ئاوی عێراق.
- ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و عێراق لە ڕێگای توركیاوە.
بەڵام هەرچوار دۆسییەكە، پەیوندی هەیە بە پارتی كرێكارانی كوردستانەوە.
سەردانی (22-23ی ئابی 2023)ی هاكان فیدان وەزیری دەرەوە و سەرۆكی پێشووی دەزگاى (میت) بۆ عێراق و كۆبوونەوە لەگەڵ حكومەت و سەرۆك كۆمار و هەموو حیزبە سیاسییە عەرەبی شیعە، سوننە و توركمانەكان، جگە لەوەى تەنها لە ماوەی یەك مانگی ڕابردوودا (18) گەشتی بۆ وڵاتان كردوە و دیداری خاریجی ئەنجامداوە.
سەردانی دووهەمیش ڕۆژانی (5-6/2/2024) بۆ بەغدا و هەولێر لەلایەن یەشار گولەر وەزیری بەرگری و مەتین گوراك سوپاسالاری توركیا لە سەردانەكەیان بۆ هەولێر، بەڵام ئامادە نەبوون شۆڕش ئیسماعیل وەكو وەزیری پێشمەرگە بناسێنن.
سەردانی سێهەمیش؛ سەرۆكی دەزگای (میت) بۆ بەغدا و هەولێر (ئیبراهیم كالین).
دۆسییەی تازەی توركیا، بە پلەی یەكەم لەسەر پارێزگاری كەركوكە، كە توركیا لە كەركوك بە پێچەوانەی ئێران، زۆرترین دۆست و هەژموونی هەیە.
واتا، (كورسی توركمانەكان، سوننەكان و پارتی دیموكرات...) دەتوانێت كاریگەری هەبێت لە دانانی پارێزگار، كە هێشتا لانیكەم لە سەردانەكانیان ڕازی نیین بە پارێزگارێكی كوردی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، هەرچەندە حەشدی شەعبی بە كرداری حاكمی كەركوكن، بەڵام لە ئەنجوومەنى پارێزگا، هەژموونى تورکیا کاریگەرى زۆرى هەیە.
واتا، لە حاڵەتی ڕازیبوونی توركیا بۆ پارێزگارێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پەیوەستەگی هەیە بە ملدانی یەكێتی بۆ مەرج و داواكانی ئەنكەرە، كە هێشتا ڕوون نییە، بەڵام مەسجی (ڕێگایەك بدۆزینەوە بۆ گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی) كە مانگانە سەدوپێنج گەشتی نێوان (سلێمانی و توركیا) بەڕێوە دەچێت، وەزیری بەرگری وای وت، ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ نزیكبوونەوەی ئەنكەرە و سلێمانی، بەڵام چۆن و كەی و بە چ شێوەیەك؟
خاڵی دوەم و سێهەم؛ پەیوەندی بە مامەڵەی ڕاستەوخۆی نێوان بەغدا - ئەنكەرەوە هەیە، چ دۆسییەی هێڵی شەمەندەفەر و چ دۆسییەی ئاو، پڕۆژەی هێڵی ئاسنی كە كەنداو بە توركیاوە دەبەستێتەوە، پاش كۆبوونەوەی (27ی ئازاری 2023) لە بەغدا، جیالەوەی بڕی (17) ملیار دۆلار خەرجییەتی بەدرێژایی (1200)كم، هەرچەندە بۆ عێراق پڕۆژەیەكی ئابووری زۆر گرنگە، بەڵام ئێرانییەكان گومانیان لە پڕۆژەكە هەیە، كە ناوچە سونییەكان بەهێز دەكات لە ڕووی ئابوورییەوە و لەڕووی ئەمنیشەوە جێگەی گومانە بۆیان. كە حكومەتی عێراقی پێویستی بە هەردووكیان هەیە، بۆ وڵاتەكەی و گەشەی ئابوورییەكەی.
ئەنكەرە هەردوو فایلەكەی خستوەتە بەردەم عێراق و ئامادەشە جێبەجێیان بكات، بەڵام بەمەرجی ڕێككەوتنی بەغدا، بە دەركردنی پارتی كرێكارانی كوردستان، واتا دەركردنیان لە شەنگال و موسڵ، دژایەتی لە قەندیل. كە عێراقییەكان هێشتا نە بەڵێنی وایان داوە، ڕەنگە سەخت بێت ئەو كارە بكەن لەبەر ئێران.
بەڵام خاڵی گرنگ كە پەیوەستەگی هەیە بە (هەولێر و بەغدا) لەگەڵ ئەنكەرە ڕێگاپێدانی عێراقە بە سەرلەنوێ ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركوك و شوێنەكانی تر بۆ توركیا، كە بەغدا پێی خۆش بوو نەوت نەڕوات، بۆ شكستی ئابووری هەرێم، توركیاش پێی خۆشە ڕێگە نەدات بەهۆی ملنەدانی عێراق بە دژایەتی پارتی كرێكاران.
بەڵام ئێستا ئەنكەرە لەم سەردانەیدا لانی كەم داوا دەكات، لەڕێگای فرۆكەخانەكانی كەركوك و بەغدا ڕێگری لە هاتووچۆیان بكرێت و بەغدا لەناو پەیوەندی (تاران-قەندیل) بێلایەن بێت و بێتەدەر لە پردی پەیوەندی (تاران، بەغدا و ڕۆژئاوا).
بۆ داهاتووش عێراق هەنگاوی كرداری بنێت دژی قەندیل، بەڵام دیسان سەختە عێراق بەڵێن بدات و بڕیار بدات.
سەرەڕای هەموو ئەو فایلانە، بەڵام توركیا بڕیاری داوە، سەرەتای بەهار چەند ئۆپەراسیۆن ئەنجامبدات بەمشێوەیە:
یەكەم: ئۆپەڕاسیۆنی بەهارە: توركیا بەنیازە لە بەهاری ئەمساڵدا سێ ئۆپەڕاسیۆنی زەبەلاح ئەنجامبدات:
1. پلانى ئۆپەڕاسیۆنی یەكەم، هێرشەکان لە خواكورك بۆ خنێرە بۆ قەندیل و دواتر ئاسۆس دەگرێتەوە، چ هێرشی زەمینی و چ هێرشی ئاسمانی و هەواڵگری.
2. پلانى ئۆپەڕاسیۆنی دوەم، لە شەنگالەوە بۆ گارا.
3. پلانى ئۆپەراسیۆنی سێهەم، بەردەوامى هێرشەکان بۆ سەر ناوچەى زاپ، ئامێدى، ئاڤەشین و برادۆست.
دوەم: پلان و ئەجێندایەكی تری توركیا، بریتییە لە دروستكردنی سێ بەنداو لە ناوچە جیاجیاكانی نێوان باشور و باكور بۆ ڕێگری هاتووچۆی گەریلا بەم شێوەیە:
1. دروستكردنی بەنداوێك لە ئاڤەشین.
2. دروستكردنی سێ بەنداو لەسەر زاپ و دروستكردنی سێ پردی پەڕینەوە بۆ دابڕینى ناوچەى هاتووچۆى گەریلا و چالاکییەکانى لە نێوان (چەلێ) لە باکور و (دێرەلووک) لە باشور، (گەڤەر) لە باکور و میرۆس (شیلادزێ) لە باشور، (شەمزینان) لە باکور و (ناوچەى شیروان و بارزان) لە باشور.
3. دروستكردنی بەنداوێك لە حاجی بەگ.
جگە لەو پلانانە: وەفدەکەى تورکیا، خاڵى سێیەمیشیان باسکردوە، کە بریتیە لەوەى حکومەتى عێراقى (ڕێککەوتنى شەنگال)ى سەردەمى کازمى نێوان بەغداد و هەولێر بۆ ئامادەبوونى بلاسخارت نوێنەرى پێشووى (UN) بخاتە بوارى جێبەجێ کردنەوە، بە چۆڵکردنى هێزى چەکدار و ناڕەسمى لە شەنگال، کە مەبەستیان دەرکردنى هێزەکانى (یەبەشە - یەکینەکانى پاراستنى شەنگال)ە و تەسلیم کردنیانە بە پارتى، بەڵام حکومەتى سودانى ڕازى نەبوە بەو مەرجە، چونکە گەر وابێت، دەبێت (حەشدى شەعبى)ش لەوێ دەربکەن، کە ئەوەش مەحاڵە.
خاڵى گرنگى جیا لەوانە، وەفدەکەى تورکیا لەگەڵ حکومەتى عێراق داوایکردوە، چۆن بەغداد و هەرێم لە ساڵى ڕابردوودا، ڕێککەوتنێکى ئەمنیان لەگەڵ ئێران واژۆ کرد بۆ دەرکردنى هێزەکانى (کۆمەڵە، دیموکرات، پژاک، خەبات) لە ئۆردوگاکانیان و چەککردن و دروستکردنى کامپ و داماڵینى چەک لێیان لە بەرامبەر (پەکەکە)ش ڕێککەوتنى وا واژۆ بکرێت، هەموو بنكە و بارەگاكانیان دابخرێت.
بەڵام حکومەتى سودانى بە وەفدەکەى ڕاگەیاندوە، (پەکەکە) هێزێکى چەکدارە لە شاخەكانی سنوری توركیایە، نە ئۆردوگای هەیە و نە لە ناوچەکانى عێراق و کوردستان کامپی عەلەنی و ئاشكرایان هەیە.
خاڵێکى ترى گرنگ، تورکیا پێشنیارى کردوە، دەروازەیەکى نوێى بازرگانى لەگەڵ عێراق لە سێگۆشەى عێراق، تورکیا و سوریا لە ناوچەى (دەرێ خاپور) بکەنەوە، كە وەكو بەدیلی ئیبراهیم خەلیل بێتە سەرچاوەی داهات و ئاڵوگۆڕی بازرگانی پێشنیار كراوە بۆ عێراق.
خاڵێکى ترى داواکردوە، ژوورى ئۆپراسیۆنى هاوبەشى بازرگانی و سەربازى (بەغداد و هەولێر) دروستبکرێت، لەهەمانکاتدا دەست بە ناردنە دەرەوەى نەوتى موسڵ و کەرکوکیش بکرێتەوە لە ڕێگاى هەرێمەوە، لەژێر چاودێرى حکومەتى عێراقدا، كە ڕۆژانە (450) هەزار بەرمیل ڕەوانە دەكرا، بەڵام لە (25/3/2023)ەوە بە بڕیاری دادگای پاریس ڕاگیراوە، لەم خاڵەشدا توركیا مەرجی ئەوەیە؛ هاوكاری سەربازی و ئەمنی و هەواڵگری بدەنە توركیا لەشەڕەكانی داهاتوودا.
بەڵام باسى سەرەکى ئەوەیە، ئێران چى دەڵێت؟ لە بارودۆخێكدا كە ئێران لە حاڵێكدایە پێویستی بە دۆستی زۆر و بچكۆلەش هەیە كە لە ناوچەكە دەكوڵێت، ئەوەش دیارە كە ئەمریكا، ئیسرائیل و توركیا لە بەرەیەكدان كە نەیاری ئێرانن.
هەموو ئەو سەردانە یەك لەدوایەكانەی توركیا، فۆكەسی سەرەكی و ئامانجی هەرە گرنگ پەیوەندی هەیە بە پارتی كرێكارانەوە.
ئەنكەرە پێنج ساڵە هەموو هێزی خۆی لە شەڕی قەندیل لە هەرێمەكانی مەدیا، قەندیل، گارا، ئاڤەشین، زاپ و چیای مەتینا و ناوچەكانی تر دژی پارتی كرێكارانی كوردستان تاقی كردەوە و سەدان سەربازی تورك كوژران و شكستی خوارد، هەرچەندە توركیا لە ساڵی (2018 تا ناوەڕاستی 2023)، (6058) هێرشی ئاسمانی و زەمینی لە هەرێم و ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجامداوە، لە پاڵ ئەوەشدا (30) و (3000) سەربازی بە قوڵایی سەد كیلۆمەتر لە خاكی كوردستان و عێراقدا بڵاوكردوەتەوە، بەڵام بە قسەی ئەفسەرە پایەبڵندە خانەنشین كراوەكانی توركیاش بێت ئۆپەڕاسیۆنەكان دژی پەكەكە سەركەوتوو نەبوون.
لە ئاستی سەربازی و مەیدانی شەڕدا، توركیا لەشەڕی گەریلایی و (پڕۆژەی تونێلەكانی قەندیل) كە (760) تونێلی یەكجار قایم و سەخت و كاریگەری بە بری (760) ملیۆن دۆلار لەناو چیا سەختەكان لێداوە، كە لە مێژووی شەڕی پارتیزانیدا وێنەی نییە و هاوسەنگی شەڕەكەی بە قازانجی گەریلا گۆڕیوە و ئەنكەرە تووشی شۆك و سەرسوڕمان بوە لە (شەڕی تونێلەكانی قەندیل) هەربۆیە پار ساڵ (2023) لە یەكێك لە شەڕی تونێلەكان ناچار چەكی كیمیاوی بەكارهێنا.
لە پلانی تازەی توركیاشدا لە (2019-2024) ئۆپەراسیۆنە زەبەلاحەكانی (چنگی پڵنگ، چنگی هەڵۆ و چنگى قفڵ) بە بەشداری دەیان هەزار سەرباز و شەڕی درۆنەكان و (F-16) لە قەندیل شكستی خوارد.
واتا ئەنكەرە لە شەڕی هەواڵگری و شەڕی درۆنەكان و شەڕی زەمنی و تونێلەكانی قەندیل پاشەكشەی گەورەی كرد، بۆیە بەناوی هێناوەتە بەر لایەنی دیبلۆماسی و پەنجەی هاوكاریكردن بۆ (تاران، بەغدا و سلێمانی) ڕادەكێشێت.